پ. ی. بێســـتون عـــارف عــەزیز
پـوخـتـــە
ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکی تیۆریی شیکارییانەیە بۆ تێگەیشتن لە دیاردەیەکی دیاری نێو زمان و وێژە، کە ئەویش دیاردەی بەریەککەوتن و کاریگەریی زمان و وێژە جیاوازەکانە لەسەر یەکتری. لە ڕاستیدا هەرچی بەریەککەوتنی وێژەییە درێژکراوەی بەریەککەوتنی زمانییە، چونکە جگە لەوەی ئاوێزانی زمانی مێژووەکەی کۆنترە، هەتا ئاوێزانی زمانی نەبێت، ئاوێزانی وێژەییش بوونی نابێت. لەم ڕوانگەیەوە سەرباری تایبەتمەندییە جیاوازەکانیان هەست بە بوونی لێکنزیکییەکی زۆر لەنێوان زمان و وێژە دەکەین، بەوەی کە زمانی پوخت و وێژەی پوخت وەهمە و بوونی نییە، چونکە ئەو زمانەی بانگەشەی پوختی و پاڵفتی خۆی دەکات، لە ڕاستیدا لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا لەپێناو داڕشتنەوەی لایەنی زمانی خۆی بەر یەکێک لە زمانەکانی تر کەوتووە و ئاستە جیاوازەکانی خۆی پێ دەوڵەمەند کردووە، بەهەمان شێوەش ئەو ئەدەبەی بانگەشەی بێ کاریگەری و تاک و تەرای خۆی دەکات، لە ڕاستیدا لە کاتی دارشتنی بونیادی نێودەقی خۆی بەر دەقێک یان زیاتری مێژوویی یان هاوچەرخی خۆی کەوتووە، بەڵام لە هەردوو بەریەککەوتنەکەدا ئەوەی گرنگە خاڵی تێپەڕاندنی ئەو کاریگەرییانەیە، هەر لێرەشەوە فەرهەنگی زمانی و دەلالەتی وێژەیی گەشەدەکات و دیوی خستنەسەری داهێنانە ژیاری و ژیانییەکان بەرەو پێشکەوتن و گەشەی بەردەوام دەچێت.
پـێـشـــــەکی
كاریگەری و كارلێككردن، سوودوەرگرتن و چوونەناویەكی زمان و وێژەکان مێژوویەكی كۆنی هەیە، بەقەد مێژووی لەدایكبوونیان كۆنە، هۆیەكانی نێوەندی ئەم پرۆسەیەش بەپێی سەردەم و قۆناغە جیاجیاكانی مێژووی زمان و وێژە، گۆڕانی جەوهەرییان بەسەردا هاتووە. خەیاڵی وێژە و فەرهەنگی دەوڵەمەند و بیری بەرزی مرۆڤانە، كە بە ئاستێكی دەربڕینی بەرز و تەكنیك و بونیاد و ستایلێكی باڵا دەربڕابن، سنووری جوگرافی نەتەوە بەرهەمهاتووەكەی خۆی دەبەزێنێت و دەبێتە كانگای سروش بۆ زمان و وێژە و كولتوور و ڕۆشنبیری نەتەوەکانی تریش، تا وای لێ دێت مۆركێكی جیهانی بەخۆی وەردەگرێت. لەم ڕوانگەیەشەوە ناونیشانی توێژینەوەکەمان بۆ “ئاوێزانی زمانی و تێکڕژانی وێژەیی لەنێوان واقیع و خەیاڵدا” تەرخانكردووە، كە بەگشتی كاركردنێکی تیۆرییە لەسەر هەندێک لە بەرکەوتن و کاریگەریی زمانەکان لەسەر یەکتری و تێکڕژان و بەریەککەوتنە وێژەییەکان، لەم ڕوانگەیەوە پێمانوایە زمانی کوردییش وەک هەموو زمانەکانی تری جیهان، کەمتازۆر بەر زمانەکانی تر کەوتووە و توانیوێتی چ لەڕێی خێزانە زمانی هاوبەشەوە چ لەڕێی ئایین و هاوسێیەتی و نزیکی جوگرافی و لایەنی سیاسی و داهێنانە زانستییەکان و کۆچ و گەشتکردنی کوردزمانانەوە بەر زمانە جیاوازەکان بکەوێت و وشە و زاراوەی نوێیان لێ بخوازێت و دوای کوردداندنیان فەرهەنگی نەتەوەیی پێ دەوڵەمەند بکات، کە ئەمەش نیشانەی خۆنوێکردنەوە و زیندووییەتی لەگەڵ داهێنانە نوێکان و داواکارییە هاوچەرخەکانی سەردەم. دیارە ئەمەش وامان لێدەکات زیاتر لە چییەتی و چۆنێتی کارکردنی دەربڕینە زمانییەکان تێبگەین، تا لەوێشەوە بە دیاردەیەکی گڵۆباڵی زمان وێژە ئاشانبین، کە دیاردەی بەریەککەوتن و ئاوێزانبوونی فەرهەنگییە، بۆیە کاتێک لە ئەزموونە زمانییە جیهانییەکان تێگەیشتین کە چەند بەریەکدەکەون و ئاوێزانی فەرهەنگی و مەعریفییان لەنێواندایە، ئەوا ئاسایی ئەم دیاردەیەش لەناو زمانی کوردییدا دێتە پێش چاومان و دانەبڕانی زمان و وێژەی کوردی لە زمان و وێژەی جیهانی بەدی دەکەین.
هۆكاری هەڵبژاردنی ناونیشانی توێژینەوەکە:
لەبەر كەمی بەراوردكردنی زمانی كورديی بە زمانە جیهانییەكان و دۆزیینەوەی كاریگەری و ڕووی لێكچوونیان لە ڕوانگەی وەرگرتن و خواستنی هەندێك لەو وشە و زاراوانەی كە خواستراوی زمانەکانی جیهانن و لە زمان وێژە و فەرهەنگی كوردییدا بوونیان هەیە، تا لەوێشەوە بە پەیوەندییە شاراوە و نەوتراوەكانی ئاستەکانی زمان و بونیادی دەقی وێژەیی ئاشنابین.
میتۆدی توێژینەوەکە:
لەڕاستیدا تاكە میتۆدێك كە بەشێوەیەكی زانستی بەرجەستەكەری ناونیشان و شیكارییە تیۆرییەكانی ناو توێژینەوەکەمان بێت، بە خوێندنەوەی ئەزموونە زمانی و وێژەییە جیهانی و ناوخۆییەکان سوود لە میتۆدی وەسفی شیکاری وەرگیراوە، دیارە ئەمەش بە پاڵپشتی ڕۆشنبیرییەكی مێژوویی بەراوردكارانەی نێوان زمان و وێژە جیاوازەکان.
گرفتی توێژینەوەکە:
-فراوانی كەرەستە و مەودای توێژینەوەکە و چۆنێتی سنووردانان بۆی، گەڕان و دۆزینەوەی هەندێک دیاردەی کاریگەریی وێژە و زمان و دیاریکردنی سەرچاوەی کاریگەرییان.
-كەمی توێژینەوە لە بواری بەریەککەوتنی زمان و وێژەی کوردی بە زمان و وێژەی جیهانی.
بەشەكانی توێژینەوەکە:
توێژینەوەکە لە پوختەیەک و پێشەكییەك و دوو بەش و ئەنجامێك پێكهاتووە.
بەشی یەكەم: بە ناونیشانی ڕۆڵی زمان لە بەریەککەوتنی ئەزموونە واقعییەکاندا ئەم بەشە لە دوو پار پێکدێت، پاری یەکەم بە ناونیشانی ئاوێزان و کاریگەریی زمانەکان لەسەر یەکدی، کە تیایدا کارمان لەسەر مێژووی دیاردەی بەریەککەوتن و ئاوێزانی زمانی کردووە و ئەو هۆکارانەش دەبێتە هۆی هاتنەئارای ئەم دیاردەیە بخەینەڕوو، کەمتازۆر بە زمانی کوردییەوە پەیوەستی بکەین.
هەرچی پاری دووەمیشە بە ناونیشانی وەهمی پوختی و پاراوی زمانی نەتەوەیی، تیایدا کارمان لەسەر باسکردنی ئەو تایبەتمەندییە زمانییە کردووە کە بەبێ کاریگەریی زمانەکانی تر و سوودوەرگرتن و خواستنی وشە و زاراوەکانی تر نابێت, زمانی پوخت و پاڵفتە وەهمە و بوونی نییە، لێرەشەوە نموونەی پێویست و ئەزموونی ژیاری زمانە جیاوازەکانمان خستووەتە بەرچاو.
بەشی دووەم: بە ناونیشانی ڕۆڵی زمان لە بەریەککەوتنی ئەزموونە وێژەییەکاندا
ئەم بەشە لە سێ پار پێکدیت، پاری یەکەم بە ناونیشانی ڕۆڵی زمان لە وێژەدا کە تیشکمان خستووەتە سەر ڕۆڵ و گرنگی زمان وەک ڕەگەزی سەرەکی وێژە لە دروستکردنی ئیستاتیکا و بونیادی دەقی وێژەیی.
هەرچی پاری دووەمیشە بە ناونیشانی ئاوێزانبوون و تێکڕژانی وێژەیی، کە تیایدا باسمان لە بەریەککەوتن و کاریگەریی دەقە وێژەییەکان کردووە، کە چۆن سوود و ئەزموون لەناو یەکدا ئاڵوگۆڕ دەکەن، چۆن دەقی بەرهەمهاتووی ئێستایی دەبێتە شوێنی دابارینی دەقە پێشینەکان و هەر دەقێک بەرئەنجامی تێکڕژان و بەیەکداچوونی کۆمەڵیک دەقی پێش خۆیەتی، دیارە ئەمەش هەر بە تەنیا گواستنەوەی داتای زمانی نییە، بەڵکو گواستنەوەی خەیاڵ و فەنتازیای وێژەیشە.
هەرچی پاری سێیەمیشە بە ناونیشانی زمان وەک ئامڕازی مانەوەی خەیاڵ و لێکچوونی بێ ئاگا، تیایدا ئاماژەمان بەو دیاردە ئەدەبییە داوە، کە بەبێ ڕایەڵەی پەیوەندی و کاریگەریی کۆمەڵێک دیاردە و وێنە و بیری وێژەیی لەنێوان ئەدەبەکاندا هاوبەشن و لەیەک دەچن، کە لە ئەزموونێکەوە هەڵقوڵاون، دیارە تەنیا ئامڕازێکیش بۆ بەیەکگەیاندنی خەیاڵ و فەنتازیای ئەدیبان، مانەوەی دید و جیهانبینینیان لە زمان و داتا زمانییەکاندا خۆی دەبینێتەوە.
لە کۆتاییشدا بە چەند خاڵیک ئەنجامە بەدەستهاتووەکانمان خستووەتەڕوو، لەگەڵ پۆلێنکردنی لیستی سەرچاوە بەکارهاتووەکاندا.
بــەشـــی یــەکـــەم/ ڕۆڵـی زمــان لـە بـەریـەککـەوتنـی ئـەزمـوونـە واقـعییەکـاندا
پـاری یــەکــەم/ ئــاوێـزان و کـاریگــەریی زمـانەکـان لەســەر یـەکـدی
كاریگەری كۆڵەكەی سەرەكی گەشەی چالاکییە مرۆڤایەتییەکانە و بەهێزترین دیاردەی مرۆڤناسییە كە یارمەتی توێژەران دەدات زیاتر بەناو ئەزموونی زمانی و نێونەتەوەیدا ڕۆبچن، لەپاڵ دۆزینەوەی ڕووی لێكچوون و نزیكایەتی گیانێكی مرۆڤانە بە وێژە و زمان ببەخشن. لێكۆڵینەوە لەبارەی چۆنێتی و پێوانەی كاریگەريی زمانەکان لەسەر یەکدی یەكێكە لە مەسەلە هەستیارەکانی لینگویستیک، چونکە كاریگەريی كەرەستەی یەكەمی ململانێی زمانییە، تێگەیشتن و بەكارهێنانی ئەم زاراوەیەش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئەنجامدانی پرۆسەی بەراوردەوە، چونكە بەراوردكاری دەبێ لە یەكەم هەنگاوی توێژینەوەکەیدا پەنجە بۆ دیاردەی كاریگەریی زمانی درێژ بكا، ئینجا تێبكۆشێت ئەم كاریگەرييە بە بەڵگەی زانستی و مێژووی بسەلمێنێت و لەكۆتاییدا ئەنجامی كارتێكردنەكە شیبكاتەوە(گەردی: 1978، 114).
مەبەست لە كاریگەریی زمانی ڕەنگدانەوەی بابەتێكە یان بیرێكە یان ئاست و جۆرەكانی بونیادی زمانی نەتەوەیەکە لەسەر زمانی نەتەوەیەکی تر، لە ئەنجامی ڕاكێشانی بیر و سەرنجی فەرهەنگی دووەم و سەرسامبوونی بە کولتوور و فەرهەنگی یەكەم دێتەئاراوە، كە بەردەوام فەرهەنگی یەكەم دەبەخشێت و فەرهەنگی دووەم وەردەگرێت.
لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی (Influence) لە ((وشەی (Influere)ی لاتینییەوە وەرگیراوە، كە ئەویش لە (In+ Fluere) پێكهاتووە، (In) بە واتای (لەناو) و (Fluere)یش بە واتای (دەرچوون) دێت، وشەكەش (Influere) لە بنەڕەتدا بە مانای هەر شتێك یان هەر مادەیەك كە سیفەتی (لێچۆڕین) یان (لێڕۆشتن) لەخۆبگرێت))(Ernest Klein”Dr”: 1966, 793).
