خوێندکارانی بەشی یاسای زانکۆی جیهان سلێمانی لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤دا بۆ یەکەمجار بەشدارییانکرد لە رکابەرییەکانی جیسۆپ ٢٠٢٤دا. پاش بەشدارییان لە خولی نیشتمانی عێراق، لە لایەن بەڕێز پ.د. ئومێد رەفیق فەتاح، سەرۆکی زانکۆ، سپاس و دەسخۆشییان لێکرا. خولی نیشتمانی ئەم کێبڕکێیە رۆژانی ١١ بۆ ١٣ی مانگی شوبات لە سەر ئاستی عێراق بە بەشداری ٨ زانکۆ، لە هەولێر بەڕێوەچوو. وەکوو چالاکی پراکتیکی لە بواری یاسای نێونەتەوەییدا، خوێندکارانی یاسای زانکۆی جیهان سلێمانی، وەکوو یەکەم ئەزموون، بەشدارییانکرد.
کێبڕکێی فیلیپ.سی. جیسۆپ (Philip C. Jessup International Law Moot Court Competition) وەکوو دادگایەکی گریمانەیی تایبەت بە دادگای دادی نێودەوڵەتیی لاهای، هەموو ساڵێک وەکوو باڵاترین ئاستی چالاکی پراکتیکی یاسای نێونەتەوەیی، لە سەر ئاستی هەموو جیهان بۆ خوێندکارانی یاسا، بەڕێوەدەچێ و لە خولی نیشتمانیدا هەموو زانکۆوە بەشداربووەکان، رکابەریی یەکتر دەکەن و لە کۆتاییدا یەک زانکۆ وەکوو نوێنەری وڵاتێک بۆ بەشداری لە ئاستی جیهانیدا دەچێتە ئەمریکا و لە واشینگتۆن دی سی، کێبڕکێیەکە بەردەوام دەبێت تا تیمی یەکەم دەستنیشان دەکرێت. ئەمساڵ لە خولی نیشتمانیدا لە سەر ئاستی عێراق، زانکۆی ئەمریکی بەغداد، توانی بەسەر زانکۆکانی دیکە سەربکەوێ و وەکوو نوێنەری عێراق بەشداری کێبڕکییەکانی واشینگتۆن بێت.
خوێندکارانی بەشی یاسای زانکۆی جیهان سلێمانی، بە پاڵپشتی بەڕێز سەروکی زانکۆ و سەرۆکی بەشی یاسا و مامۆستایانی ئەم بەشە، ئەمساڵ بەشداری ئەم کێبڕکێیە بوون و پاش گەڕانەوەیان لە خولی نیشتمانی عێراق کە لە زانکۆی جیهان هەولێر، بەڕێوەچوو، لە لایەن بەڕێز دکتۆر ئومێد رەفیق فەتاح، سەرۆکی زانکۆی جیهان و هەروەها لە لایەن سەرۆک بەشی یاسا، بەڕێز دکتۆر ئیسماعیل نەجمەدین و مامۆستایانی بەشی یاسا، وەکوو دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی زانکۆ بۆ خوێندکاران، بۆ بەشداری لەم جۆرە چالاکییانە و بەردەوامبوون لە ساڵەکانی داهاتوودا، پێشوازییان لێکرا و سپاسنامەیان ئاراستەکرا.