
بۆ پاڵپشتیکردن و هاندانى توانا ناوخوییەکان، زانکۆى جیهان-سلێمانى وەک يـەكـەمین زانکــۆی تایبـەت لە هەرێمى کوردستان، گەورەترین سکۆلەرشیپى بۆ دەرچوان بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا ڕادەگەێنێ.
دواى ئەوەى لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرگاى پێشکەشکردنى بەڕووى خوازیارانى خوێندنى باڵا بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا کردەوە، زانکۆى جیهان-سلێمانیش لە دەستپێشخەریەکى گرنگدا بۆ تەواوکردنى خـوێندنى باڵا گەورەترین سکۆلەرشیپ بـۆ دەرچـووەکـانـی بەمەبەستی تەواوکردنى خوێنـدنی ماسـتەر و دکتـۆرا لـە زانـکۆکانی ھەرێمی کـوردسـتان ڕادەگەێنێ.
لەو چوارچێوەیەدا، زانکۆى جیهان-سلێمانى تەواوى دەرچوانى ئاگادار دەکات، هەر دەرچویەک ئارەزوى تەواوکردنى خوێندنى باڵاى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هەیە، دەتوانن داواکانیان پێشکەش بەزانکۆکان بکەن، بەشێوەیەک لە کاتى وەرگرتنیان زانکۆى جیهان-سلێمانى تەواوى تێچوى خوێندنەکەیان بۆ (ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.
زانکۆى جیهان-سلێمانى جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، دەرچوان دواى تەواوکردنى خوێندنى (ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان، لە زانکۆى جیهان-سلێمانى بەپێى پسپۆڕییەکانیان دەرفەتى کارکردنیان بۆ دەڕخسێندرێ و دەبنە ستافى زانکۆى جیهان.
ئەم دەرفەتەى زانکۆى جیهان-سلێمانى دەچێتە چوارچێوەى ھەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆ بۆ خزمەتکردن بەچین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەت پاڵپشتیکردنى توێژى گەنجان بۆ پەرەپێدان بەتوانا و لێهاتویەکانیان و، ڕەخساندنى دەرفەتى کار لە کەرتی تایبەت.
ساڵانە زانکۆى جیهان-سلێمانى چەندین سکۆلەرشیپى لەسەر ئاستى خوێندنى بەکالۆریۆس بۆ دەرچوانى دەڕخسێنێ، لە چەند ڕۆژى ڕابردوشدا بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی زانکۆى جیهان-سلێمانى داشکاندن و بەخشینى بە ڕێژەى (20 تا 100%) لە کرێى خوێندن لە چوارچێوەى سکۆلەرشیپێکدا بۆ (445) ڕاگەیاند.