لە زمانی عەرەبیدا وشەی (التاثیر) لە ((وشەی (الاثر)ەوە هاتووە، بەواتای مانەوەی شتێك لەدوای شتێك یا پاشماوەی شتێك، وشەی (التاثیر)یش بە واتای مانەوەی پاشماوەی شتێك لەسەر شتێكی تر، یا كارتێكردن لە شتێك یا بەجێهێشتنی كاریگەریی لە شتێكدا))(ابن منظور: 2000، 52).
لە زمانی كوردیشدا وشەی (كاریگەری) جگە لەوەی هاوپێچی گەلێك وشەی تر كراوە بۆ گەیاندنی واتا و مەبەستی تر، بەڵام بەشێوەیەكی سەرەكی دەتوانین بڵێین بە واتای ((كارتێكردن، هەستجووڵاندن، كاریگەر))(نیزامەدین: 2007، 281)دێت، یان بە واتای ((شوێن پێ هەڵگرتن، شوێنی كەوت، بەدوایا ڕۆی یان پەیڕەوی كرد و ڕێبازی ئەوی گرت))دێت(نیزامەدین: 2007، 280).
مێژووی كاریگەری و پەیوەندیی كولتووری هاوتایە بە مێژووی زمان و كولتوور، هەر بۆ نموونە لە ئەدەبی ئەوروپاییدا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێش زاین بەتایبەتیش ساڵی “146”ی پێش زاین، كاتێك یۆنانییەكان لەڕووی هێز و دەسەڵاتەوە بەرامبەر ڕۆمانەكان هەرەسیان هێنا و ڕووخان، كەچی پایەبڵندی بوارەكانی شارستانی و مەعریفی و فەلسەفی و ئەدەب و زمانی یۆنانەكان هەر مایەوە و نەڕووخا، تا ئەوەی ڕۆمانەكان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كەوتنە ژێر كاریگەری و لاسایكردنەوەی یۆنانەكان. ئەمەش بووە هۆی دەوڵەمەندكردن و هەستانەوەی بابەتە ڕۆشنبیرییەكانیان، بۆیە “هۆراس”ی ڕۆمانی بەردەوام دەیگووت: ((ئەوەندەی مەسەلەكە پەیوەندی بە ئێوەوە هەیە، شەو و ڕۆژ نموونە گریكییەكانتان لەبەرچاو بێت))(هۆراس: 1979، 18).
کاتێک باسی کاریگەریی زمانی دەکەین مەبەستمان کاریگەریی وشە و بنەما فەرهەنگییەکانە، کە زمانێک دەبێتە بەخشەر و زمانێکیش دەبێتە وەرگر. بەڵگە نەویسەتە کە زمانەکان بەشێوەیەکی گشتگیر و هەمەلایەن کار لەیەکتری دەکەن، ئەم کارلێککردنەش مێژوویەكی پێكەوەبەستراو و لەیەكنەپچڕاوی هەیە و لە هەندێک سەردەم و ڕۆژگاریشدا بەشێوەیەکی زۆر بەهێزە و بەردەوام لە شێوە و فۆڕمی نوێدا دەردەكەوێتەوە، بۆ نموونە: زمانی لاتینی لە ڕۆژئاوا کاریگەریی لەسەر زۆربەی زمانەکانی ئەوروپا داناوە، کەچی لە قۆناغی دواتردا زمانە ئەوروپییەکان جگە لە ئاوێزانبوون و کاریگەریی دانان لەسەر یەکتری و ئاڵوگۆڕی ئەرکی بەخشەری و وەرگری, وەک کاریگەریی زمانی ئیتاڵی لە سەردەمی ڕێنیسانسدا و زمانی فەڕەنسی لە سەدەی هەژدەدا و زمانی ئەڵمانی ئیگلیزی لە سەدەی نۆزدەداو…هتد کاریگەرییشیان لەسەر زۆرێک لە زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان داناوە. خۆ ئەگەر زمانی سڵاڤیش لە ڕۆژهەڵات بە نموونە وەربگرین، ئەوا هەمان دەرئەنجاممان دەست دەکەوێت.
كاریگەريی جۆری زۆرە، بەڵام لەنێوان هەموو كاریگەری و وەرگرتنە هونەرییەكاندا، كاریگەرییەك كە زمانی نەتەوەیەک لە فەرهەنگ و زمانی نەتەوەیەکی تری وەردەگرێت، گرنگترین جۆری كاریگەرییە. زۆرجار هۆكارەكانی ئەم دیاردەیە بەجۆرێك لە كۆنەستی نەتەوەدا دەنیشێت، كە هەرچەندە سەرچاوە بنەڕەتییەكەی بزانرێت، بەڵام شوێنی بەكارهێنان و هاتنەوەی ئەو داتا زمانییە لە دونیای داهێنان و نووسین و چالاکییە زمانییەکاندا نازانرێت، بۆیە لەم ڕووەوە دەتوانرێت دەوری زمانەوانی لێهاتوو و زرنگ دیاری بكرێت، كە بەناو دونیایەكدا ڕۆدەچێت كە زۆرجار بۆ قسەپێکەرانی زمانی بنەڕەتیش ئاسان نییە و ڕەنگە پەی پێ نەبردبێت زمانەکەیان چەند بە بەرهەم و کاریگەرە، ئەوە بۆیە مەرج نییە هەمیشە زمانەکان ڕادەی کاریگەریی زمانەکانی تر لەسەر خۆیان بزانن، یان شێوەی بەخشینیان لەسەر زمانەکانی تر لە یەک بوار و کێڵگەی واتاییدا بێت، بۆ نموونە فەرهەنگی یۆنانی لە بەخشینی وشە و زاراوەی فەلسەفی بۆ فەرهەنگی زمانەکانی تر کاریگەرە، بەڵام مەرج نییە بۆ بواری وەرزشی هەمان کاریگەریی هەبێت، دیارە ئەمەش بۆ پاشخانی کولتووری و مەعریفی ئەو زمان و نەتەوەیە دەگەڕێتەوە کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندی ئەو بوارە بووە.
گرنگترین مەرج بۆ بەریەککەوتنی زمانەکان بریتییە لەوەی کاتێک زمانێک وشە و زاراوە لە زمانێکی تر دەخوازێت، پێویستە ئەو خواستنە لە پێویستیی فەرهەنگی و ژیانی ئەو نەتەوەیەوە هەڵقوڵابێت و فەرهەنگی خۆی ئەو وشەیەی نەبێت، واتە لە نەبوونی وشە و زاراوەیەک بۆ واتا و دیاردەیەک یان لە کەلێنێکی پێویستییەوە بۆ دەربڕینەکانی قسەپێکەرانی هاتبێتەئاراوە، ئینجا ئەو وشەیە لە زمانی بیانی بخوازێت، چونکە لەکییەکی گەورەیە زمانی یەکەم خۆی وشەیەکی بۆ مانا و دیاردەیەک هەبێت و وشە لە زمانی بیانی بخوازێت. پاشان دیاردەی خواستنی داتای زمانی نابێت بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و لەخۆوەی بێت، بەڵکو دەبێت بەرئەنجامی لێوردبوونەوە و توێژینەوە بێت و بخرێتە ژێر کاریگەریی دەنگسازیی زمانی دووەمەوە و لەگەڵ سروشت و یاسا و ئاستە جیاوازەکانی زمانی وەرگردا گونجێندراوبێت و لە دەنگ و شوناس و مۆرکی زمانی وەرگیراو دابڕێندرابێت، هەر بۆ نموونە لە زمانی کوردییدا وشەکانی: (معاملة- طعن- مطمئن- طفل…هتد) لە زمانی عەرەبییەوە خواستوومانە و کورددانوومانن بە: (مامەڵە- تام- تانە- متمانە- تولف…هتد)، قسەکەرێکی زمانی عەرەبی نایناسێتەوە و قسەکەرێکی زمانی کوردییش بەئاگا یان بێئاگا لەگەڵ هەڵکەوتەی دەربڕین و لایەنی فۆنەتاکتیکی زمانەکەیدا گونجاندویەتی، بەبێ ئەوەی هیچ لەکییەکی نەتەوەیی و کەموکورتییەکی شوناسی دروست بکات، هەروەک “جەمال نەبەز”یش لەبارەی ئەم جۆرە وشانەوە دەڵێت: ((تازە تێکەڵ بە خوێن و گۆشتی زمانەکەمان بوون و بە لای منەوە لابردنیان دەبێتە هۆی پەیداکردنی کەلێنێک کە بە هیچ کلۆجێک بۆمان پڕنابێتەوە))(نەبەز: 2008، 17).
لە کۆتایی ئەم پارەدا پێویستە ئەگەر بە کورتیش بێت ئاماژە بە هۆکارەکانی بەریەککەوتن و ئاوێزانبوونی زمانەکان بکەین و کەمتازۆر بە زمانی کوردییەوە پەیوەستی بکەین.
1- هەبوونی ڕەگی مێژووی هاوبەش یان چوونەوەی چەند زمانێک بۆ یەک کۆمەڵە خێزانی زمانی هاوبەش، کە لە کاتی خۆیدا ئەو خێزانە زمانییەش خاوەنی فەرهەنگێکی تایبەت بە خۆی بووە، لە قۆناغی دواتردا چەندین زمانی لێکەوتووەتەوە و هەریەکەیان بەشێک یان زیاتریان لە فەرهەنگە بنەڕەتییەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە. لە ئێستاشدا ئەو وشانە بە هەندێک گۆڕانکاریی کەمی لایەنی دەنگسازی لە چەندین زماندا دەبینرێت، واتە ئەم جۆرە ئاوێزانبوونە هێندەی بۆ ڕێچکەیەکی خێزانە زمانێکی هاوبەش دەگەڕێتەوە نیو هێندە بۆ کاریگەریی زمانی ناگەڕێتەوە وەک “ئەوڕەحمانی حاجی مارف” دەڵێت: ((گەڵێک جاریش وێکچوون دەبینرێت، کە ڕاست نییە بەوە دابنرێت گوایە زمانێک لە زمانێکی دییەوە وەریگرتبێت، بەڵکو ڕاست ئەوەیە سروشتی پێوەندیی بەردەوامی نێو زمانانی خێزانێک ئەمەی سازکردووە، گروپی زمانانی هاوڕەگەز، بەو کۆمەڵە زمانە دەوترێت کە لە نێوانیاندا وێکچوونی سروشتی لە پێکهاتنی دەنگ و واتای ڕەگی وشە و گیرەک “ئافێکس”دا دەردەکەوێت))(ئەوڕەحمانی حاجی مارف”د”: 1979، 21). هەر بۆ نموونە زۆرێک لە وشەکانی خێزانە زمانی هیندۆئەوروپی دەرکەوتەیان لەناو ئەو زمانانەدا هەیە کە سەر بەم خێزانە زمانییەن وەکو: “مانگ” لای کورد “Moon” لای ئینگلیز و “ماهـ” لای فارس. یان “ئەستێرە” لای کورد و “Star” لای ئینگلیز و “ستارە” لای فارس. یان “نوێ” لای کورد و “New” لای ئینگلیز و “نو” لای فارس. بۆیە لێرەدا ناتوانین بڵێین کام زمان لە کام زمانی خواستووە، بەڵکو چەند موڵکی زمانی یەکەمە هێندەش موڵکی زمانی دووەمە و میراتییەکی هاوبەش و هاوڕێژەیان تێیدا هەیە.
2- ئایین: وەک دەزانین ئایین هۆکارێکی کاریگەرە و بڕواهێنانی هەر نەتەوەیەک بە هەر ئایینێکی نەتەوەیەکی تر جگە لە باوەڕ و کولتوور بەشێک لە وشە و زاراوەکانی ئەو ئایینە دەترنجێتە ناو فەرهەنگی ئاوەزی قسەپێکەرانی نەتەوەی دووەم، داتا زمانییەکانی ئەو ئایینە دەبێتە وشەی بەکاربەری ڕۆژانەی هەڵگرانی ئەو ئایینە، بۆ نموونە کورد لەدوای ئاشانبوونی بە ئایینی ئیسلام گەلێک وشە و زاراوەی ناو باوەڕ و جیهانبینی ئیسلام کەوتووەتە ناو زمانی کوردییەوە وەکو: (ئایەت- سورەت- فەتوا- کفن- موعجیزە- حەج…هتد). جێی سەرنجە نەتەوەی کورد ئەو وشانەی لەڕێی ئایینی ئیسلامەوە وەریگرتووە و بەشێک نەبوون لە باوەری خۆی وەک خۆی بەکاریاندەهێنێت، چونکە جێگرەوەیان نییە و وەرنەگێردراون و پێش ئیسلام بەشێک نەبوون لە ئایینداری نەتەوەی کورد وەکو: (حەج- زەکات- عەمرە- سونەت- فەرز…هتد)، بەڵام ئەو وشانەی کە لەپێش ئایینی ئیسلام بەشێک بوون لە باوەڕ و ئایینداری نەتەوەیی خۆی و دوای ئاشنابوونی بە ئایینی ئیسلامیش جەختی لەسەر کراوەتەوە، ئەوا وەریگێڕاون و وشە کوردییەکەی پێشووتری خۆی بەکاردەهێنێت وەکو: (نوێژ- ڕۆژوو- پەرستش…هتد).
