بۆ خزمەتکردن بەپڕۆسەى پەروەردە، ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان واژۆکرد بۆ کردنەوەى خولى ڕێگەکانى وانەوتنەوە بۆ مامۆستایانى پەروەردە لە سەرتاسەرى کوردستان.
ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٧/٢٠٢٢) لە دیوانى وەزارەتى پەروەردە، بەئامادەبوونى ههریهك له بهڕێزان (دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر) سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانى جیهان و (پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و (مامۆستا ئالان حەمەسەعید) وەزیرى پەروەردە یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد.
وەک لە یاداشتەکەدا هاتووە، زانکۆکانى جیهان لە شارەکانى کوردستان، بەهەماهەنگى و هاوکارى وەزارەتى پەروەردە خولى ڕێگەکانى وانەوتنەوە (پێداگۆجى) بۆ (300) مامۆستاى سەر بەوەزارەتى پەروەردە دەکاتەوە و، تەواوى پێداویستیە مرۆیی و لۆجیستى و دارایى خولەکان لە ئەستۆ دەگرێ و، لە کۆتایدا بڕوانامەى دەرچوون لەلایەن زانکۆ بەسەر بەشداربواندا دابەش دەکرێ.
وەک لە یاداشتەکەدا جەختى لەسەر کراوەتەوە، گروپى زانکۆکانى جیهان لە پێناو خزمەتکردن بەبەرژوەندى گشتى و لە سۆنگەی پرنسیپێک کە کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت شانبەشانى یەکتر هاوکار و پاڵپشتى یەکترن ئەم پڕۆژە گرنگە جێبەجێ دەکات.
لە میانەى بەڕێوەچوونى خولەکەدا، کە لە شارەکانى کوردستان بەڕێوەدەچن بەشداربووان لەلایەن ستافێکى شارەزا و بەتواناى زانکۆکانى جیهان ڕاهێنانیان پێ دەکرێ و، ئاشناى نوێترین و پێشکەوتوترین ڕێگەکانى وانەوتنەوە دەکرێن، ئەوەش بەستراتیژە کاریگەرییەکانى بەرزکردنەوەى ئاستى فێربوون و فێرکردن لە هەرێمى کوردستان.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن، دکتۆر ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردە ستایشى کار و پڕۆژەکانى گروپى زانکۆکانى جیهانی کرد بۆ خزمەتکردن بەپڕۆسەى پەروەردە و خوێندن، هەروەک واژۆکردنى ئەم یاداشتەى بەدەسکەوتێکى زانستى و پەروەردەى نێوان کەرتى گشتى و تایبەت وەسفکرد.
دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانى جیهان ڕایگەیاند: ئێمە زانکۆ بەناوەندێک بۆ خزمەتکردن بەکۆمەڵگە دادەنێین، چونکە ئەرکى زانکۆ تەنها پێدانى بڕوانامە نیە، بەڵکو پێگەیاندن و پەروەردەکردنى نەوەکانى دواڕۆژ و خزمەتکردنە بەسێکتەرە جیاکانى کۆمەڵگە، ئێمەش لە زانکۆکانى جیهان هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەین، هیوادارین بتوانین زیاتر خزمەت بەپەروەردە و زانست و کۆمەڵگە بکەین.