ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١٣/١١/٢٠٢٤) بەشی شیکارییە تاقیگەییە پزیشکییەکان لە کۆلێجی زانستە تەندروستییەکان ۆرک شۆپێکی لە ژێر ناونیشانی “تێکشاندنی بەربەستەکان و ڕێکخستنەوە و پڕکردنەوەی بۆشاییەکان”ە. ئەنجامدا. کە مەبەست لێی یەکخستنی سەرجەم توانا زانستی و مرۆییەکانە بۆ باشترکردنی ژیانی کەسانی توش بوو.
ساڵانە لەسەرانسەری جیهاندا ڕۆژی (١٤/١١) وەک ڕۆژی وشیارکردنەوە و دیاریکردنی بەرەوپێشچوونە زانستییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵانگارییەکانی شەکرە دیاریکراوە، زۆربەی ناوەندە زانستییەکان چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەن.
لەو ڕوونگەیەوە زانکۆی جیهان- سلێمانی، ئەمساڵ بە ئەنجامدانی ۆرک شۆپێک هەڵوێستەی زانستی لەسەر ئەو گرفتە جیهانییە کرد.
چالاکییە کە لە سێ تەوەری سەرەکی پێک هاتبوو:
لە تەوەری یەکەم دا، پانێڵک بەڕيوەچوو بە میوان داری هەریەک لە بەڕێزان، پ. ی. د. هەڵگورد علی پسپۆڕی خۆراک لە کۆلێجی پەرستاری- زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و د. جمال محمود صاڵح پسپۆڕی تایبەتمەندی شەکرەو کوێرە ڕژێنەکان لە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی سلێمانی.
بەڕێز م. ی. دەریا شۆرش لە کۆلێجی زانستە تەندروستییەکان سەرپەرشتیاری پانێڵەکەی کرد.
لە دەستپێکی پانێڵەکەدا بەڕێز د. جمال بە شێوەیەکی گشتی باسی سەرجەم لایەنەکانی شەکرەی کرد وەک (لایەنی مێژووی، جۆرەکانی، هۆکارە فسیۆلۆجییەکانی هەر جۆرێک، ئەو ئاستەنگە تەندروستیانەی کە ڕووبەڕووی توشبوان دەبێتەوە، لەگەڵ ئاماژەکردن بە چارەسەرە پزیشکییەکان و ئەو هەنگاوانەی لە ڕووی زانستییەوە نراون بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نوێ).
دواتر بەڕێز د. هەڵگورد بە شێوەیەکی فراوان باسی پێکهاتە خۆراکییە جۆراو جۆرەکانی کرد، ئاماژەی بە گرنگی وشیاری خۆراکی تاک کرد، زانستیانە ڕوونی کردەوە نابێت بەبێ ڕێنمایی پسپۆرانی خۆراکی و پزیشکی تایبەتمەندی هەناوی بەرنامەی خۆراکی جۆراو جۆر پەیڕەو بکرێت لە ژێر ناوی (دابەزاندی کێش، خۆپاراستن لە ئەگەری توش بوون لە شەکرەو زەخت، هتد) چونکە خواردن و خواردنەوە کاریگەری کورتخایەن و دوورمەودای دەبێت لە سەر جەستەی مرۆڤ.
لە بەشێکی تری وتەکانیاندا، بەڕێزیان جەختیان کردەوە لە مەترسی خواردنەوەی سرکەی میوەکان بە ڕێژەی زۆر و خەستی بەرز کە مەترسی پوکانەوەی خانەکانی ئێسک و چەند کرفتێکی تری تەندروستی لە داهاتوودا دروست دەکات. هەروەها باسی بەروبومە سروشتیەکانی وەک ( هەنگوین و خۆرمای) کرد، کە پێویستە توشبوانی شەکرە خۆیان لە زۆر خواردنی بپارێزن، چونکە بەڵگەو پاڵپشتی زانستی هەیە، ڕێژەی شەکری خوێن بەرزدەکەنەوە.
لەدوا بەشی وتەکانیدا د. هەلگورد پوختەی قسەکانی لەم چەند وشەیەدا کورت کردەوە “ خواردنی پێکهاتە خوارکییە تەندروستەکان لە ژەمەکاندا بە ڕێژەی پێویست و خۆپاراستن و کەمکردنەوەی بەرهەمە کاربۆهایدراتییەکان و خواردنەوەی ئاو بەڕێژەی ١٢- ١٦ پەرداخ لە ڕۆژێکدا”.
لە تەوەری دووەم دا، گفتو گۆیەکی زانستی ڕێکخرا لە نێوان پانێڵست و مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاراندا، کە تێیدا بەوردی وەڵامی پرسیارەکان درانەوە.
لە تەوەری سێیەمی ۆرک شۆپەکەدا خوێندکارانی بەشی شیکارییە تاقیگەییە پزیشکییەکان ڕێژەی گلوکۆزی خوێنی ئامادەبووانیان دیاریکرد و گفتگۆی دەرئەنجامەکانیان لەگەڵ کردن.
لە کۆتایدا، بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرایە پانێڵستە بەڕێزەکان.