پێشبڕکێکە بەشێکە لە پرۆژەی “بەرەوپێشبردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە” کە لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە پاڵپشتی دەکرێت
ئەمڕۆ ١/٦/٢٠٢٤، خوێندکارانی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان – سلێمانی بەشدارییان کرد لە مەراسیمی کۆتایی هاتنی پێشبڕکێیەکی وتاری ئەکادیمی دەربارەی “بەرەوپێشبردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، باشترکردنی بارودۆخی دەستگیرکراوەکان و نەهێشتنی ئەشکەنجەدان”. پێشبڕکێکە لەلایەن ڕێکخراوی فریاکەوتنی میللی (PAO) وڕێکخراوی NPA)) نەرویجی وبە پاڵپشتیی دارایی یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ کرا.
جگە لە خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین وزانکۆی دهۆك، خوێندکارانی زانکۆی جیهان – سلێمانی، بە نووسینی زۆرترین وتاری ئەکادیمی کە ١٣ وتار بوو، بەشداری ئەم پێشبڕکێیەیان کرد. لە کۆی وتارە پێشکەشکراوەکان خوێندکارانی زانکۆکەمان پڵەی دووەم وسێیەمیان بەدەستهێنا وتارەکانیان لە چەندین پلەی دیکەدا جێگەی گرت.
لە مەراسیمەی کۆتایی چالاکیەکەدا، کە ئەمڕو لە ئوتێل (ڤان ڕۆیان) لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، خەڵات بەسەر خوێندکارە سەرکەوتووەکانی پێشبڕکێکە دابەشکرا وئاهەنگێك بەو بۆنەیەوە ڕێکخرا. جگە لە خوێندکاران، سوپاس و پێزانین بۆ سەرۆکایەتی زانکۆ و بەشی یاسای زانۆی جیهان سلێمانی پێشکەش کرا..
ئەم چالاکیە، پابەندبوونی زانکۆی جیهان – سلێمانی و بەشی یاسای زانکۆکە دەسەلمێنێت بۆ پێشخستنی ئاستی زانستی خوێندکارەکانی بۆ ئەوەی ببنە داکۆکیکار بۆ سیستەمێکی یاسایی دادپەروەر و مرۆڤدۆستانە.