نووسینی: کۆرین شەرابی
وەرگێڕانی: م.ی. دیار جەمال
زمانزانین یان نەزانین ئیتر ئەو بەربەستە گەورەیە نییە وەک جاران. ژیریی دەستکرد وەرگێڕانی لە جاران ئاسانتر کردووە بۆ پەیوەندیکردن بە خەڵکەوە لە سەرانسەری جیهاندا. هەروەها وەرگێڕان لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە چەندین سوود و بەکارهێنانی لە بازرگانیدا هەیە، ئەمەش پەیوەندییە ڕۆژانەییەکانی لەگەڵ تیمە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی باش سادە و ئاسان کردووە.
پەیوەندیی نێوان ژیریی دەستکرد و فێربوونی زمانیش لە ئێستادا زیاتر بەرچاو دەکەوێت. لە ڕابردوودا هەرکەسێک کە بیویستایە شارەزا بێت لە زمانێکی نوێ، دەبوو کات و پارەیەکی زۆر خەرج بکات لە وانەی زمان بە گرووپ یان وانەی تایبەت. هەرچەندە فێربوون بە ڕێگە باوەکان هێشتا گرنگن بۆ هەرکەسێک کە بیەوێت زانیاریی تەواو بەدەست بهێنێت لە بارەی ئەو زمانەی دەیەوێت فێر ببێت، بەڵام فێربوونی زمان زۆر ئاسانتر بووە بە هۆی ژیریی دەستکرد و بەرنامە و ئامێرەکانی وەرگێڕانی زمانەوە.
ڕۆڵی ژیریی دەستکرد لە داهاتووی وەرگێڕاندا
وەرگێڕان لە ڕێی ژیریی دەستکردەوە، چەندین بەرنامەی سەرنجڕاکێشی هەیە بۆ داهاتوو. بە هۆی زیادبوونی ئاستی وردبینی و متمانەپێکراوی، دەتوانرێت ژیریی دەستکرد بەکار بهێنرێت بۆ ئاسانکاریی وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ لە سەرچاوەکەیەوە.
دەتوانرێت ئامێر و تەکنەلۆژیای وەرگێڕان بەکار بهێنرێت بۆ پشتگیریکردن لە کارەکانی وەرگێڕانی مرۆڤ. بۆ ئەو گرووپی وەرگێڕانانەی، کە لەگەڵ کاتی کەم و ئەرکی زۆر و قورس کێشەیان هەیە، وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و بە ئۆتۆماتیکیکردنی ئەرکە سەرەتاییەکانی وەرگێڕان.
ڕێگایەکی دوورودرێژمان ماوە تا بەرنامەکانی وەرگێڕان بتوانن وەرگێڕانی سروشتی بە ئاستی وردی 100% بەرهەم بهێنن. بەڵام داهێنانەکانی داهاتوو و پەرەسەندنی خێرای ژیریی دەستکرد وا دەکات، وەرگێڕانەکان زیاتر سوودبەخش بن بۆ پەیوەندییە ڕۆژانەییەکان.
سنوردارییەکانی وەرگێڕان لە ڕێی ژیریی دەستکردەوە
لە ئێستادا وەرگێڕان لە ڕێی ژیریی دەستکردەوە، بژاردەیەکی زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە وەرگێڕانی بابەتی زۆر هەیە بەخێرایی. بەڵام، تەنانەت باشترین ئامێرەکانی وەرگێڕانی زمان سنوورێکی دیاریکراویان هەیە لە گەیاندنی مەبەستی ڕاستەقینەی نووسینە ڕەسەنەکەدا. لەڕاستیدا، پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای وەرگێڕان هێشتا کێشەی هەیە کاتێک باس لە تێگەیشتن لە لایەنە شاراوەکانی زمان و هەست و سۆز دەکرێت.
وەرگێڕانەکانی ژیریی دەستکرد ناتوانرێت بەتەواوی پشتیان پێ ببەسترێت بۆ بەرهەمهێنانی دەقی سەرنجڕاکێش بۆ مەبەستی بازاڕکردن و ڕیکلامکردن. لە کاتێکدا دەتوانرێت زمانە بێڕۆحەکەی دەقێک وەر بگێڕرێت، بەڵام وەرگێڕێکی مرۆڤی پێویست دەبێت بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی دەقی کۆتایی سەرنجڕاکێش و قایلکەر بێت.