3- داهێنانی زانستی و دۆزینەوە جیاوازەکان: دیارە زۆرێک لە داهێنانە نوێکانیش پێویستی بە ناونان هەیە، کە فەرهەنگی نەتەوەی خاوەن داهێنەر بەپێی تایبەتمەندیی زمانی خۆی ناوی لێدەنێت و زمانەکانی تریش وەک پێویستی ڕۆژانە و ژیانکردنیان بەکاریاندەهێنن، لێرەوە وشەی نوێ دەچێتە ناو فەرهەنگ و ئاوەزی ئاخێوەرانیان، بەتایبەت داهێنراوە تەکنەلۆژی و پیشەسازی و پزیشکی و فەلسەفی و وەرزشی و ئابورییەکان، کە لەبەر چالاکیی کێڵگەی واتاییان و لەبەر نەدۆزینەوەی وشەی وەرگێردراوی مەبەستپێک لە زمانی دووەم، کە ئەگەر وەریش بگێڕدرێت ئەوا هێندەی وشە بیانییەکە لەناو خەڵدا دەڕوات و کۆمەڵەکی وەردەگرێت، نیو هێندە وشە خۆماڵییەکە وەریناگرێت و لەناو خەڵکدا ناڕوات، بۆیە زۆرێک لە زمانەکان وەکو خۆیان دەیخوازن و بەکاریاندەهێننەوە، لەم ڕوانگەیەشەوە زمانی ئینگلیزی ئاستی سەرباشقەیی و پێشەنگی وەرگرتووە، هەر وەک وشەکانی: (موبایل- تەلەفزیۆن- سەتەلایت- کۆمپیوتەر- ئینتەرنێت…هتد).
پێویستە ئەوەش بڵێین کە هەندێک زمان مێژوو و سەردەم ڕووی لێناوە و شانسی بەرەوپێشچوون و دەوڵەمەندی زیاتری لە زمانێکی تر بۆ ڕەخساوە، هەر بۆ نموونە ئەگەر لە هەر وڵاتێکی ئەوروپی یان ئاسیایی یان ئەمریکای لاتین…هتد داهێنانێک بدۆزنەوە کە بە هیچ کلۆجێک ناچنەوە سەر زمان و کولتوور و فەرهەنگی ئینگلیز، کەچی بە فۆنتی ئینگلیزی لەسەری دەنووسرێت و بە بازاڕ دەکرێت، ئەمەش داهاتێکی زمانییە و دەچێتەوە ناو خانەی فەرهەنگی زمانی ئینگلیزی.
4-هاوسێیەتی و نزیکی جوگرافی دوو زمان کە پەیوەندییەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی و بازرگانی و مێژووییان لەنێواندا هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندیی کولتووری و فەرهەنگی و ئاڵوگۆڕی داتای زمانی، بۆ نموونە زمانی کوردی پەیوەندیی هاوسێیەتی لەگەڵ زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکیدا هەیە، دەیان وشەی ئەوان لەناو بەکارهێنەران و قسەپێکەرانی زمانەکەماندا دەبینرێن وەکو وشەکانی: (هیلاک- بۆینباخ- باجی- بەلوعە- ئاموشۆ- سات- قورمیش- یاپراخ…هتد).
5-سیاسەت: لایەنى سیاسەتیش یەکێکە لەو لایەنانە، کە ئەم لایەنەش بێبەش نەبووە لە هێنانە ناوەوەى وشە و زاراوەى بیانی، ڕێگاى )وەرگرتن (ڕۆڵێکى دیارى لە هاتنەکایەى وشە و زاراوەى سەر بەژیانى
شۆڕش و ڕامیاری و دیبلۆماسیدا هەبووە، لەبەرئەوەى کورد هەمیشە لە بارودۆخێکى سیاسی ناجێگیردا بووە، بە درێژایی مێژوو پێویستیى بە وشە و زاراوەى نوێ هەبووە، هەریەکە لەو شۆڕش و بزوتنەوانەى کە لە کوردستان هەبوون کاریگەریيان لەسەر دەرکەوتنى چەندین وشە و زاراوە و دەربڕینى تایبەتى هەبووە و زمانەکەیان دەوڵەمەندکردووە، ئەگەر ئاوڕێک لەو شۆڕشانە بدەینەوە کە لە سەردەمى ڕابردوودا بونیان هەبووە, دەبینین لە ئاکامى دروستبوونى ئەم شۆڕشانە بە دەیان وشە و زاراوە کە پەیوەندییان بە شۆڕش و سیاسەتەوە هەیە هاتوونەتە ناو زمانى کوردی و زمانى کوردیيان دەوڵەمەندکردووە وەکو: )فاشیزم- دکتاتۆر- شەهید- عەسکەرى- عەمیل- دیموکراتى- خاین- تەرحیل- وەفد- ئیعدام- ئۆتۆنۆمى- موستەشار …هتد)(عەبدولغەنی”د”: 2019, 115 .(
جگە لەو هۆکارانە هەریەکە لە هۆکارەکانی هەژاری دەربڕین و پێویسبوونی زمانێک بە گوزارشتە نوێکانی سەردەم. کۆچکردن و ئاوارەیی نەتەوەیە و بەرکەوتنی لەگەڵ کولتوور و زمانی نەتەوەیەکی تر. یان هۆکاری ڕاگەیاندن بە هەموو جۆر و شێوەکانییەوە. یان کردنەوەی ئەو قوتابخانانەی لە ژینگە و کەشوهەوای زمانی دووەمن و بە زمانی یەکەم “بیانی” دەخوێنن(بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: عەبدولغەنی”د”: 2019, 114- 115- 116).
پــاری دووەم / وەهـمی پـوخـتی و پــاراوی زمــانی نـەتـەوەیی
هەموو زمانێک بە ڕادە و شێوەی جیاواز کەمتازۆر وشە و زاراوەی خواستووە و لە زمانەکانی ترەوە وەریگرتووە، بە جۆرێک زمانی پاڵفتە و پوخت وەهمە و بوونی نییە، چونکە ژیانکردن پێشەکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هەموو زمان و کولتوورێک ڕۆژانە و هەفتانە بەریەکدەکەون و هیچ زمانێک نادۆزیتەوە کاریگەریی زمانی بێگانەی لەسەر نەبێت. ((لەسەر ڕووى ئەم زەوییە، هیچ زمانێک نادۆزیتەوە، کاریگەرى زمانى بێگانەى لەسەرنەبێت و کەڵکى لێوەرنەگرتبێت, وەرگرتنى زاراوەی بیانی، پێویستییەکى سروشتییە و بەربەستێک نییە بە ڕوویدا بوەستێت و پێشى پێبگرێت، چونکە پەیوەستە بە ژیانى کۆمەڵ و قسەپێکەرانییەوە))( عەبدولغەنی”د”: 2019, 101). لەم ڕۆژگارەدا ناتوانرێت ڕێگە لە هیچ قسەکەرێک بگریت کە چۆن بپەیڤێت، مەرجدانان بۆ قسەکەری هەر زمانێک قورسە و داوایەکە هەرگیز نایەتەدی، چونکە قسەکردن پەیوەستە بە ئازادیی بوونیەتی تاکەکانەوە، لەو چێوەیەشەوە لەکاتی قسەکردندا چەندین وشەی بیانی و ناخۆماڵی کە لەڕێی یەکێک لە سەرچاوەکانی کاریگەرییەوە وەریگرتووە بەکاردەهێنێت، دەسەڵاتیش چەند زۆردار و بە هەیبەت بێت ناتوانێت خۆسەپێن بێت و سنووری بەکارنەهێنانیان دیاری بکات.
بەرکەوتن و ئاوێزانبوونی زمانەکان تایبەتمەندیی جێگیر و چارەنووسی هەموو زمانەکانە، بەڵام زمانی هەر نەتەوەیەک وەک ئامڕازی داهێنان و چالاکیی ژیانکردنیان نابێت هێندە لەناو بۆتەی فەرهەنگ و زمانەکانی تردا بتوێتەوە، کە خۆی لەیاد بکات و شوناس و پێگەی کولتووری و نەتەوەیی خۆی لەدەست بدات، چونکە مێژوو ئەوەی یەکلاکردووەتەوە زۆر نەتەوە بە لەناوچوونی زمانەکەیان خۆشیان لەناوچوون، بەڵکو دەبێ ئەو کاریگەری و ئاوێزانبوونە بە زمانەکانی تر بخاتە ژێر کاریگەریی لایەنی دەنگسازی خۆی و لەگەڵ تایبەتمەندیی زمانی نەتەوەکەی خۆیدا بیگونجێنێت، بەجۆرێک بیکاتە سوژەی بەرەوپێشچوون و ئەفراندن و گەشەی زمانی خۆی و لە بەرامبەر هەموو کاریگەرییەک کاردانەوەی زمانی و تێپەڕاندنیشی هەبێت. هەروەها لەناو ئەو ڕەنگ و دەنگە جیاوازانەی لە شێوەی جیاجیای كاریگەريی بەر زمانی نەتەوەیەک دەكەوێت، دەبێت بیانكاتە پاڵپشت و واژەی داهێنان، پارێزگاری لە تایبەتێتی زمانی و نەتەوەیی خۆیی بكات.
ئاوێزانبوونی زمانی جگە لەوەی نیشانەی نەرێنی و لەکی نییە، بەهێزترین هۆكارە بۆ گەشەكردن و بەرەوپێشچوونی هەر زمانێک، چونكە مێژووی زمانی زۆرێك لە نەتەوەكان ئەوەی سەلماندووە كە هەر زمانێک لەناو كایەی فەرهەنگی خۆیدا سوود لە دەوڵەمەندی فەرهەنگی نەتەوەكانی تر وەرنەگرێت و خۆی دوورەپەرێز و گۆشەگیر ڕابگرێت، دوادەكەوێت و ناتوانێت لەگەڵ گەشەكردن و نوێكاری زمانی جیهانیدا جێگای خۆی بكاتەوە.
زۆربەی ئەو زمانانەی خۆیان لە سنووری كاریگەریيدا دەبیننەوە، لەئاستی ناوخۆییدا سەرباشقە و دەركەوتوون، دیاردەی كاریگەريی چەندە پەیوەستە بە ئاست بڵندی و شاكاری فەرهەنگی جیهانییەوە، كە وەك بەرهەمێكی مرۆڤایەتی لێهاتووە بەجۆرێك بووەتە موڵكی گشت مرۆڤایەتی، هێندەش پەیوەستە بە هەلومەرجی ناوخۆیی و دۆخی ناوەكی فەرهەنگی كارلێكراوەوە و ئامادەیی ئەو فەرهەنگە بۆ وەرگرتن و ئاڵوگۆڕی كولتووری و داتای زمانی، چونكە ((كاریگەری هۆیەكی گەوهەرییە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و فەرهەنگی میللەتانی جیهان و فراوانبوونیان))(فرانسوا غویار: 1978، 37).
هەبوونی گەلێك سەرچاوەی جۆراوجۆر لە پێكهاتە و بونیادی زمانێکدا، قسەکەر وا لێ دەكات بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرچاوە جۆراوجۆرانە، چونكە زمانی قسەپێکردنی ئێستایی گەیەنەر و زیندووكەرەوەی زمانی قسەپێکەرانی ڕابردوون، بەم جۆرەش سەرجەم زمانەکان دەبنە گەیەنەر و ئەڵقەیەكی لێكنەپچڕاوی یەكتر كرداری هەڵهێنجان و گواستنەوە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، هێشووە واتای جیهانی بەدەست دێنن، بەو پێوەدانگەی زمان كارێكی بەرهەمییە، دەتوانێت لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕدا نوێنەرایەتی چەند زمانێکی دیكەش بكات(مەحمود “د”، 2009، 201).
سوودوەرگرتنی زمانێک لە زمانێکی تر بۆ ئەوەیە زمانبوونی خۆی دابڕێژێت و فەزای واتایی خۆی فراوانتر بكات، چونكە دواتر ئەمیش دەبێتە سەرچاوەی بەخشین بۆ زمانی تر، ئەزموون و كارامەی بەرهەمداری پێویستییەكی حاشا هەڵنەگرە، هەر زمانێک تا ڕۆشنبیری گشتی و داتای زمانی خۆی فراوانتر بكات هێشتا كەمە، چونكە لەسەر دەربڕین و یادگای مەعریفە جۆربەجۆرەكانی قسەپێکەران ڕەنگدەداتەوە. زمانی کارلێکراو كۆپیكاری خاوەن كۆگایەكی مەزنی بۆماوەییە، فەرهەنگەكەشی كۆگایەكی مەزنی ڕەمزەكانە كە لە ئەزموون و کۆزانینێکی ڕۆشنبیرییەوە وەرگیراون و لە ئاوەزی قسەکەردا نیشتەجێن. زمانێکی ئەوتۆ كە ئەمە سەرچاوەكەی بێت، زمانێکی هەمەلایەنی دەنگەكانە و تەنیا یەكێك ئەندام و خاوەنی نییە، كە تەنیا دەنگی قسەکەرێک بێت. زمانەکە تەنیا فەرهەنگێكە بەپێی نیشانەكان وشەكانی ڕیز دەبن، بەپێی نەریتی هونەری ئەوتۆ كە قسەکەر ناتوانێت پشتگوێیان بخات(ڕەئوف: 2011، 250) .
