ئەمڕۆ ١٤\٤ بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆکیی زانکۆی جیهان-سلێمانی، و مامۆستایان، و ژمارەیەکی بەرچاوی خوێندکارانی زانکۆ یادی ٣٦ ساڵەی کارەساتی ئەنفال بەرز ڕاگیرا.
لە سەرەتای بۆنەکەدا بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی قوربانیانی ئەنفال ئامادەبوان خولەکێک ڕاوەستان.
سەرەتا د. مؤمن زەڵمی باسێکی لە ڕەهەندە کلتوری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کارەساتە کرد. تیشکی خستەسەر نەهامەتی کەسوکاری قوربانیان و کاریگەریە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو تاوانە کە دژ بە گەلەکەمان ئەنجام دراوە، هەروەها گرنگیی بە ئاگابوونی نەوەکانمان لەو کارەساتانەی کە لە مێژوودا دژ بە خەڵکی بێتاوانی کوردستان ئەنجام دراوە.
پاشتر پ.ی.د. عیباد ابراهیم ڕۆحی باسێکی لە لایەنە یاساییەکانی ئەو تاوانە کرد لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی گشتییەوە. دواتر ئاماژەیدا بەو هەنگاوە گرنگانە کە پێویستە شارەزایان و پسپۆڕان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بیگرنەبەر بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە، وە ڕێگری کردن لە تاوانی هاوشێوەی دژ بە گەلەکەمان لە داهاتودا.