وەرگێڕان: م.ی. عەزیز ڕەؤوف
لەم چاوپێكەوتنەدا مێژوونوس و بیرمەندی لاوی جیهانی یوڤاڵ نوح حەراری لە بارەی زیرەكیی دەستكرد و کاریگەریی لەسەر ئایندەیی مرۆڤایەتی دەدوێت.
پرسیار: زیرەکیی دەستکرد ئەوەندە نوێیە هێشتا بەتەواوی ڕێک نەخراوە. ئایا ئەوە نیگەرانت دەکات؟
یوڤاڵ: لە ئێستادا وەک دیاردەیەک سەری هەڵداوە، بەڵام دەتوانێت لە زۆر ڕووەوە مامەڵەی دروستی لەگەڵ بکرێت. بەڵام تاکە فۆڕمی جیهانی کاریگەر لە زیرەکیی دەستکرددا ڕێکخستن و هاریکاریی جیهانییە. ئەگەر جیهان بچێتە ناو زیرەکیی دەستکردەوە، لە ئەگەری پێشبڕکێی چەکداریدا، بەدڵنیاییەوە خراپترین دەرئەنجامی دەبێت.
پرسیار: یانی زیرەکیی دەستکرد گەیشتووەتە ئەو ئاستە؟ ئایا وڵاتێک هەیە بیەوێت بە زیرەکیی دەستکرد پێشبڕکێ بکات؟
بۆڤاڵ: بەڕاستی چین یەکەم وڵات بوو، کە ڕووبەڕووی زیرەکیی دەستکرد بووەوە، ئەمەش لەسەر ئاستی نیشتمانی و لە ڕووی بیرکردنەوەی كۆكراوە و فەرمییەوە، ئەوان یەکەم کەس بوون وتیان:” پێویستە ئەم یارییە ببەینەوە” بەدڵنیاییەوە ئەوان چەند ساڵێک پێش ئەمریکی و ئەورووپییەکانەوەن.
پرسیار: ئایا چین تا ئێستا توانیویەتی بە زیرەکیی دەستکرد خۆی پڕچەک بکات؟
یۆڤاڵ: زیرەکیی دەستکرد گەیشتووەتە هەموو شوێنێک. بەهۆی زیرەکیی دەستکردەوە وڵاتان شێواز و فۆڕمی جیاواز پەیڕەو دەکەن. بۆ نموونە ئیسرائیل گەورەترین تاقیگەی هەیە بۆ زیرەکیی دەستکرد و چاودێریکردن لە جیهاندا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی خاکە دیاریکراوەکانەوە. لەڕاستیدا یەکێک لە هۆکارە دیارەکانی ئەوەی کە ئیسرائیل پێشەنگ بێت لەو بوارەدا، بە هۆی چاودێریکردنی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستینەوەیە.
پرسیار: دەتوانیت کەمێک زیاتر ڕوونی بکەیتەوە؟
یۆڤاڵ: بەشێک لە هۆکاری سەرکەوتنەکەی بە هۆی زیرەکیی دەستکرد و تەکنەلۆژیای چاودێریی داتا گەورەکانەوەیە. ئەوەش بۆ خۆی کردەیەکی کەم نییە.
پرسیار: وا دەر دەکەوێت کە زیرەکیی دەستکرد بڕیاردان زۆر ئاسانتر بکات، ئایا ئەمە ڕووی داوە؟
یۆڤاڵ: زیرەکیی دەستکرد ڕێگەت پێ دەدات کە داتای زیاتر بە شێوەیەکی کاراتر و زۆر خێراتر شی بکەیتەوە. بۆیە دەکرێت یارمەتیدەربێت لە بڕیاردانی باشتر. بەڵام پەیوەستە بە بڕیارەکە خۆیەوە. ئەگەر بتەوێت بگەیتە وێستگەیەکی باشتر، زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ دۆزینەوەی ئاسانترین ڕێگا. بەڵام دواتر دۆخێک هەیە کە کەسێک، یاخود ڕکابەرێک هەوڵی تێکدانی ئەو بڕیارە بدات. بۆ نموونە کاتێک بڕیارەکە لەسەر هەڵبژاردنی حکومەتە، لەوانەیە چەند یاریزانێک هەبن کە بیانەوێت ئەم پڕۆسەیە تێک بدەن و لە جاران ئاڵۆزتری بکەن.