چۆن دەتوانرێت فێربوونی زمان و ژیریی دەستکرد پێکەوە بەکار بهێنرێن
لە ئێستادا دەتوانین دەستمان بگات بە وەرگێڕانەکانی ژیریی دەستکرد بە هۆی کۆمەڵێک بەرنامەی بێبەرانبەر و ماڵپەڕەوە. لە کاتێکدا ئەم بەرنامە و ماڵپەڕانە کاریگەرن لە وەرگێڕانی خێرادا، بەڵام ئەمانە هاوتای فێربوونی زمان نین لە ڕێگەی شێوازە باوەکانەوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، دەتوانرێت بۆ پشتگیریکردن لە پڕۆسەی فێربوونی زمان کەڵکیان لێ وەر بگیرێت.
بۆ نموونە با بەرنامەی ڕاهێنەری زمانی Quazel وەر بگرین. بەکارهێنەران دەتوانن لە ڕێگەی مایکرۆفۆنەکانیانەوە قسە بکەن یان لە چاتەکەیدا بنووسن بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی کراوە و زیندوو بکەن لەگەڵ ژیری دەستکرددا و تواناکانی گفتوگۆکردنیان بە ٢١ زمان مەشق پێبکەن.
تەکنەلۆژیای وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد ناتوانرێت بۆ جێگرتنەوەی مامۆستا بەکار بهێنرێت، بەڵام دەتوانرێت وەک ئامرازێکی فێرکاریی بەنرخ بەکار بهێنرێت. وەک سەرەتایەک، ژیریی دەستکرد دەتوانێت وشەگەلێکی ئێجگار زۆر بۆ فێرخوازانی زمان دابین بکات. فێربوونی زمان بە شێوە باوەکان بە شێوەیەکی چڕ پشت بە مەلزەمە و کتێب دەبەستن. زۆرجار پڕۆسەی فێربوون لەو ڕێیانەوە کاتبەفیڕۆدەر و تاقەتپڕووکێنن. بەرنامەکانی وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد دەتوانن جێگرەوەیەکی باش بن بۆ ئەو ڕێیە باوانەی فێربوون بەوەی لە چەند چرکەیەکی کەمدا دەتوانن چەندان وشە و دەستەواژەی نوێ پێشکەش بە فێرخواز بکەن.
خزمەتگوزارییەکانی وەرگێڕانی بێبەرانبەری وەک وەرگێڕانی گووگڵ، ڕێگە بە فێرخوازان دەدەن ئەوەی فێری بوون تاقیی بکەنەوە. فرەزمانزانەکان دەتوانن دەستیان بە هەموو ئەو بابەتانە بکەوێت بە ئۆنلاین کە دڵخوازین و دەیانەوێت شارەزا ببن تیایاندا؛ پاشان دەتوانن ژیریی دەستکرد بەکار بهێنن بۆ پڕکردنەوەی هەرکەلێنێکی زانیاری کە هەیانە. ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی فێرخوازان لە پۆلە ئاساییەکانی خۆیاندا بەردەوام بن و ژیرییە دەستکردەکانیش وەک تەواوکەر و یارمەتیدەرێک بەکار بهێنن.
کاتێک کەسێک لە پڕۆسەی فێربوونی زماندا بە شێوازی ڕووبەڕوو خەریکی پڕۆسەکە نییە، ئەستەمە بزانیت کە ئایا لەسەر ڕێگای ڕاستە یان نا. ئایا نیگەرانی لە ڕێکوپێکی و دروستی وشەکان و پێکهاتەی ڕستەکان؟ ئایا کێشەت هەیە لە شێوانی دەربڕینی وشە و پیتەکان؟ فێربوونی زمانی لە ڕێی ژیریی دەستکردەوە ئاسانکاری دەکات بۆ وردکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ئەم بنەمایانە. لەمەش زیاتر، ڕێگە بە فێرخوازان دەدات کە کاتەکانی خۆیان بەکار بهێنن بۆ شارەزابوون لە لایەنە قورسترەکانی زمان.
