ڕۆژی سێ شەممە، ڕێکەوتی (۲٨/١١/۲۰۲۳) خوێندکارانی گرووپی (B) بەشی شیکاری تاقیگەییە پزیشکییەکان بە گەشتێکی زانستی سەردانی (نەخۆشخانەی هەرێم) یان کرد.
ئامانج لەگەشتەکە ئاشنا کردنی خوێندکاران بوو بەشيوەیەکی مەیدانی بە بەشە جیاوازەکانی تاقیگە پزیشکییەکانی نەخۆشخانە وەک بەشەکانی(هیماتۆلۆجی، مۆلیکیولەر بایۆلۆجی، پاراسایتۆلۆجی و بەکتریۆلۆجی).
سەرەتا، سەرپەرشتیارانی تاقیگەی نەخۆشخانە، سیستەمی ڕێکخستن و ئیشکردنی تاقیگەکەیان بۆ خوێندکاران ڕوونکردەوەو جەختکرایەوە کە شوێنی وەرگرتنی سەمپڵی چارەخواز (وەرگرتنی نموونەی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەر شیکارییەکی پزیشکی) گرنگترین بەشی هەر تاقیگەیەکە چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆ و یەکلاکەرەوەی هەیە لە هەنگاوەکانی دواتردا.
لەو بەشەدا، بە وردی چۆنییەتی پێشوازیکردن و گرنگی وەرگرتنی زانیاریی کەسی هەر چارەخوازێک و وەرگرتنی سەمپلی پێویست بۆ خوێندکاران ڕوونکرایەوە.
دواتر، هەنگاو بە هەنگاو بە شێوەیەکی زانستی سەرجەم ئامێر و پێداویستییەکانی ناو تاقیگەکانیان لە نزیکەوە بە خوێندکاران ناساند و گرنگی و ڕۆڵی هەر ئامێرێکیان لە شیکارییە پزیشکییەکاندا خستە ڕوو.
لە کۆتاییدا، بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی خوێندکاران، کورتەباسێک لەسەر جۆرە جیاوازەکانی تاقیگەی پزیشکی لەجیهاندا کرا و گرنگی و جیاوازی هەر جۆرێکی تاقیگەیان بۆ ڕونکرایەوە.