زمان بەردەوام تێکەڵی لەگەڵ زمانەکانی تردا دروست دەکات و خۆی نوێ دەکاتەوە، هەندێك خۆشاوی ڕۆحی ئەو تێکەڵاوی و نوێکارییانە خۆیان لە خوارەوەی هەستی نەتەوەدا مت دەكەن، جا ئەو متبوونە زۆرجار سەرهەڵدانەوە و بوژاندنەوەی دەبێت، بەڵام نەك دەقاودەق بە شێوازە ئەسڵییەكەی سەرچاوەی کاریگەرییەکە، بەڵكو بە شێوازێكی نزیك لە شێوازە ئەسڵییەكە و ئەمەش هەرگیز ناكاتە (لەدەستدانی شوناس)، چونكە لێكچوونی زمانەکان، مانای وانییە لێكدی وەرگیرابن، وەک باسمانکرد ڕەنگە بنەچە یان یەک کۆمەڵە خێزانەزمانی یان نزیکی جوگرافی یان لێکنزیکی کولتووری و ئایینی و کۆمەڵایەتی بێت هەردووکیان خاوەندارێتی بکەن، یان ئەگەر وەرگیراو شێوازێكی هونەریی جیاوازی درابێتێ ئەمە حاڵەتێكی دروستە و نیشانەی دانەبڕانی زمانە لە كاروانی ئەفراندن و چالاکییەتی لە جیهانی كارلێكی نێونەتەوەییدا.
كەواتە وەرگرتنی زمانی وەك شێوەیەكی كاریگەری، بارگاویبوون و كارلێككردنی زمانییە، پرۆسەی بیركردنەوە و هاتنەوەی خەرمانی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری كەڵەكە بووە، هۆكارێكە بۆ دەرخستنی ئاستی دەرككردن و دروستكردنی بیر و جیهانبینی نوێ بە قسەکەری هەر زمانێک.
کەواتە کاریگەری و ئاوێزانبوونی زمانەکان بەیەکدی قەدەر و دیاردەیەکی ئەزەلی هەموو زمانەکانە و بەجۆرێک هیچ زمانێک نییە لە جیهاندا بەبێ کاریگەریی زمانەکانی تر، واتە زمانی پوخت و داخراو و بەسەرخۆدا شکاوە بوونی نییە و جگە لە وەهمێکی میسالی بۆ بەرجەستەکردنی هەستێکی نەتەوەیی ڕەها و بەرەو فاشیچوون شتێکی تر نییە، ئەو زمانەی لە ئێستادا بانگەشەی دەوڵەمەندی فەرهەنگی و پاڵفتی خۆی دەکات، لە قۆناغێک لە قۆناغەکان بەر فەرهەنگی زمانێکی تر کەوتووە و لەڕێی وەرگرتن و بەریەککەوتنیشەوە ئاستە جیاوازەکانی خۆی پێ دەوڵەمەندتر و کامڵتر کردووە، کە لە ئێستادا بووەتە بەشێک لە چالاکی زمانەوانی قسەپێکەرانی بۆ ناونان و دەربڕینی هیچ وشەیەک دانامێنێت، بۆ نموونە لە سەدەی شانزەیەمدا لە فەڕەنسا و ڕۆمانیا وشە و زاراوەی یۆنانی و ئیتاڵی و سڵاڤی کاریگەرییان لەسەر قسەپێکەرانی زمانی فەڕەنسی و زمانی ڕۆمانی “نوێ” هەبووە، بۆیە نووسەرەکانیان دەیانویست ئەو کاریگەرییە لەسەر خۆیان دووربخەنەوە. یان لە سەدەی حەڤدەیەم و هەژدەیەم باس لە کاریگەریی زمانی ئینگلیزی لەسەر زمانی فەڕەنسی دەکرێت، یان لە سەدەی هەژدەیەم لە ئیسپانیا وشە و زاراوەی فەڕەنسی کاریگەریی لەسەر دەربڕینەکانی قسەکەری زمانی ئیسپانی هەبووە((دیما: 2011، 106)). لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر بۆ زمانەکانی جیهان ئاسایی بووبێت کە وشە و زاراوە لە زمانەکانی ترەوە بخوازن و لە کردەی قسەکردن و نووسیندا بەکاریبهێنن، نیشانەی لەکییش نەبێت کە بەر فەرهەنگ و دەربڕینی زمانەکانی تر بکەون، فەرهەنگی خۆیان دەوڵەمەند بکەن و زمانیبوونی خۆیان بنووسنەوە، ئەوا بۆ زمانی کوردیيش کە زۆر وشە و زاراوەی فەرهەنگی زمانانی بیانیی خواستووە وەک “محەمەدی مەحوی” دەڵێت: ((زمانی کوردیی هێندە وشەی زۆری لە زمانانێکی زۆرەوە وەرگرتووە، کە گرانە قسەکەرێک بتوانێت بەبێ بەکارهێنانی وشەی وەرگیراو، هیچ چشتێک بڵێت))(مەحوی”د”: 2010, 127). بۆیە ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی زمانییە و زمانی کوردییش وەک هەموو زمانەکانی تر نەک هەر لەکی نییە بۆی، بەڵکو نیشانەی زیندوێتی و خۆنوێکردنەوە و گونجاندنییەتی لەگەڵ سەردەم و داهێنانە جیاوازەکاندا.
بـەشــی دووەم/ ڕۆڵـی زمــان لـە بـەریـەککـەوتنـی ئـەزموونـە وێـژەییـەکـاندا
پـاری یــەکــەم/ ڕۆڵـی زمــان لە وێــژەدا:
زمان بەرزترین هۆکارە بۆ پەیوەندی و لەیەکگەیشتنی هەر تاکێک لە کۆمەڵگادا، بەهۆیەوە هەر تاکێک بۆ تێگەیشتنی بەرامبەرەکەی زمان دەکاتە ئەو پردە بۆ گۆڕینەوەی بیر و بۆچوون و دەربڕینی ناخی. زمان تاکە هۆیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە خۆی بدوێت، زمان ئەو ئامڕازەیە بەدەستی وێژەوانەوە کە ڕێچکە و ویست و فیکر و بونیاد دەستنیشان دەکات و لەڕێگەی زمانەوە دەتوانێت ئاستی داهێنانەکەی گەشەپێبدات.
دەقی ئەدەبی پێکهاتەیەکی تێکەڵاو و تێکڕژاوە، بۆیە بەڕای هەندێک توێژەر دەق بەو بنەما هونەرییانەی پابەند دەبێت کە یاساکانی ناوەوەی تێکستەکەی لەسەر بونیاد دەنرێت، بەلای هەندێکی تریانەوە جۆری ئەو بابەتانە دەگرێتەوە کە ناوەڕۆکی دەقەکە پێکدەهێنێت، کەواتە ڕای جیاواز هەیە سەبارەت بەو یاسایانەی بۆ دەستکاری و سەرنجی زمان دادەنرێت، کە پێویستییەتی دەقن، بۆیە گۆڕانی کۆمەڵگا و هەنگاونانی تازەی ئەدیبان سەبارەت بە هونەر و ڕێکخستنی دەقی ئەدەبی لەڕووی زمانەوە, وای کردووە شێوەی ئیستاتیکی زمانی نوێ بەرهەم بهێنن و جەخت لەسەر کارتێکردنێکی هونەرمەندانەی نوێ لەگەڵ زماندا بکەن، چونکە زمان ئاستی داهێنەرانەی هەر بەرهەمێک دیاری دەکات و دەنگ و سەدای وێژەوان بە خوێنەر دەگەیەنێت.
زۆرجار ئەو شتانەی کە لە دەوروبەرماندا هەن، مەرج نییە هەر لەڕووی زمانەوە دەرببڕدرێن، بەڵکو بەهۆی ئاماژە و هێما و دەلالەتە ئیمەیجییەکانیشەوە دەتوانین گوزارشت لە شتەکان بکەین، ئەویش لە ڕێگای هەستەکانەوە، چونکە زۆر بار ئەو وێنە وێژەییانە واقعین و زۆرباریش خەیاڵین یان هەردوکیانن.
کاتێک باس لە ژانری شیعر دەکەین دەبێت بزانین هەڵگری کۆمەڵێک ڕەگەز و شەقڵی تایبەت بە خۆیەتی، کە بە ڕەگەزەکانی شیعر ناودەبرێن، یەکێک لەو ڕەگەزانە بریتییە لە زمان، کە بنەڕەتی شیعرە و تاکە هۆکارە شاعیر کردەی ئەفراندنی پێ ئەنجام دەدات و سیحر و پەرجووی لێ بەرهەم دەهێنێت. هەروەها کۆکەرەوەی ڕەگەزەکانی ترە و لە مەسەلەی شیعرییەتدا ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە بونیادی دەقی شیعریدا بە کاریگەرترین ڕەگەز دادەنرێت و بەرزترین هۆکاریشە بۆ دەربرینی ناخی پەنگخواردوی شاعیر، بۆیە دەتوانین بڵێین پلەی یەکەمی بەردەکەوێت، چونکە لە لایەک شیعر بۆخۆی کارکردنە لەناو زماندا و شاعیر جگە لە زمان هیچ ئامڕازێکی تری بەدەستەوە نییە تا داهێنانی پێ بکات و پرۆسەی داهێنان بە ئەنجام دەگەیەنێت، لە لایەکی ترەوە گەر نەڵێین هەمووی ئەوا زۆربەی زۆری ڕەگەزەکانی تری شیعر دێنەوە ناو ئەم ڕەگەزە، چونکە ((زمانی دەق بۆخۆی سەرجەم پێکهاتەکانی دەق دەگەیەنێت، بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین ئەم ئاستەی دەق بۆ خۆی تەوەرەیەکە و ئاستەکانی تر بە دەوری خۆیدا دەسوڕێنێتەوە))(تۆفیق: 2008، 137) و سەرجەم ڕەگەزەکانی تر بەرجەستە دەکات.
داهێنانی ناوەکی “پێش دەربرین و بوون بە زمان” لە تاقیکردنەوە و سۆز و ئەندێشە و خەیاڵی شاعیردا خۆی دەبینێتەوە و بە هەموویان دەقی شیعری بەرهەم دەهێنن، کە بە کاریگەریی ناوەکی یان دەرەکی جووڵێنراون ((ئەو هەوڵە چاکەی بۆ شیعر دەدرێت هەوڵێکی پڕ لە تەقەلا و ماندووبوون و بونیادنان و پێکهێنانی بینا و ئەفراندن و داهێنانە هەمووی لەڕێگەی زمانەوە جێبەجێ دەکرێت))(مەحمود”د”: 2009، 16)، دەبێت ئەو زمانەش خاوەنی کۆمەڵێک مۆرکی تایبەت بە خۆی بێت، تا جیایبکاتەوە لە دەقە ئەدەبییەکانی تر، ئەگەر لەکاتی ئاخاوتندا ئەرکی زمانی ڕۆژانە و تێگەیشتن و گەیاندن بێت و ڕۆیشتن بێ لەسەر سکەی یاساکانی ڕێزمان، بە ڕێخراوەکردنی کەرەستەکانی ڕستە و گونجاندنی لەگەڵ چنینی وشە و یاساکانی واقعیدا بێت، ئەوا زمانی ناو شیعر و ((ڕستەی شیعری بۆ خۆی شکاندنی شێوازی چنین و داڕشتنی زمانی ئاسایی و زمانی پەخشانیشە چ لەسەر ئاستی ئاسۆی، یان لەسەر ئاستی ستوونی بێ، هەر بەمەش زمان لە دەقی شیعریدا بەشێک لە سیمای شیعرییە هەڵدەگرێت))(تۆفیق: 2008، 143)، چونکە شاعیر ((بەو چەشنە مامەڵە لەگەڵ زماندا ناکات کە ئەرکێکی زمانی جێبەجێ بکات، بەڵکو لە ڕێگای گەڕان بەدوای شتەکاندا مامەڵە لەگەڵ زماندا دەکات))(مەحمود”د”: 2009، 8) و شاعیر بەدوای مولولەی وردی پەراوێزخراوی ناو زمانی ئاسایی دەگەڕێت و دەیهێنێتەوە ناو دونیای شیعرەکەی و پێگەی تایبەتی پێدەبەخشێت، بەردەوام هەوڵی دۆزینەوەی واتای نوێ دەدات لەو پاشخانە ڕابردووە زمانییەی کە لەوەوپێش بە ئەزموون پێی گەیشتووە، واتە شاعیر بەتاسەوەیە بۆ هەڵهێنجاندنی واتای نوێ و مەدلولی نوێ لە دالی کۆن.