پرسیار: ئایا سنوورێک هەیە بۆ ئەم گۆڕانکارییە؟
یۆڤاڵ: بەڵێ، ئەمەش تەنیا بارتەقای پێوەرەکانی دوای ئەو بەهێزە.
پرسیار: کێ توانای کۆنترۆڵکردنی پێوەرەکانی هەیە؟
یۆڤاڵ: مرۆڤ. پێوەرەکان لە مرۆڤەکانەوە دێن نەک لە ئامێرەکانەوە. ” مرۆڤ پێوەرەکان پێناسە دەکات” لەگەڵ کێ هاوسەرگیری دەکەیت یان چ کۆلیژێک بخوێنیت دواتر ڕێگە بە زیرەکیی دەستکرد بدە و بژاردەی خۆت دیاری بکە. ئەمەش باش کار دەکات چونکە زیرەکیی دەستکرد تێگەیشتنێکی واقیعیتری لە جیهان هەیە وەک ئەوەی مرۆڤ هەیەتی. دەتوانرێت هەڵسووڕێت چونکە مرۆڤ مەیلی بڕیاردانی ترسناکی هەیە.
پرسیار: ئەی ئەگەر هەڵە بکات چی؟
یۆڤاڵ: ئامانجی زیرەکیی دەستکرد تەواو نابێت، چونکە هەمیشە دەتوانیت پێوەرەکان ڕێک بخەیت. زیرەکیی دەستکرد تەنیا پێویستی بەوەیە باشتر بکات لەوەی مرۆڤەکان دەتوانن ئەنجامی بدەن، ئەمەش زۆر قورس نییە.
پرسیار: گەورەترین تێڕوانینی هەڵە سەبارەت بە زیرەکیی دەستکرد چییە؟
یۆڤاڵ: مرۆڤەکان زیرەکی لەگەڵ هۆشیاری تێکەڵ دەکەن، چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە زیرەکیی دەستکرد هۆشیاری تەواو لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، ئەمە هەڵە گەورەکەیە. زیرەکی بریتییە لە توانای چارەسەرکردنی کێشەکان، هۆشیاری توانای هەستکردنە بە شتەکان لەوانە: ئازار، ڕق، خۆشەویستی و چێژ.
پرسیار: ئایا ئامێرەکان توانای ئەوەیان هەیە پەرە بە هۆشیاری بدەن؟
یۆڤاڵ: کەسانی شارەزا لە فلمە زانستییە خەیاڵییەکاندا هەن کە پێیان وایە دەتوانرێت ئەوە بکرێت، بەڵام نەخێر، هیچ ئاماژەیەک نییە کە کۆمپیوتەر لە هیچ شوێنێکدا پەرە بە هۆشیاری بدات. کۆمپیوتەر زیرەکی دەهێنێت بەڵام هۆشیاری پەرە پێ نادات و ئەو توانایەی نییە.
پرسیار: ئایا کۆمپیوتەر دەتوانێت هەستی هەبێت؟
یۆڤاڵ: بەگشتی ئێمە ناخوازین کە کۆمپیوتەر هەست بکا، دەمانەوێت کۆمپیوتەر لەوە تێبگات کە ئێمە هەست بە شتەکان بکەین. بۆ نموونە، دەرمان، خەڵک پزیشکیان پێ باشترە نەک پزیشک لە ڕێی زیرەکیی دەستکردەوە. بەڵام بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە بواری تەندروستی دەکرێت بە تەواوی لەگەڵ کەسایەتیی تۆدا بگونجێت و لە هەستەکانت حاڵی بێت، ڕەنگە لە دایکی خۆت زیاتر بەتەنگتەوە بێت. ئەمەش هەمووی بەبێ هوشیاری ڕوو دەدات و تەنیا زیرەکییە. پێویست بە هەست و سۆز نییە تا هەستەکانی ئەوی تر بناسینەوە.
پرسیار: کەواتە چی ماوە کە زیرەکیی دەستکرد دەستی پێی نەگەیشتبێت؟
یۆڤاڵ: بەکورتی هەندێک شت هەیە. تۆ لە ڕێی زیرەکیی دەستکردەوە دەتوانیت دەرمان وەربگریت و بەکاریشی بهێنیت. ئەگەر پزیشکێک لەگەڵ پەرستیارێک بەراورد بکەیت، ئەوا زۆر ئاسانترە بۆ زیرەکیی دەستکرد کە جێگەی پزیشک بگرێتەوە کە لە بنەڕەتدا تەنیا داتاکان و دەستنیشانکراوەکان شی دەکاتەوە چارەسەر بکات. بەڵام گۆڕینی پەرستیارێک کە دەرزی و دەرمان دەدات و پەڕاوەکان دەگۆڕێت، زۆر قورسترە. هەرچەندە ئەمەش دەکرێت، بەکورتی ئێمە لە سەرەتای دەرکەوتنی تواناکانی زیرەکیی دەستکردداین.