ئایا هەرگیز وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد جێگەی وەرگێڕانی مرۆڤ دەگرێتەوە؟
تەنانەت لەگەڵ پێشکەوتنی ژیریی دەستکرددا، ئەوە بەدوور دەزانرێت کە بەتەواوی بتوانێت جێگەی فێربوونی زمانی ئاسایی و وەرگێڕانی مرۆڤ بگرێتەوە. بەبێ گوێدانە ئەوەی تەکنەلۆژیای وەرگێڕان چەندە پەرە دەستێنێت، ئەوە زمانەکان خۆیانن کە گرنگن. زمانەکان پشت بە یاسا تایبەتەکانی ڕێزمان و پێکهاتەی جیاوازی خۆیان دەبەستن. تەنانەت ئاسانترین و بەربڵاوترین زمانەکانیش تا ڕادەیەک ئەبستراکتن. مرۆڤ هەمیشە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە فێربوونی زماندا.
هەمان قسەش بۆ کەرتی وەرگێڕان دەگونجێت. وەرگێڕانەکانی ژیریی دەستکرد تا دێت متمانەپێکراوتر دەبن، بەڵام هێشتا پەراوێزێک هەیە بۆ هەڵە کە پێویستی بە بەشداریکردنی وەرگێڕانی مرۆڤ هەیە. بەلایەنی کەمەوە، پێویستە ڕاستکەرەوەکان پێداچوونەوە بە هەروەرگێڕانێکی ژیریی دەستکرددا بکەن. وەرگێڕانەکە لەوانەیە دەستکاریکردنی بەرفراوانی بوێت. وەرگێڕان لە ڕێی ژیریی دەستکردەوە ڕەنگە بارگرانییەکە بۆ وەرگێڕانی مرۆڤ سووک بکات، بەڵام ئەوە تەنیا گۆڕینی شێوازی کارکردنی وەرگێڕە مرۆڤەکانە، نەک پاڵیان بنێتە دەرەوە لە کارەکەیان.
چۆن وەرگێڕە مرۆڤەکان دەتوانن لە وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد کەڵک وەربگرن؟
تەکنەلۆژیای وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد هیچ هاوتای مێشکی مرۆڤ نییە. بەڵام دەتوانرێت بانگەوازی بۆ بکرێت کە ئەرکی وەرگێڕانە سەرەتاییەکان جێبەجێ بکات. ئەمەش تیمەکانی وەرگێڕانی مرۆیی ئازاد دەکات، بۆ ئەوەی سەرنجیان بخەنە سەر وەرگێڕانە قورسەکان.
زۆرجار دەتوانرێت بەرنامەی وەرگێڕان بەکار بهێنرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەشی یەکەمی وەرگێڕانەکان. ئەمەش ڕێگە بە مرۆڤەکان دەدات دواتر بچنە ناو وردەکارییەکانەوە، سەرنجیان لەسەر شتەکانی وەک پێکهاتەی ڕستە و یاساکانی ڕێزمان بێت. ئەمەش نەک هەر ڕێگە بە وەرگێڕەکان دەدات کار لەسەر ئەرکەکانی تر بکەن، بەڵکوو ئەگەری تووشبوونیان بە ماندوێتی و بێتاقەتی کەم دەکاتەوە. کاتێک باس لە وەرگێڕانی زۆر و گران دەکرێت، تیمەکانی وەرگێڕانی مرۆڤ کەمتر ئەگەری هەڵەکردنیان هەیە.
ژیریی دەستکرد و فێربوونی زمان
لەگەڵ بەجیهانیبون و جیهانگیریی زیاتردا، وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ دەبێتە بەشێکی سەرەکیی پیشەسازییە ڕۆژانەییەکان. ئێستا، خزمەتگوزارییەکانی پەخشی ڤیدیۆی ڕاستەوخۆ ئاسانکاری بۆ بینەرانی نێودەوڵەتی دەکەن، کە دەستیان بەو میدیایانە بگات، کە ڕەنگە لە ڕابردوودا دەستیان پێی نەگەشتبێت. وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیی خێراکردنی ئەرکەکانی ژێرنووسکردن بدات، بەڵام بەرنامەکانی وەرگێڕان تا ئێستاش کەموکوڕییان زۆرە لە وەرگرتنی مەبەستی تەواوەتی و هەست و سۆزەکانی زمانە ڕەسەنەکە.