هەڵبژاردنی وشە فەرهەنگییەکانی زمان لە لایەن شاعیرەوە و بەکارهێنانیان بۆ دروستکردن و پێکهێنانی دەقی شیعری، لەبەر ئەوەی ئەو وشانە لەناو شیعردا خاوەنی واتا و سیحری مۆسیقین، ڕۆڵی چالاکانەی پێدەدرێت و ((شاعیر لە شیعرەکاندیدا هەوڵدەدات توانا و لێهاتویی خۆی لە جوانکاری وشەکان و یاریکردن بە وشەکان و بەکارهێنانی زمانێکی تایبەت بە خۆی پڕ لە وشە و زاراوە و خەیاڵی فراوان و هێما و ڕەمز و وێنەی شیعری جوان و ڕازاوە نیشان بدات، کە دەبێتە ئامانجی شاعیر))(مستەفا: 2009، 83). ئەرکی شاعیرە لە ناواخنی زمانی شیعرەکەیدا زمانێکی هونەریانە بە بەر شیعرەکەیدا بکات، لەناو دونیای زمانی گشتیدا زمانێکی تایبەت بە خۆی پێکبهێنێت، کە تێیدا دەنگ و هاوارێکی خودیانە و تایبەتیانە بەدی بکرێت، شاعیری بەتوانا دەبێت هێزی بەسەر وشەکاندا بشکێت و هەوڵی بە ئەفسوناویکردنی زمانەکەی بدات. ((بێگومان بەشێک لەو پرۆسەی ئەفسوناوییەش بە لادانی زمانی شیعر لە زمانی ئاسایی بەدیدێت))(تۆفیق: 2008، 137) و بە کارکردنێکی مانا قووڵ و هەمەلایەنە لەسەر وشەکان و بە سیحراویکردنیان و بارکردنی واتای تر دەبێت، بەجۆرێک شاعیر ڕۆح بە بەر وشەکاندا بکات و بیانهێنێتە سرکی و جووڵەیی، وا لە واتاکانیان بکات هەڵگری دەلالەتی یەک بابەتی نەبن و بوار و بابەتی جۆراوجۆر و فرە ڕەهەندی هەڵبگرن، چونکە ((وشە لە شیعردا دەلالەت لە بابەتێکی دیاریکراو ناکات، لە ئەدەبدا زمان سیستێمێکی ڕەمزی نوێ دەخولقێنێت، کە لە زمانی سیستێمی ڕەمزی نائەدەبدا زۆر جیاوازە))(مەحمود”د”: 2009، 15)، تا خوێنەر ڕاستەوخۆ بەیەکجار خوێندنەوە بەسەر واتای گشتیی شیعرەکەدا زاڵ نەبێت و هەموو ئەو پێچوپەنا و کۆدانەی شاعیر لەناو شیعرەکەیدا دایناون بە یەکجار نەیکاتەوە، چونکە ((ئەگەر دەقێکی شیعر لە یەکەم خویندنەوەیدا خۆی بە خوێنەر بەخشی، ئەوە دەقێکی ڕووتەختییە، بەڵام ئەگەر تێکستێکی شیعر لە هەموو کەڕەتێکی خوێندنەوەیدا بەرەو جیهانێکی نوێ و دوور لە جیهانی یەکەمیمان ببات و هەر جارە و وێنا و جیهانبینییەکمان پێ ببەخشێت، بێگومان ئەم دەقە دەقێکی زمانی ناخییە و ناوەڕۆکەکەی زۆر دەوڵەمەندە و داهێنانی تیابەدی دەکرێت))(مەحمود”د”: 2009، 20). ڕەنگە ئەمە خاسییەتێکی چاکی زمانی شیعری بێت، کە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی خوینەر کار دەکات و ئەزموون و دونیابینین و ڕوناکبیرییان گەشە پێ دەدات، کە خوێنەر بەردەوام لە گەڕان و هەوڵدا بێت بۆ بەدەستهێنانی واتای ئەو لێڵی و ڕەمز و تەمومژ و ئاڵۆزیانەی لە زمانی شیعرەکەدا هەن، هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو کلیلانە بدات کە دەبنە هۆی کردنەوەی کۆدەکان، بۆیە خوێنەری وێژە دەبێت بازنەی تێگەیشتنی فراوانتر بکات و هەوڵی دۆزینەوەی پەیوەندیی واتایی وشەکان بدات، تا بگاتە ئاستی شیکردنەوە و تێگەیشتن لە مەبەستەکانی وێژەوان.
ڕەنگە پرسیارێک دروست بێت، باشە بۆچی خوینەر ڕاستەوخۆ بە یەکجار خوێندنەوە واتای گشتی و سەرجەمی بەرهەمێکی ئەدەبی دەستناکەوێت؟! لەکاتێکدا وشە بەرهەمهاتووەکانی ناو ئەو بەرهەمە ئەو واتا و وشانەن لە زمانی ئاساییدا بەکاردەهێنرێن؟! چونکە وشەکان کاتێک دێنە ناو سنووری دەقی ئەدەبییەوە بە بەرگێکی خوازەیی و تەمومژاوی دەورە دەدرێن کەمتا زۆر لە واتای فەرهەنگیان دووردەکەونەوە، هەر لەوێوە وێنە هونەرییەکان دەخولقێن کە ئەزموونی خوێنەر بە ڕاڕەویش نەیبینیوە، ئەمە جگە لەوەی ((بەهۆی شێواز و بەکارهێنان و ڕێکخستنی وشەکان لەناو سیاقی ڕستەدا ئەدیب هەوڵدەدات واتایەکی قووڵ و تایبەتی بداتە وشەکانی ناو دەقەکەی و بەهۆیەوە ئاستی دەقەکەی بەرەو ئاستی باڵا ببات))(مستەفا: 2009، 83). ئەگەر بەشێوەی ئاخاوتنی ئاسایی و ڕۆژانە سەیری گفتوگۆ و ئاخاوتنی زمانی وێژەی بکەین، هەرگیز لێی تێناگەین!! چونکە وشەکان لە وێژەدا نالۆژیکین و لە ڕێکخستن و هاوڕێیەتییان ئەو واتایە نادەن بەدەستەوە کە بۆی دروستبوون، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین ڕۆڵی وشە و واتاکانی زمان لەناو دەقی وێژەییدا زۆر زیاتر و گەورەترە لەو ڕۆڵەی لە ژیانی ڕۆژانە و واقعیدا دەیبینێت، چونکە وشە لە وێژەدا لە ماوە و بوارێکی کەمدا گوتن و دەربڕاوێکی زۆر بەدی دەکرێت و بەیەکداچوون و چوونەوەیەکی واتای وشەکان دەبینین، کە بەو ژمارە کەمەی وشەکان دونیایەکی بێ سنوور و فەزایەکی قووڵ و خەیاڵی بۆ خۆی دروست دەکات، بۆیە زمانی دەق جگە لە بنچینە و ئەفرێنەری بەخشینی هونەری و لایەنی ئیستاتیکا تێیدا، ڕێگایەکیشە بۆ دەرخستنی بەهرە و هونەرمەندی وێژەوان و ناسینەوەی شێواز و جێپەنجەی ئەدیب، چونکە ئەدیبی دووربین سیمای فەرهەنگی و مەعریفی تایبەتی خۆی بەسەر زمانی دەقەکەیەوە بەجێدەهێڵێت.
پــاری دووەم/ ئــاوێـزانـبوون و تـێکڕژانی وێژەیی:
لەبەرئەوەی ئەدەب درێژکراوەی زۆرێک لە خاسییەت و تایبەتمەندیی زمانە، هیچ زمانێکیش نییە خاڵی بێت لە کاریگەریی و سوودوەرگرتن لە زمانەکانی تر، ئەدەبیش وەک دیارەدەیەکی زمانی درێژکراوەی هەمان تایبەتمەندییە، بۆیە ئەدەب و كولتووری هەر نەتەوەیەك بگری خاڵی نییە لە چێژ و سوودوەرگرتن لە كولتوور و ئەدەبی نەتەوەكانی تر، چونكە خاڵی سەرەكی گەشەكردن و پێشكەوتنی هەر ئەدەبێك كرانەوەیەتی بەڕووی ئەدەبیاتی جیهانی و كاریگەربوونیەتی بەچەمك و پەیامە مرۆڤایەتییەكانی ئەوان، مێژووی ئەدەبی جیهانیش ئەوەی سەلماندووە كە ئاوێزانبوون و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەدەبی نەتەوەکانی تر دەبێتە هۆی فراوانبوونی ئاستی گەشە و دونیابینینی ئەدیبانی ئەو نەتەوەیە، دواجار بەشێوە و بەرگێكی نوێ ڕەنگدانەوەی كاڵ یان تۆخی لە بەرهەمە ئەدەبییەكانیاندا دەبێت. وەک چۆن باسمان کرد هەبوونی بەریەککەوتن و تێکەڵاوی زمانێک لەگەڵ زمانێکی تر نە لەکییە بۆ زمانی دووەم نە لەنگییە بۆ نەتەوەکەی، بەهەمان شێوە هەبوونی كاریگەریی ئەدەبێك لەسەر ئەدەبێكی تر بە هیچ شێوەیەك مانای سووكی و بێبایەخی ئەدەبی كارتێكراو نییە، بۆیە كاركردن لەم مەودایەدا ناتوانێت نەرێی لەخۆبگرێت، بەپێچەوانەوە هەم هاوبەشی و هاوفكری مرۆڤەكان دەردەخات, هەم هاوكاریشمان دەكات تا لە ڕەوتی ڕاڤەكردن و لێكدانەوەی بەرهەمەكانمان باشتر بتوانین لە ناوەڕۆك و هەناویان تێبگەین(عەبدولغەفور: 2012، 119)، چونكە بەشێک لە ئەدەبناسی لێكۆڵینەوە لە كارلێكی (تفاعل)ی دەقەكان دەكات، تا لە ڕێگایانەوە بگات بە بنەمای هزرەكان، دواتریش لە ڕاڤەكردنی كۆتاییدا بگەنە بابەت و شتی هاوبەشی مرۆڤایەتی(ماضي “د”: 1997، 167).
ئاوێزانبوون و تێکڕژانی نێودەقی دەقەكان بەرەو سێ جەمسەری داهێنانی ئەدەبیمان دەبات، ئەوانیش بریتین لە: (نووسەر- دەق- خوێنەر) كاریگەربوونی نووسەران بەیەكتری و چوونەناویەكی دەقەكان، پرۆسەیەكی بەدوایەكداهاتووی ڕێكخراوە، پەیوەنديی بە ئاستی فەرهەنگی و مەعریفی و ئەزموون و خوێندنەوەی نووسەرەوە هەیە، نووسەر تا چەند پاشخانی زمانەوانی و مەعریفی و ئەدەبی دەوڵەمەند بێت، ڕەنگدانەوەی لەسەر دەوڵەمەندبوونی جیهانبینی بەرهەمەكەی دەبێت. ((نووسەر پێش هەموو شتێك خوێنەرە، كەمتازۆر دەكەوێتە ژێر كارتێكردنی بەرهەمە ئەدەبییەكانی پێش خۆی و سەردەمی خۆشی، ئەو بەرهەمانەش خۆماڵی بن یان بیانی، ئەمەش دیاردەیەك نییە كە پەیوەنديی بە كاتێكی تایبەتەوە هەبێت، یاخود تەنیا هاوملی كۆمەڵێك نووسەر بێت و لە بەرهەمی ئەدەبی كۆمەڵێكی دیاریكراودا بێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە هەموو سەردەمێكدا و لە هەموو نەتەوەیەكدا ئەو دیاردەیە بەرچاو دەكەوێت، لە سنووری تایبەتی خۆیدا بە كارێكی ڕەوا لە قەڵەم دەدرێت))(عەلی: 1981، 67). كەواتە دەق سەرباری سیمای جیاكاری خۆی هەڵگری گەلێك سیمای زمانی دەقەكانی پیش خۆشیەتی. ئەم ئاوێزانبوون و تێکڕژانی دەقانەش كاریگەريی خراپ لە ڕەسەنایەتی دەق ناكات، چونكە ئەوەی كە ڕوونە و ساغبووەتەوە لە بونیادی دەقدا ئەوەیە كە هیچ دەقێك نییە سەد لە سەد سەربەخۆ بێت و هیچ دەقێكی دیكە كەمتازۆر كاری تێ نەكردبێت “سۆلێر” لەم بارەیەوە بۆچوونێکی هەیە کە بە بڕوای ئێمە لەگەڵ خەسڵەت و تایبەتمەندێتی زمانی دەق و زمانی هەر نەتەوەیەکدا دێتەوە وەک دەڵێت: ((دەق موڵكی كەس نییە، بەڵكو موڵكی هەمووانە))(ڕۆژبەیانی: 2008، 89). هەروەک چۆن زمان موڵکی کەس نییە و موڵکی هەموانە. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت دەق ببێتە ئامێری وتنەوەی دەقەكانی تر، هەروەک چۆن ئەوە ناگەیەنێت کە زمانی کارلێککراو ڕەسەنی خۆی لەدەستبدات و ببێتە گەیەنەری فەرهەنگی زمانی کاریگەر و هەمان سەدا و ڕوانین و دونیابینی ئەوان دووبارەبكاتەوە، بەڵكو دەبێت بە پاڵپشتی ئەو دەقانە و تێكەڵاوبوونیان ببێتە هەوێنی دروستكردنی فەزایەك كە پەیام و مەبەستی نوێ لەخۆبگرێت و چالاکی نوێ و هاوچەرخ لە خۆی باربکات.