پرسیار: کەواتە زیرەکیی دەستکرد شۆڕشێکە بۆ خۆی؟
یۆڤاڵ: نا، زۆر دڵنیا نیم. ئێمە ئەم پچڕانە گەورەیە لە پێنچ بۆ دە ساڵدا نابینین، بەڵکوو ئەم دابڕانە پێشتر ڕووی داوە.
پرسیار: کەواتە ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر هێزی کار هەیە؟
یۆڤاڵ: ئابووری بە هۆی زیرەکیی دەستکردەوە بە شێوەیەکی درێژخایان دۆخێکی دروست کردووە کە هیچ توخمێکی بازاڕی کار لەسەدا سەد سەلامەت دەر ناچێت، خەڵک بەردەوام پێویستی بە داهێنانە. ڕەنگە ئەمە پەنجا ساڵ بخایەنێت، بەڵام دواجار هیچ شتێک سەلامەت نییە.
پرسیار: ئایا زیرەکیی دەستکرد دۆخێک دروست دەکات کە مرۆڤەکان دووبارە داهێنان بکەنەوە؟ هەروەها مەترسی لەسەر پڕۆسەی دووبارە داهێنان دروست دەکات؟
یۆڤاڵ: زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت پڕۆسەکە هەم باشتر و هەم خراپتر بکات. لەوەش خراپتر لەبەر ئەوەی زیرەکیی دەستکرد خۆی ناچارمان دەکات کە خۆمان لەگەڵیدا بگونجێنین، بە مانایەکی تر زیرەکیی دەستکرد دۆخێک دروست دەکات کە کار نامێنێت و خەڵکیش لەگەڵ بێکاریدا خۆی دەگونجێنێت. لە لایەکی ترەوە زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت کە شۆڕش لە پەروەردەدا بکەین یان خۆمانی لەگەڵدا بگونجێنین.
پرسیار: ئەمە چۆن ڕوو دەدات؟
یۆڤاڵ: لە جیاتیی ئەوەی خوێندکاران بەشێک بن لە یەکەیەکی گەورەی پێکەوەیی پەروەردەیی، کە بە شێوازی پیشەسازی پڕۆسەکە بەڕێوە بچێت، دەتوانێت لەگەڵ زیرەکیی دەستکرددا ڕاهێنانێک بکات نەک تەنیا فێرت بکات، بەڵکوو تۆش دەخوێنیت. ڕاهێنەرەکە خاڵە بەهێز و لاوازەکانت دەناسێنێت، دەتوانێت فێرت بکات کە ئایا تۆ بە وشە یان بە وێنە باشتر فێر دەبیت، لە ڕێی میتافۆڕی فەزایی یاخود کاتییەوە. پاشان پەروەردە بۆ تۆ ڕێک دەخات. فێربوونی کارامەیی نوێ دەکرێت لەدوای تەمەنی چل ساڵی زۆر قورس بێت. بەڵام تەنانەت زیرەکیی دەستکرد مرۆڤەکان ناچار دەکات دووبارە داهێنان ئەنجام بدەن، دەتوانێت یارمەتیان بدات زیاد لە مامۆستایەکی مرۆڤ کە ئەم کارە بکات.
پرسیار: واتە مەبەستت ئەوەیە زیرەکیی دەستکرد ناچارت دەکات دووبارە داهێنان لە خودی خۆشتدا بکەیت؟
یۆڤاڵ: بێگومان لە بارەی زیرەکیی دەستکردەوە نووسین هەبووە. دە ساڵ لەمەوبەر من پڕۆفیسۆرێکی بێناو بووم و لەسەر مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست دەمنووسی، ئەمڕۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران و سەرۆکی دەوڵەتان کۆ دەبمەوە و باسی ڕۆبۆت و زیرەکیی دەستکرد دەکەم. ئەمە مەبەست لەوەیە کە من دووبارە داهێنانم لە خودی خۆمدا کردووە.