لە ڕۆژی چوارشەمە ٦-٣ -٢٠٢٤ لە هۆڵی سیمینارەکان پانێڵیک لەژێر ناونیشانی (گرێبەستی کاری کرێکاری بیانی : ڕێکخستنی یاسایی و لێکەوتەکانی ) لەلایەن بەشی یاسای زانکۆی جیهان – سلێمانی بە ئەنجام گەیەنرا بە دوو تەوەری جیاواز :
تەوەری یەکەم : بە کۆیلەکردنی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان وەکو شێوازێک لە شێوازەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ بەڕێز عەقید دکتۆر ئاریان ڕشید شریف بەڕێوبەری نووسینگەی سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان.
تەوەری دووەم : ڕێکخستنی یاسایی گرێبەستی کاری کرێکاری بیانی و دەستەبەرکردنیان لە هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێز مامۆستا فلاح مصطفی صدیق وانەبێز لە بەشی یاسا – زانکۆی جیهان – سلێمانی.
لەهەردوو تەوەرەکەدا تیشک خرایە سەر چۆنێتی مامەڵەکردنی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و پێشێل کردنی مافەکانیان و ئازادیەکانیان و بازرگانیکردن پێیان و لێکەوتە نەرێنیەکان لەسەر ژیانی کرێکارە بیانیەکان ، لەهەمان کاتدا خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ دەقە یاساییەکانی کاری بیانی لە یاسای کاری ساڵی ١٩٨٧ و ڕێنمایی ژمارە ٢ سالی ٢٠١٥ تایبەت بە کارکردنی کرێکای بیانی لە هەرێمی کوردستان و خراپ بەکارهێنانی کرێکاری بیانی لە دەرەوەی ڕێنماییەکان کرا . دواتر هەردوو پێشکەشکاری بەرێزی پانێڵ وەلڵامی پرسیاری ئامادەبووانیان دایەوە.