ڕۆژی یەك شەممە ڕێکەوتی ٢٠١٩/٤/١٤ بەئامادەبوونی پ.ی.د.ئومێد ڕەفیق فەتاح سەرۆکی زانکۆی جیهان – سلێمانی ،پ.ی.د.ڕێبوار زین الدین یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانست و خوێندنی باڵا ،پ.ی.د.واحد عومەر محی الدین ڕاوێژکاری زانکۆکانی جیهان ، پ.ی.د. بەمۆ پەروێز عەزیز ڕاگری کۆلێجی یاسا و، ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکارانی کۆلێجی یاسا کارەساتی تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد (ئەنفال) یان یادکردەوە.
سەرەتا بەدەقیقەیەک وەستان بۆ ڕۆحی قوربانیانی ئەو کارەساتە دەستی پێکرد.
پاشان لەلایەن د.نوری حمە سەعید مامۆستا لەبەشی یاسا تیشکی خستە سەر ڕەهەندە ئاینیەکانی تاوانەکە لە ڕوی شەرعیەتی ئیسلام و ئەوەی ڕوون کردەوە کە ئەم تاوانە بەتەواوەتی دژە لەگەڵ دەقەکانی شەرعیەتی ئیسلامی و،تاوانبارانی ئەم کەیسە لە ڕوی شەرعیەتی ئیسلامەوە تاوانبارن.
دواتر د.سیروان حامد ئەحمەد بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی دڵنیای جۆری باسی لە ڕەهەندە نێودەوڵەتیەکانی تاوانەکە کرد و، ئاماژەی بەوەدا کە بە پێی هەموو پڕەنسیپە نێودەوڵەتیەکان تاوانی ئەنفالی گەلی کورد تاوانێکی نێودەوڵەتیە و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیان پێشێل کردووە.
وتیشی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە لەڕووی نێودەوڵەتیەوە (حصانە) نایانگرێتەوە و،لە هەرکاتێکدا بێت دەکرێت دادگایی بکرێن.
هەروەها د.زانا ڕەفیق مامۆستا لەبەشی یاسا تیشکی خستە سەر ئەم تاوانە لەڕووی یاسایی و سزادانەوە.
لەکۆتایدا زانکۆی جیهان داوای کرد لە مامۆستایان و خوێندکارانی کۆلێجی یاسا هەوڵی ئەوە بدەن لە ڕوی یاساییەوە توێژینەوە ئەنجام بدەن لەسەر ئەم تاوانەی کە بە درێژایی مێژوو دژی گەلی کورد ئەنجامدراوە ،و زانکۆ هەموو ئامادەکاریەکی تێدایە بۆ یارمەتیدانی هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لەم بوارەدا کاربکەن.