ئەگەر زمانێک چ وەک ڕەچەڵەکی مێژووی چ وەک ئاوێزانی زمانەکانی تر بوونییەتی خۆی داڕشتبێت، وەک باسکرا زمانی پوخت و پاڵفتە لە دونیادا بوونی نییە، ئەوا دەقیش وەک کایەیەکی نێو ئەو دونیایە لە ڕێگەی تێكڕژان و تێكەڵەی دەقەكانی ترەوە بونیاد نرابێت، واتە لە كۆ دەقێكەوە هاتبێت بۆ پێكهێنانی تاكە دەقێك، ئەوا دەبێت دەرئەنجامەكەشی گەڕانەوە بێت بۆ ئەو كۆ دەقە، كە لە لایەن هەمووانی خوێنەرەوە بەپێی پاشخانی ڕۆشنبیری و ئاستی تێگەیشتنیان پەی بە لایەنێك لە لایەنەكانی ئەو كۆ دەقە دەبەن. ((هەموو تێكستێك مێژووی هەیە، لە تێكستێكی ترەوە دێت، لە دیالۆگەوە لەگەڵ تێكستی تردا لەدایك دەبێت. هۆشیاری ناو هەموو تێكستێك درێژكراوەی هۆشیاری ناو تێكستی ترە. واتە نوسین بەرلەوەی پەیامێك بێت بۆ دەرەوە و بۆ خوێنەر پەیامێكە بۆ تێكستەكانی دی))(عەلی: 2005، 41).
كەواتە دەق شوێنی دابارینی مەعریفە جۆربەجۆرەكانی نووسەرە، چونكە هیچ دەقێك بێ مەعریفە نابێت، هەموو دەقێك هەڵگری مەعریفەیەكی مەبەستداری خۆیەتی. دەق پێكهاتووە لە كۆمەڵێك نووسراو، هەڵهێنجراو لە كۆمەڵیك گوتاری جۆراوجۆر، نووسەر بەدیهێنەری مەزن و هەڵكەوتەیەكی خولقێنەری نییە، بەڵكو كەسێكی ئاوێتەكارە، ئەو كەسەی كە كەرەستە و ماكە خاوەكانی زمان كۆدەكاتەوە و ئاوێتەیان دەكات، لەم گۆشەنیگایەوە ئەدەبیات تا ڕادەیەك دەبێتە جۆرە دووپاتبوونەوەیەك(ڕجێر وێبستێر: 2006، 191). ئامێزانبوونی دەقەكان پرۆسێسێكی قووڵی بەرهەمهێنانی مانا بەخشینی دەلالەت و تێكەڵكردنی مەبەستەكانە بەیەكتری، كە تەنیا نووسەرێكی داهێنەر و ئاگادار لە مێژووی فیكر و مێژووی زمان و ئەدەب و مێژووی سیستەمە جیاوازەكانی ئاماژە دەتوانێت ئەنجامیانبدات(قانع: 2004، 232) .
نووسەر كاتێك دەنووسێت لە ڕاستیدا دەخوێنێتەوە، كاتێكیش دەخوێنێتەوە لە ڕاستیدا دەنووسێت، نووسین و خوێندنەوە دوو بواری مەعریفی بەدوایەكداهاتووی یەكترن، پرۆسەی نووسین جۆرێكە لە گوتاری بە بیرهێنانەوەیی دەقە خوێندراوەكانی پێشوو، پرۆسەی خوێندنەوەش گەڵاڵەكردنی دەقە نووسراوەكانی داهاتووە، هەر وەك “دریدا”ش دەڵێت: ((من لە كاتی نووسیندا دەخوێنمەوە، بەهێدی، بە چێژوەرگرتن لە دەركەوتە دوور و درێژەكان كە هەموو زاراوە و دەستەواژەیەك چێژەكانی خوێندنەوە. هەموو خوێندنەوەیەك نووسینێك، هەموو نوووسینێك خوێندنەوەیەك))(ڕۆلان بارت: 2007، 18). نووسەر پێش ئەوەی نووسەر بێت خوێنەرە، خوێندنەوەش مانای ئەوەیە لە سەرچاوەی هەمەجۆر لە نەستا كەڵەكە دەبێت، ئیتر ئەو كەڵەكەبوونە لە هەستا بۆ جارێكی تر دێتەوە و ڕەنگدەداتەوە(یەعقوبی: 2009، 106). كەواتە نووسین وەك كردەی داهێنان، هێنانەوەی دەقی خوێندراوە لە فۆڕم و شێوەی جیاجیا، هێنانەوەی ئەو زانیارییانەیە كە لە بننەستی نووسەردا نیشتوون، ئەمەش مانای ئەوە نییە كە نووسەر نەستی خۆی بكاتە كێڵگەی دەقەكانی تر، هەستی خۆشی بكاتە هۆكارێك بۆ گەیاندنی دەقاودەقی ئەو دەقانە، چونكە نووسەری سەركەوتوو دەبێت خاوەن زمان و شووناس و ناسنامەی تایبەتی خۆی بێت، دەقە خوێندراوەكان بكاتە خزمەتی ئەزموونی ئەدەبی خۆی، نەك خۆی بكاتە خزمەتی دەقەكان.
لە كۆتاییدا دەڵێین ئەگەر تێكەڵاوبوونی زاراوەكان و چوونەناویەكی زمانەكان، قەدەری هەموو زمانێك بێت، زمانیش وەك كەرەستەی ئەفراندنی دەق و دەقیش وەك پێكهاتەیەكی دەلالی زمانی، بێشك دەبێتە لانكەی بەیەكداچوونی فەرهەنگی و كێڵگەی كۆچكردنی وشەكان كە دەربڕی بیرۆكەكانن، ئەمەش جێگای سەرنجی توێژەرانی بەراورد و دەستپێكی لێكۆڵینەوە بەراوردكارییە زمانییەكانە.
دەقئـاوێزان Intertextuality
یەكێك لەو چەمكە گرنگانەی لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی ڕەخنەی نوێدا سەریهەڵدا چەمكی “دەقئاوێزان”ە، كە پاشتر وەك میتۆدێكی توێژینەوە و بەراوردی دەق ناسێنرا. زاراوەی دەقئاوێزان وەرگیراوی زاراوەی فەڕەنسی “intertext”ەو كە “inter” لە فەڕەنسیدا بە واتای ئاڵو وێر دێت، بەڵام وشەی “text” لە ڕۆشنبیری ڕۆژئاوادا ئاماژەیە بۆ دەق، كە لە بنچینەدا لاتینییە “textus” بەواتای چنراو یان چنین دێت، هەروەها دەقئاوێزان “intertextuality” لە زمانی ئینگلیزیدا بریتییە لە: ((هەڵمژینی دەق بۆ دەقەكانی تر، لەگەڵ زیادە و كەمی و گۆڕان و گواستنەوەدا، بەشێوەیەك وا لە دەقێك دەكات بە دەقەكانیتر كە لە ژماردن نایەن دووبارە ببێتەوە))(قادر: 2011، 13) .
میتۆدی دەقئاوێزان لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی بیستەمدا وەك بەرپەرچدانەوەیەك بەرامبەر بە میتۆدی بونیادگەری و خوێندنەوەی داخراوی دەق هاتەئاراوە، دژی هەموو ئەو تێڕوانین و شیكردنەوە و بۆچوونانە وەستایەوە، كە پێیوابوو دەق بونیادێكی سەربەخۆ و داخراوە و تەنیا خودی خۆی بەسە بۆ شرۆڤەكردنی و هەڵهێنجاندنی واتایی. دەقئاوێزان بابەتێكی نوێی ڕەخنەیی جیهانییە، گەلێك لە نووسەر و تیۆریستان گفتوگۆ و بیر و بۆچوونی خۆیان لەسەر دەربڕیوەو لێكۆڵینەوەی خۆیان لەسەر كردووە، كە بووەتە بناغەیەكی پتەو بۆ گەشە و نمای ئەم میتۆدە، كۆی هەڵهێنجاندن و بیر و بۆچوونی ئەم میتۆدەش بۆ دەق، لەسەر ئەوە كاردەكات كە هەموو دەقێك بەرئەنجامی تێكڕژان و بەیەكداچوونی كۆمەڵێك دەقی پێش خۆیەتی، دەقی ئەدەبی وەك دیالۆگێك یان گوتارێكی لێكدانەبڕاوی مێژووی سەیردەكات، یان هەموو دەقێك درێژكراوەی دەقەكانە، بەجۆرێك لەجۆرەكان لەژێر سێبەر و كاریگەریی دەقەكانی پێشووترە، كە ئەمەش بەواتای كۆكردنەوەی وەكیەكی كەرەستە زمانییەكان نایەت و بەواتای پرۆسەی دەقاودەقی و “كۆپیكردن” و وێكچوونی تەواوەتی نێوان دەقەكانیش نایەت، بەڵكو بە واتای ئەوە دێت دەقەكانی پێشووتر دەبنە هۆی لەدایكبوونی دەقی نوێ و هیچ دەقێك ناتوانرێت دابڕاو و كەنارگیر لێی بڕوانرێت، هەموو دەقەكان كۆكراوەی دەرئەنجامی كاریگەریی كۆمەڵێك دەقی پێشووتری یان هاوچەرخی خۆیەتی.
سەرەتای لێكۆڵینەوەكان لەسەر دەستی “میخائیل باختین” لەسەر ڕۆمان دەستیپێكردووە، كە لە ساڵی “1928- 1929” زاراوەی “دانوسانكاری” بەكارهێناوە و بڕوای بەوە هەبووە كە تەنانەت یەك وشە توانای دانوستانی تێدا هەیە(ئەڵوەنی”د”: 2012، 11). باختین پێی وایە ((هەرچی وتراوە لە سەرەتای ژیانی مرۆڤایەتییەوە هەمووی لەسەر وتەی پێشووتری خۆی بونیادنراوە، واتە هیچ دەربڕینێك نییە كە پەیوەندیی جەوهەریی تەواوی بە دەربڕینێكی ترەوە نەبێت))(محمدامین: 2001، 147).
هەر بۆیە لە ساڵی “1966- 1967” زانای فەڕەنسی بە بنەچە بولگاری “ژولیا كریستیڤا” لەژێر كاریگەريی بۆچوونەكانی “باختین”دا پەرەی بەم جۆرە لێكۆڵینەوەیە داوە و لەباتی زاراوەی دانوسانكاری “باختین” “Dialogisme” یان فرەدەنگی”Polyphoniq” (التفاعل السوسیو لفظي) دەقئاوێزانی”Intertextuality” بەكارهێناوە، بەمەش بۆتە داهێنەری ئەم زاراوەیە و وەك چەمكێكی ئەدەبی هێنایە ناو دونیای ئەدەبناسی و پیادەی كرد(محەمەد”د”: 2006، 8). “ژولیا كریستیڤا” پێی وایە دەقئاوێزان یەكتربڕین و بەیەكداچوونی چەند دەقێكە بۆ ناو پێكهاتەی یەك دەق، كە دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەنديی كاریگەری و كارلێككراو لەنێوان ئەو دەقانەدا و ململانێی دەسەڵات لەنێوان دەقەكانی پێشوو دەقی بەرهەمهاتوودا(سعداللە”د”: 2007، 124).
واتە دەق لای “ژولیا كریستیڤا” چنینێكی دەستەواژەیی زمانی داخراو نییە، وەك ئەوەی هەندێك لە میتۆدەكانی پێشووتر بانگەشەیان بۆ دەكرد، بەڵكو لە ئەنجامی تێكەڵەیەك لە شەپۆلی بیر و هزری شارستانی و جیهانگیری و ئاگابوون لەیەكتر لەڕێگەی زمانەوە دروستدەبێت. بۆیە پێی وایە كۆمەڵێك سەرچاوەی جۆراوجۆری دەق هەن بەشێوەی فرە واتا و فرە دەنگ و ئامڕازو كەرەستەی جیاجیا دەستیان لە خولقاندنی دەقدا هەیە, ئەمەش لەڕێگەی پرۆسەی گواستنەوەو یەكگرتنەوەی دەقەكان بە پاڵپشتی دەستەواژەیی زمانی دەقەكانی پێشووتر وادەكات دەقێكی نوێ بێتە بەرهەم، كە كۆكراوەی واتایی سەرجەم دەقەكان بێت و هیچكام لە وەكیەكی دەقەكانی پێشووتریش نەبێت.
“رۆلان بارت” لە ڕوانگەی بۆچوونەكانی “كریستیڤا”وە گەشەی بە كارەكانی داوەو فراوانیكردووە و ڕوونیكردووەتەوە، كە دەقئاوێزان چارەنووسی هەموو دەقێكە، بە بڕوای ئەو دەقئاوێزان بریتییە لە ((دووبارەكردنەوەی دەق بۆ دابەشبوونەوەی زمان، هەموو دەقێك هیچ نییە جگە لە چنینێكی تازەی بینینی پێشووتر))(سعداللە”د”: 2007، 125). یان ((دەق چینێكی تەواوە لە ژمارەیەك وەرگرتن و سەرچاوە و دەنگدانەوەی زمانی ڕۆشنبیریی پێشوو یاخود هاوچەرخ و دیالۆگ لەگەڵ دەقدا دەكات))(مەحمود”د”: 2012، 43). دیارە بە وەرگرتن و ڕێكخستنی هەندێك لەو دەقە هەڵبژێراوانەی مێشكی نووسەر دەقی نوێ دەخولقێت، بۆیە بەلای “بارت”ەوە دەق قەوارەیەكی داخراو و دابڕاو نییە، هەمیشە كراوەیە، ئەم كراوەییەش ڕێگە خۆشكەرە بۆ بونیادنانی خۆی و بوون بە سەنتەری بۆ لەدایكبوونی دەقی تر، لێرەشەوە دەتوانین بڵێین دەقئاوێزان ئامادە و ڕەنگدانەوەی لەناو هەموو دەقێكدا هەیە بە پلەو ئاستی جیاواز. كەواتە خوێنەر كاتێك دەقێك دەخوێنێتەوە لەڕاستیدا تەنیا دەقێك نییە، بەڵكو لە ناواخنیدا لە شێوەی هێشووە دەقە و هەڵگری كۆمەلێك دەقی ترە، ئەم دەقانە لەناو خۆیاندا كەوتوونەتە دیالۆگ و بەریەككەوتن تا ئەم دەقە نوێیەیان هێناوەتە بوون، هەروەک چۆن کاتێک قسەکەرێک قسەدەکات، لە ڕاستیدا تەنیا وشەی فەرهەنگی زمانی خۆی بەکارناهینێت، بەڵکو لە هەناویدا لە شێوەی هێشوەوشەی فەرهەنگیدا هەڵگری کۆمەڵێک وشە و زاراوەی زمانەکانی ترە، ئەم هاوبەشێتییەش لەناو خۆیاندا دەکەونە ئاڵوگۆڕ و ئاسانی فێربوونی زمانی دووەم و ڕەوینەوەی نامۆیی زمانی.