ژیریی دەستکرد وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی وا لێ کردووە، کە بەئاسانی هەمووان دەستیان پێی بگات. خزمەتگوزارییەکانی وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد دەتوانن وەرگێڕانی خێرا بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستیی داتا و ژمارەی ناو بەڵگەنامەکان. هەرچەندە قسەکەرانی زمانی دایک پێویست دەبن بۆ سەلماندنی بەڵگەنامە گرنگترەکان، بەڵام خزمەتگوزارییەکانی وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکان دەکەن، کە لە ئاستی جیهانیدا بیر بکەنەوە.
چۆن ژیریی دەستکرد وەرگێڕان بە شێوەی ڕاستەوخۆ دابین دەکات؟
بەرنامەکانی وەرگێڕانی زمان لەم ساڵانەی دواییدا بەرەوپێشچونێکی زۆریان بەخۆوە بینیوە. لە ڕووی مێژووییەوە، تەکنەلۆژیای وەرگێڕان بە گۆڕینی قسە بووە بۆ دەق و دواتر وەرگێڕراوە بۆ زمانێکی تر. ئەمڕۆ بەرنامەکانی وەرگێڕانی زمان بە شێوەیەکی جیاواز کار دەکەن.
ژیریی دەستکرد چەندین سوودی هەیە بۆ وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ جگە لە سوودی گەیاندنی ئەنجام بەخێرایی. ژیریی دەستکرد لە کۆتاییدا دڵنیایی دەدات لەوەی کە دەقی وەرگێڕدراو مانا و مەبەستی دەقە ڕەسەنەکە دەگەیەنێت، بە مانایەکی تر، وەرگێڕانی وشەبەوشە ناکات.
تەنانەت بەرنامەکانی وەرگێڕانی زمانی وەک Google Translate و DeepL دەتوانن لە چەند چرکەیەکدا ئەنجامێکی زۆر باش پێشکەش بکەن. تاکە وشە یان ڕستەی سادە، هەروەها تەواوی لاپەڕەکانی وێبسایت و بەڵگەنامەکان، دەتوانرێت بە نزیکەیی لە چرکەیەکدا وەر بگێڕرێن.
ئایا وەرگێڕانەکانی ژیریی دەستکرد بەتەواوی جێی متمانەن؟
کەس ناتوانێت قسە لەسەر ئەوە بکات، کە وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد تا دێت متمانەپێکراوتر دەبێت. بەڵام هێشتا نەگەشتووینەتە ئەوەی کە وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد بتوانێت بەتەواوی جێگەی وەرگێڕانی مرۆڤ بگرێتەوە.
بەرنامەکانی وەرگێڕان وردی و باشییان بە شێوەیەکی زۆر ئاستبەرزن. بەڵام ئەگەر شتێک 100% تەواو نەبێت، ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بەتەواوەتی.
لە کەرتی بازرگانیی نێودەوڵەتیدا، هیچ بوارێک بۆ تێنەگەیشتن نییە. جگە لەوەش ئەوانەی کاری دیپلۆماسی دەکەن و وەردەگێڕن، لەو بوارەدا دەبێت شارەزای هەمو لایەنەکانی زمان بن بۆ ئەوەی ڕاستی و دروستیی مەبەستەکانی قسەکەرەکان بگەیەنن، بۆ ئەوەی دوور بن لە دروستکردنی کێشە.
لە زۆر حاڵەتدا دەتوانرێت بەرنامەکانی فێربوونی زمانی ژیریی دەستکرد بەکار بهێنرێن بەڵام هێشتا مرۆڤەکان پێویستن بۆ سەرپەرشتیکردنی وەرگێڕانی کۆتایی، چونکە تا ئێستاش هیچ ئامێر و بەرنامەیەک نەیتوانیوە جێی شارەزایی مرۆڤ بگرێتەوە لەم بوارەدا.