
ئەمڕۆ ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢٧/١١/٢٠٢٤) بەشی تەکنیکی جوانکاری لە زانکۆی جیهان- سلێمانی، کە بەشێکی نوێی زانکۆکەیە و بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٤-٢٠٢٥) فۆڕم دابەش دەکات بۆ وەرگرتنی خوێندکار، هەستا بە ئەنجامدانی پانێڵێک بە ناونیشانی”پێشکەوتنە زانستییەکان لە بواری چاودێری و پاراستنی پێست دا””
چالاکییەکە بە ئامادەبوونی بەڕێزان دکتۆر هێمن زەمان و دکتۆر سۆران معروف لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی جیهان- سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە تەوەری یەکەمی چالاکییەکەدا، دکتۆر سۆران بە پێشکەشکردنی بابەتێک بە ناونیشانی:
“The Role of Biomolecules and Synthetic Molecules in Enhancing Beauty and Skincare”
باسی گرنگترین گەردو پێکهاتە سروشتییەکان و مادە پزیشکییە دروستکراوەکانی کرد لە ئيستادا لە بواری جوانکاری پێست دا سودیان لێوەردەگیرێت بۆ پاراستن و چارەسەکردنی گرفتەکانی پێست.
لە تەوەری دووەمی پانێڵەکەدا، د. هێمن بە بابەتێک لەژێری ناوی:
“Scientific advances in Skincare and protections” ئاماژەی بە نوێترین ئەو پێشکەوتنە زانستییانە کرد کە لە جیهانی پزیشکی دا بەکاردێن بۆ چاودێریکردنی پێست و پاراستنی.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا دکتۆر هێمن پیرۆزبایی خۆی بە سەرۆکایەتی زانکۆ ڕاگەیاند و دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە کردنەوەنی بەشی تەکنیکی جوانکاری وەک یەکەم بەشی تایبەتمەند بە زانستەکانی تەکنیکی جوانکاری پێست لە شاری سلێمانی. بەڕێزیان جەختیان لە پێویستی و گرنگی کردنەوەی ئەم بەشە کرد بۆ پێگەیاندنی دەرچووانی تەکنیکاری زانستی و پێشکەوتووی تایبەتمەند لە بوارەکانی جوانکاریدا، کە لە ئيستادا لە بازاری کاردا پيداویستییەکی زۆر هەیە بە دەرچووانی ئەم بەشە و هانی خوێندکارانی دا بۆئەوەی بە پەڕۆشەوە فۆڕمی ئەم بەشە نوێیە پڕبکەنەوە.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، بەڕێز د. ئومێد رفیق فتاح سەرۆکی زانکۆی جیهان- سلێمانی زۆر سوپاسی پانێڵستە بەڕێزەکانی کرد و بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێشکەش کردن.