“جیرار جنێت”یش زاراوەی دەقئاوێزان تایبەتدەكات بە بوونێكی هاوبەشی دوو دەق یاخود چەند دەقێك بەواتایەكی دیكە تایبەتی دەكات بە ساكاری ئامادەبوونی دەقێك یاخود چەند دەقێك لە دەقێكی دیكەدا بە شێوەی ئامادەبوونێكی كارەكی، لە كتێبەكەیدا “اطراس” ساڵی “1982” دەڵێت: ((ناتوانین بەبێ شوێنەواری دەقی كۆن بنووسین))(مەحمود”د”: 2012، 42).
كەواتە دەقئاوێزان دەنگدانەوەی دەقێك یان كۆمەڵە دەقێكە لە هەناوی دەقی تازە بەرهەمهاتوودا. موتوربەكردنی دەقێكە بە دەقێكتر یان زیاتر، بەرئەنجامی تێكەڵاوبوون و كۆكردنەوەی دەقێك یان كۆمەڵە دەقێكە لە تاكە دەقێكی ئامادەدا.
لەڕاستیدا دیاردەی دەقئاوێزان لەناو چنینی دەقەكاندا، دیاردەیەكی زمانی چڕ و پڕ و تێكڕژاو و ئاڵۆزە، ئەم میتۆدە هۆیەكی باشە بۆ دۆزینەوەی سێبەری سەرچاوەكان و پاشخانە مەعریفییەكانی نووسەر، پشت بە ئاستی ڕۆشنبیری و توانای دەركپێكردن خوێنەر و فراوانی زانیاری دەبەستێت. بۆیە دەبێت ئەوە بزانین كە بەرهەمهێنانی هەر دەقێك دەرئەنجامی ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفی نووسەرەكەیەتی و هێزی ئەدەبی و واتاكانی لە سەرچاوە دەرەكییەكانی و نووسراوە خوێندراوەكانی پێشتر هەڵدەگۆزێت و دەیگۆڕێت بە ئەزموونی نوێ و وێنە و دەقی ئێستایی، هەر ئەمەشە وا لە خوێنەر دەكات بەو شێوەیە لە دەق بڕوانێت، كە تەنیا یەك دەقی زمانی داخراو و سنووردار ناخوێنێتەوە، بەڵكو لە پێكهاتەو بونیادی زمانی دەقی بەردەستیدا دەیان دەق و بگرە زیاتریش ئامادەیی هەیە، كە هەر جارەو بەشێوەیەك بەر یەكێكیان دەكەوێت، هەر ئەمەشە وادەكات ئاستی ئەدەبی و پلەی داهێنانی هەر دەقێك لە دەقێكی تر نەچێت و جیاواز بێت. بۆیە ئەگەر خوێنەر لە بەرهەمێكی ئەدەبیدا زۆرترین ڕێژەی دیاردەی دەقئاوێزانی تێدا بینییەوە و دەركی بە سەرچاوە جیاجیاكانی دەقەكە كرد، ئەوا بە واتای نیشانەی كەموكورتی و لەكی نووسەرەكە نایەت، بەڵكو بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆیەك بۆ تێگەیاندنی خوێنەر و بەئاگایی نووسەر لە سەرچاوە جیاوازەكاندا، چونكە ئەم میتۆدە تێگەیشتن و شیكردنەوە و خوێندنەوەشی دەخاتە ئەستۆی خوێنەر و ڕەخنەگر، چونكە دەقئاوێزان تۆڕێكە لە پەیوەندییە ناوەكییەكان و بە ئاكام گەیشتنی گوتارە جۆر بەجۆرەكان، كە لە ئەنجامی بەیەكداچوونێكی قووڵ و بەهێزەوە دەستەبەر ئەبن، لە زۆر سەرچاوەی هونەری و شارستانییەوە وەردەگیرێن و ئەبنە جۆرە تەرزێكی تایبەت و پێكهێنانی مەودای ستاتێك و نوێكاری هونەری لە زماندا(محمدامین: 2001، 146- 147).
بەكورتی دەقئاوێزان چەندە دیاردەیەكی چارەنووسسازی زمانی هەر دەقێكە، هێندەش پەیوەستە بە خوێنەرەوە بە كۆكردنەوە و لێكدانی هەردووكیان پرۆسەكە كامڵ دەبێت.
پــاری ســێیـەم/ زمــان وەک ئــامـڕازی مــانەوەی خـەیــاڵ و لـێکچـوونی بێئاگا “تـیـپۆلـۆگـی”
لێكچوونی بێئـاگـاUnconscious Similarity
یەكێك لەو دیاردە ئەدەبیانەی كە جێگای سەرنجی زۆرێك لە توێژەرانی ئەدەبی بەراورد بووە، لێكچوونی بێئاگاییە. باسكردنی ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی ئەدەبی بەراوردكاری (سەدەی نۆزدەیەم)، بەپێی ڕاوبۆچوونی زانایان و قوتابخانە بەراوردكارییە جیاوازەكان هەڵگری تێگەیشتنی جیاواز بووە، بەوەی ئایا لەو كولتوور و ئەدەبانەی زۆرترین ڕووی لێكچوونیان لە نێواندا هەیە بەبێ هیچ ڕایەڵەیەكی پەیوەندی و كاریگەری دەچنە ناو خانەی لێكۆڵینەوەی بەراوردكاری زانستییەوە؟! ئایا دەكرێت توێژەری بەراورد خۆی بۆ لێكچوونی سروشتی نێو ئەدەبەكان تەرخانبكات؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بەگوێرەی تێڕوانینی زانایانی بواری بەراورد وەڵام و هۆكاری جیاوازمان دەستدەكەوێت، هەر بۆ نموونە “دیما” پێی وایە كە نابێت تەنیا لێكۆڵینەوە لەو ئەدەبانە بكەین كە پەیوەنديی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا هەیە. دەشێت لەڕووی پۆلێنكردنەوە چوونییەكی لە دیاردەی ئەدەبی ئەو گەلانەدا هەبێت، كە پەیوەندی كولتووری ڕاستەوخۆ و هاوبەشیان نییە(دیما: 2011، 14) .
لەسەدەی نۆزدەیەمدا ئەم دیاردەیە پشتگوێخرابوو، لەڕاستیدا زۆر سەیر و مایەی سەرسوڕمانە، یەكێك لە زانا بەراوردكارە بەناوبانگەكانی وەك “ڤێلمان” لە سەرەتاكانی ناساندنی بەراوردكاریدا زۆر بە خوێنساردی و بێ بایەخ سەیری ئەم دیاردەیەی كردووە و پێی وابووە: نووسەر- بەراوردكار سەرقاڵی هەندێك وردەكاری دەبێت بۆ ئەوەی جیاوازی دەربخات، یان هەندێك سیما لەژێر ناوی لێكچووندا بدۆزێتەوە. بەڵام دواتر ئاوڕ لەم دیاردەیە درایەوە، كە لەچاو مەیدانی پەیوەنديی سەرچاوە و كاریگەری كەمتر كاری لەسەر كرابوو، زۆر دەمێك نییە ئاوڕی لێدراوەتەوە، بەتایبەتی لە كۆنگرەی ڕێكخراوی نێونەتەوەیی بەراوردكاری ساڵی “1967” لە بەلگراد (پایتەختی سربیا)، كە گەلێك لێكۆڵینەوە لەبارەی لێكچوونی بێئاگا (هاوبەشی پۆلێنكاری) و هەندێ ڕێبازی ئەدەبی وەك: ڕۆمانتیزم، ڕیالیزم و قوتابخانە پێشڕەوەكان پێشكەشكران(دیما: 2011، 135-137).
توێژەر دەبێت هەمیشە ئاگاداری ئەو ئەگەرانە بێت، كە شێوەیەكی سەرنجڕاكێشی بەرزی لێكچوونن، دەشێت لە هەلومەرجی هاوشێوەدا بێتەدی، واتە بەبێ كاریگەریی ڕاستەوخۆی دەق لەوی دی، بەڵكو تەنیا هەلومەرجەكان لێكدەچن(هاڵبێرگ: 2010، 162). زۆرجار لێكچوونی زروفی دوو وڵات و باری ناهەمواری دوو نەتەوەی ستەمزەدە و باری كۆمەڵایەتی و ئابووری و چینایەتی و سایكۆلۆجی و تەندروستی دوو نووسەر، دەبنە هۆی ئەوەی كە دوو بەرهەمی ئەدەبی بەبێ ئەوەی خاوەنەكانیان ئاگاداری یەكبن، لەیەكبچن، ئەم لەیەكچوونە بۆ ئاگاداربوون و سوودبینین ناچێتەوە، بەڵكو بۆ ڕێكەوت و ڕەنگدانەوەی بارێكی وەكو یەك دەچێتەوە(گەردی”د”: 1978، 129). كەواتە مەرج نییە ڕایەڵەیەك بۆ دروستبوونی كاریگەری هەبووبێت، بەڵكو دەشێت موعاناتێكی مرۆڤانەی هاوبەش یان هەلومەرجێكی هاوشێوەیی لەنێو نووسەراندا لە ئارادا بووبێت، دواجار بووبێتە هۆی وروژاندنی هەستێكی هاوشێوە و بەرهەمهێنانی وێنەیەكی هاوبەش لە خەیاڵێكی هاوخەم و هاوموعانات. بۆیە هەندێك لە نووسەران لەناو جیهانی داهێنانی ئەدەبیدا وێنەی هاوشێوەییان لێ دەبینرێت، ئەم لێكچوون و هاوشێوەییە سنووری جوگرافی ناناسێت و پەیوەستە بە زیندەگی مرۆڤەكان و چۆنێتی كاردانەوە و مامەڵەكردنیان لەگەڵ دەوروبەر و سروشت و كۆمەڵ.
“یۆنگ” (Jung) بە سوودوەرگرتن لە “فرۆید” جگە لە گرنگیدان بە نەستی تاك و جەختكردنەوە لەسەر لایەنی نائاگایی، بەتوندی تاكی پەیوەستدەكرد بە لایەنەكانی كۆمەڵ و مێژووی مرۆڤایەتی، چونكە ((“یۆنگ” لە تیۆرەكەی خۆیدا دەروون بۆ سێ بەش دابەشدەكات، یەكەمیان “من” كە لەگەڵ نائاگاییدا پێناسەی دەكات، دووەمیان نائاگایی شەخسییە كە هەموو ئەو یادەوەری و هەست و سۆزە چەپێنراوانە دەگرێتەخۆی كە لە ژیاندا ئەزموونیان دەكات، سێیەمیان نائاگایی دەستەجەمعییە كە بە میراتی دەروونی ناوزەند دەكرێت))(یۆنگ: 2005، 14). كەواتە “یۆنگ” بە دامەزرێنەری چەمكی نائاگایی كۆ دادەنرێت، كە چەمكێكی ڕووبەر فراوان و كاریگەرە، كۆگایەكی پڕ لە هەڵگیراوە، پڕیەتی لە شتە جۆربەجۆرەكانی پێشین و ((بریتییە لەو نائاگاییەی كە ڕابردووی تاك و كۆمەڵانی خەڵك دەگرێتەوە، لەڕووی ڕەگەز و نەژاد و بنچینەوە بگرە تا دەگاتە كولتووری هاوبەش و سەردەمی پێش مرۆڤایەتی. ناوەڕۆكی ئەم نائاگاییە گەلەكییە لە ڕێگای بۆماوەیی سەمبۆل و پێكهاتووەكانی لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە دەگوازێتەوە. نائاگایی هەر تاكێك لە هەر كۆمەڵێك دەیگری نموونەیەكی بچووكی نائاگایی و ڕابردووی ئەو كۆمەڵەیە))(عومەر: 2006، 113). بۆیە بەپێی بۆچوونی “یۆنگ” پرۆسەی داهێنان بە هەموو جۆرەكانییەوە بە “نائاگایی كۆ”ەوە پەیوەستە، ئەم نائاگاییە سەرچاوەی داهێنانی هەموو بەرهەمێكی ئەدەبی و كارێكی هونەرییە، واتە هەر بەرهەمێك كە لە لایەن ئەدیب و هونەرمەند و شاعیرانەوە پێشكەش دەكرێت سەرچاوەی داهێنانەكەی بۆ “نائاگایی كۆ” دەگەڕێتەوە(ئیسماعیل: 2011، 96).
