سێشەممە رێکەوتی ١/١٠/٢٠٢٤ بەڕێز (د. مؤمن یاسین محمدامین) مامۆستا و توێژەری زانکۆی جیهان سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێز (م. عومەر ئەنوەر- سەرپەرشتیاری هۆبەری توێژەران و چالاکییەکانی چاکسازی گەورانی سلێمانی) سیمینارێکی پێشکەش کرد بە سزادراوانی زیندانی چاکسازی گەورانی سلێمانی.
لە سیمینارەکەدا کە لە هۆڵی کتێبخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی بەڕێوەچوو و زیاتر لە ٢٥٠ سزادراوی چاکسازی گەورانی سلێمانی تیایدا بەشداربوون بابەتێک بە ناونیشانی (ژیاندۆستی و پێکەوەژیان؛ پێداچوونەوەی فیکری پێویستیی و خزمەتە!) پێشکەش کرا.
لەسەرەتای سیمینارەکەدا د. مؤمن یاسین محمدامین، ئاماژەی بە چەمکەکانی جوانبینی، ژیاندۆستی و پێکەوەژیان کرد و دواتر باسی لە رێگاکانی گەشتن بە جوانبینی و هاوکات باسی لە کاریگەری مرۆڤە باش و جوانبین و ژیاندۆستەکان کرد لەسەر کۆمەڵگە و ئاماژەی بەوەکرد کە بنەمای مرۆڤ جوانبینیە و مرۆڤ لە خۆیدا زادەی پەروەردە و ڕەسەنایەتییە و نابێ هیچ هۆکارێک ببێتە هۆی تێکدانی ئەم بنەماییە.
لە بەشێکیتری سیمینارەکەدا مامۆستا و توێژەرەکەی زانکۆی جیهان سلێمانی، ئاماژەی بە چەندین توێژینەوەی جیاوازکرد کە رۆڵە باش و کاریگەرەکەی مرۆڤ لە کۆمەڵگەکەدا دەدرەوشێننەوە و جەختی لەسەر کارایی و چالاکیی مرۆڤی کاریگەر کردەوە کە دەتوانێت بە بیرکردنەوەی ئەرێنی و جوانبینی کاریگەری لە دیوە جیاوازەکانی ژیانی رۆژانە دابنێت.
لە تەوەرێکیتری سیمینارەکەدا د. مؤمن یاسین محمدامین ئاماژەی بە چەمکی پێداچوونەوەی فیکری (المراجعات الفکریة) کرد کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەیان کەسایەتی گەورە و بیرمەندی جیهانی بە موراجەعات و گۆڕانکاری و پێداچوونەوەی فیکری رێگای سەرکەوتنی خۆیان دۆزیوەتەوە و بوونەتە ئایکۆنێکی گەورەی خزمەت بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی و رەنگرێژی ژیانیان کردووە، هاوکات باسی لە مێژووی چەند کەسێکی گەورە کرد کە بە بەرزکردنەوەی ئاستی (بیرکردنەوەی رەخنەیی) و (پێداچوونەوەی فیکری) بوونەتە نمونەی ناوازە کە بۆ هەمیشە خوێندنەوە و تێگەشتن لە ژیانیان شانازییە. لە کۆتایی سیمینارەکەدا، ئامادەبووان بە پرسیار و سەرنجەکانیان بەشداری گفتوگۆیەکی تێروتەسەلیان کرد.
زانکۆی جیهان سلێمانی ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە و لە ئێستادا زیاتر لە دوانزە بەشی زانستی و چەندین دەزگا و ناوەندی ئەکادیمی هەیە و یەکێکە لە زانکۆ ئاستبەرز و پێشکەوتووەکانی کوردستان، کە یەکێک لەو ناوەندانەش دەزگای زەکاتی زانستی زانکۆی جیهان سلێمانییە، کە ساڵانە دەیان چالاکی زانستی و ئەکادیمی و راهێنانی پیشەیی پێشکەش بە سێکتەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەکات.