ڕۆژی ٢٨/١٠/٢٠٢٣، پ.ی.د ئاوات عمر حاجی سیمینارێکی لە بەشی یاسا پێشکەشکرد بە ناونيشانی ” جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت لە نێوان حەقیقەت و خەیاڵدا”
لە سمینارەکەدا پێشکەشکار باسی لەوە کرد کە یاساناسان و زانایانی بواری یاسای گشتیی بە دیاریکراوی لە باسکردنی بیردۆزەی گشتی دەوڵەتدا ئەوەمان پێ دەڵێن کە دەوڵەت لە سێ پێکهاتەی سەرەکی پێک دێت کە بریتین لە: یەکەم، شوێنێک یان هەرێمێکی دیاری کراو، دووەم گەل یان دانیشتووان، سێیەم، دەسەڵاتێکی سیاسی. بەو پێیەی کە دانیشتووان پێکهاتەیەکی سەرەکیی دەوڵەتن وبەشێکن لە ماهیەتی دەوڵەتەکە یان لە پێکهاتەی دەوڵەتەکە، ئەوا هیچ دەوڵەتێك بێ بوونی دانیشتووان دروست نابێت و لە باری مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە هەمیشە دانیشتووانی هەر دەوڵەتێک باوەڕدار بوون بە یەکێک لە ئایینەکان وە لە هەموو کات و ساتێکدا بابەتی بڕوابوون بە هەر ئایینێك مەسەلەیەکی بەڵگەنەویستە و تەنانەت ئەوانەی کە بڕوایان بە هیچ ئایینێکیش نیە خۆیان پەیوەست کردووە بە چەندەها بابەت کە لە لایان پیرۆزە، بۆیە بابەتی دانیشتووان و ئایین دوو بابەتی لێکدانەبڕاون وە ناکرێت لێک جیا بکرێنەوە، جا بەو پێیەی کە دانیشتوانیش پێکهاتەیەکی دەوڵەتن بۆیە بە هەمان شێوە ناکرێت دەوڵەت لە ئایین جیا بکرێتەوە. لێرەدا پێویستە ئەوە بزانرێت کە زاراوەی دەوڵەت جیاوازە لە زاراوەکانی حکوومەت یان سیاسەت بەڵکوو دەوڵەت تەنها بەو مانایە بەکارهاتووە کە لەسەرەوە باس کراوە و ئاماژەی بۆ کراوە.