كەواتە داهێنان لای “یۆنگ” ((ئەو پرۆسە دەروونییەیە كە هونەرمەند و ئەدیبان هەندێك لە بینراو و بەسەرهات و ڕووداو و كارەساتە سەرسوڕهێنەرەكانی نەستی كە دەیانبینن لە ڕێگەی میكانیزمی خستنەسەرەوە بۆ بابەت و داهێنانی هونەریی و ئەدەبی دەیانگۆڕن… هونەرمەند و ئەدیبان خاوەنی جۆری كەسایەتی تایبەتی خۆیانن، ئەویش جۆری “ئیلهام” و “حدس”ە، كە لای كەسانی تر نییە، تەنیا هونەرمەند و ئەدیبان دەتوانن لە كاتی بەئاگاییدا بۆ قووڵایی “كۆنەست” شۆڕببنەوە))(قەرەچەتانی”د”: 1999، 41). بە شۆڕبوونەوەشیان بگەڕێنەوە بۆ ژمارەیەكی بێ پایان لە مەعریفەی نیشتوویان، كە لە ڕابردوودا بە دەستیان هێناوە و لە نائاگایی كۆدا هەڵگیراون، جارێكیتر لە دۆخی ئاگاییدا دەگەڕێنەوە سەری و دەیكەنە بەرهەمێكی داهێنراو، چونكە هەموو دەقێك جۆرێكە لە گوزارشتكردن لە نائاگایی كۆ. كەواتە ئەگەر هەموو مرۆڤەكان لە میراتییەكی نەستی بۆماوەییدا هاوبەشبن، كە درێژكراوەی ئەفسانە و قۆناغی منداڵی مرۆڤە، دەبێت لامان ئاسایی بێت كە لێكچوونی میراتییەكی نەستی لە دوو مرۆڤدا یان دوو نووسەردا ببینینەوە، دواجار ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی دوو جیهانبینی هاوبەش و لێكچوون و نزیكایەتییەكی بێ پەیوەندی.
“هیپۆلیت تێن” “Hippolyte Tain 1828- 1893” گەورە فەیلەسوف و بیرمەندی فەڕەنسی سەدەی نۆزدەیەم، باوەڕی بە كاریگەریی بێ ئەملاولای ژینگە هەبوو لەسەر ئەدەب، لەپێشەكی كتێبی “مێژووی ئەدەبی ئینگلیزی”دا تیۆرییەكەی خۆی لە پەیوەنديی لەگەڵ كاریگەريی وەرگرتنی ئەدەب لە هۆكارەكانی ڕەگەز، كات، ژینگە، ئاشكرا دەكات. بەڵام تیۆرییەكەی لەبارەی ڕەگەزەوە ئەوەیە كە هەر ڕەگەزێك تایبەتمەندیی تایبەت بەخۆی هەیە، كە لە تاكە جیاوازەكانیدا دەبینرێن. بۆیە ئەدەبی هەر نەتەوەیەكیش، تایبەتمەندی تایبەتیی ئەو نەتەوەیەی هەیە(کەفائی: 2011، 48). لەبەرامبەریشدا “سانت بیڤ”ی (مامۆستای تێن) پێی وایە نابێت بە شێوەیەكی ڕەها مامەڵە لەگەڵ تیۆرییەكەی (تێن) لەبارەی ڕەگەز و كات و ژینگەدا بكرێت، چونكە ڕاڤەكەی (تێن) ناتوانێت دەستی بگات بە كەشفكردنی ئەوەی لە سروشتی نووسەردا زاتی (ناوەكی)وە جەوهەرییە، چونكە لێرەدا دەروونێكی دیاریكراو یان حاڵەتێكی زەینی دیاریكراو بووەتە هۆی بەدیهاتنی ئەو بەرهەمە هونەرییە، چونكە هەمیشە خاڵێكی كۆتایی و قەڵایەكی كۆتایی هەیە كە ناكرێتەوە. نووسەر بوونەوەرێكی سادە نییە، ئەو تەنیا هاوێنەیەكی سادە بۆ كۆكردنەوەیەكی ڕوناكی نییە لە خاڵێكی دیاریكراودا، بەڵكو تایبەتمەنديی تایبەتيی خۆی و جەوهەری ناوكی تایبەت بە خۆشی هەیە(کەفائی: 2011، 54). كەواتە لێكچوونی بێئاگا بارێكی لێكچووی مێشكییە، یان پرۆسەیەكی هاوبیری مێشكییە، بەهیچ شێوەیەك ئاگایی نییە و بەتەواوی جیاوازە لە ئاگایی(J.A. Cuddon: 1385, 964). بۆ نموونە نووسەری ڕۆمانی “مایۆریسكۆ” لە ڕۆژمێرەكەیدا ساڵی 1858 ئاوا باسی خۆی و “گۆتە”ی شاعیری ئەڵمانی دەكات: ((لەمێژووی گەشەسەندنی گیانی ئەودا، هەندێك سیمای وا هەن، كە بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر وەك ئەوانەی من وان.. زیاد لەمەش لەوە دەچێت كە لە ڕۆحی منیشدا نەشونمایان كردبێت))(دیما: 2011، 141).
لەڕاستیدا ئەم جۆرە لێكچوونە ئەگەر لە قۆناغەكانی پێشتردا تا ڕادەیەك قبووڵكراو بووبێت، ئەوە دەتوانین بڵێین بەهۆی ئەو پێشكەوتنانەی سەردەمی نوێ و دونیای پیشەسازی و تەكنەلۆژیا كە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەخۆیەوە بینی، هەر لە پەیدابوونی كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و هۆكارەكانی پەیوەندیكردن و كارئاسانی هاتوچۆ و بڵاوكراوەكان، ڕێژەی ئەم جۆرە لێكچوونەی تا ڕادەیەكی زۆر دابەزاند. كاتێك كە ژیانی مرۆڤ و داهێنراوەكانی گەشەدەكەن و هاوڕێ لەگەڵ ئەم داهێنان و گەشەكردنانە، حەز بۆ زێدەخوازی پەرەدەسێنێت و بەرئەنجامی ئەمەش داگیركاری و دروستبوونی پەیوەنديی لەنێوان هەست و سۆز و بۆچوونەكان بێت، ئیدی باسكردن لە مرۆڤی تەنیا و هەستی پوخت، ئەو ڕەهاییەی جارانی نامێنێت و لێرەوە هەستی هەریەكە دەتوانێت بریتیبێت لە هەستی كەسێكی تر كە بەئاگاییەوە لاسایی دەكرێتەوە، چونكە وەك “ئەرستۆ” دەڵێت: ((مرۆڤ حەزێكی زۆری بۆ لاسایكردنەوە هەیە، بەتایبەتی ئەو لاسایكردنەوەیە كە هاوڕێ بێت لەگەڵ وەرگرتنی چێژێكی تایبەت))(عەبدولغەفور”د”: 2012, 78-79).
بە بڕوای ئێمە هۆكاری بەشێك لەو لێكچوونە بێئاگاییە هاوبەشانە كە لەنێوان دوو نووسەر یان زیاتردا كە لە دوو كات و شوێنی جیاوازدا بوونیان هەیە، بۆ پەیوەندییەكی سەرچاوەیی هاوبەش كە مێژووەكەی بۆ پێش مێژووی هەردوو نووسەرەكە دەگەڕێتەوە. واتە ڕایەڵەیەكی سەرچاوەیی و كاریگەردانەری پێشین لەسەر هەردووكیان بوونی هەیە و بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی وێنە و دەربڕینی لێكچوو و هاوبەش، ئیتر با ئەو دوو نووسەرەش هیچ پەیوەندییەكیان لەنێواندا نەبێت. بۆ نموونە لەنێوان هەردوو شاعیری ناوداری کورد “مەلای جزیری” (1570- 1640) و “مەولەوی” (1806- 1882)، کە سەر بە دوو کات و زاری جیاوازی زمانی کوردین، وەک زانراویشە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەنێوانیاندا بوونی نەبووە، بەڵام بەهۆی سەرچاوە و پاشخانی مەعریفی و کولتووری ئایینی ئیسلامەوە گەلێک وێنەی لێکچوو و دەربڕاوی ئەدەبی هاوبەش لەنێوانیاندا بەدی دەکرێت، هەر بۆ نموونە:
مەلای جزیری دەڵێت:
عیدە و حەبیبێ نەزرەلێ، یان دێ ب قوربان بێ مەلێ
یا ڕەب ببینم ڕۆژ هەڵێ، سکین د دەست قەساب دا
واتە: ئەوا جەژنە و خۆشەویستەکەم بڕیاری داوە نەزرێ بکات، مەلای هەڵبژاردووە بیکاتە قوربانی. خوایە ڕۆژ هەڵبێت و چەقۆ لە دەستی قەسابدا ببینم.
مەولەویيش دەڵێت:
مەرد پەی “ئۆسادەی” بێ درێغەکەت
“بسم اللە”، “تکبیر” دەس بە تیغەکەت
پەی قوربان کەردەی ناڵە نەی ڕەنگ بەی
چێش مبۆ ئەو بەی؟ وەی پەی من ئەرنەی
واتە: مردم بۆ ئەوە کە بفەرمووی بە قەساب (دەس بە تیغ) خۆی ئامادە بکات و کێردەکەی بگرێت بەدەستییەوە و دەست بکات بە “بسم اللە” و “اللە اکبر” کردن بۆ سەربڕینم. چی ئەبێت ئەگەر بێتو منێک کە ناڵەم لە ناڵەی نەی دەچێت و ڕەنگم وەک بەی وایە، بمکەی بە قوربانی؟ هاوار بۆ من ئەگەر نەیەیت. (بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: ساڵح: 2008, 15).
ئـــەنـجــــــام
1-وەک چۆن لە ژیانی ڕۆژانەدا مرۆڤێک نادۆزینەوە کاریگەریی مرۆڤەکانی تری لەسەر نەبێت، ئاواش لە ژیانی زمانیدا زمانێک لە جیهاندا نادۆزینەوە لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی تەمەنی زمانیدا کاریگەریی زمانەکانی تری لەسەر نەبووبێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاوێزان و تێکەڵاویی و بەریەککەوتنی لەگەڵ زمانێکی دیکەدا نەبێت.
2-ئەگەر بۆ زمانەکانی تر لەکی و کەموکورتی نەبێت کە بەر زمانێکی تر دەکەون و سوود لە زمانێکی تر وەردەگرن و فەرهەنگی خۆیانیان پێ دەوڵەمدن دەکەن، ئەوا بۆ زمانی کوردیش نەک هەر لەکی و کەموکورتی نییە، بەڵکو نیشانەی زیندوێتی زمانی کوردی و خۆگونجاندنییەتی لەگەڵ دونیای نوێ و وشە و داهێنانە نوێکانی سەردەم، بەڵام زۆرجار چ لە لایەن توێژەرانەوە، چ لە لایەن قسەپێکەرانییەوە بێ ئاگا لە ئەزموونی ژیانکردنی زمانی نەتەوەکانی تر، زمانی زۆرێک لە نەتەوەکان، ئەم تێکەڵاوی و ئاوێزانەی زمانی کوردی بە زمانەکانی تر وەک نیشانەی کەموکورتی و عەیبەی زمانی لێیان ڕوانیوە، کە دیدێکی هەڵەیە و پێویستە لە هەڵسەنگاندنەکانیان لە چوارچێوەی تێگەیشتنی زمانە جیهانییەکاندا بێت، کە ئەگەر لە هیچ زمانێک داوا نەکرێت کە پاڵفت و پاراو و هەر خۆی بێت، ئیتر بۆ دەبێت ئەو داوایە لە زمانی کوردی بکرێت؟! لە کاتێکدا هیچ زمانێکی تر ناتوانێت ئەم داوایە بهێنێتە دی، ئیتر چۆن زمانی کوردی بتوانێت بیهینێتە دی؟!
3-دەقئاوێزان وەک میتۆدێکی ڕەخنەی نوێ، کار لەسەر چوونە ناویەکی نێودەقی و بەرکەوتنی دەقەکان دەکات، کە دەکرێت دەقێک لە کۆمەڵە دەقێکی ترەوە سەرچاوەی گرتبێت، هەروەک چۆن دەکرێت زمانێک لە خێزانە زمانێکەوە سەرچاوەی گرتبێت، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە ئاوێزانی نێودەقی هێندەی بۆ پێکهاتەی دەق و ئەم تایبەتمەندییەی زمان دەگەڕێتەوە، نیو هێندە بۆ پاشخانی پاشخانی مەعریفی نووسەر و بەرکەوتنی نووسەر بە دەقەکانی تر ناگەڕێتەوە، لێرەشەوە دەقئاوێزان مۆرکێکی وێکچوونی زمانی وەردەگرێت، کە هێندەی ڕووی لە زمانی دەقە هێندە ڕووی لە ئایدیای نووسەر نییە.
4-وێژە کارکردنێکی هونەریی زمانی وێژەوانە، لەم ڕوانگەیەوە درێژکراوەی تایبەتمەندیی “زمان” ی هەیە، کە مادام خودی زمان بەر زمانەکانی تر دەکەوێت و تێکڕژانی زمانی دروست دەکەن، زمانیش ڕەگەزێکی گرنگی وێژەیە، بۆیە ئەم خاسییەتەی خۆی بۆ ناو وێژە درێژ دەکاتەوە، بۆیە وێژەش دیاردەی تێکڕژان و بەریەککەوتنی بە وێژەکانی تر دەبێت و کەمتازۆر وێکچوون و ئاوێزانبوونی هاوبەش دروست دەبێت.
5-ئەگەر لێکچوون و هاوبەشی هەندێک وشە و زاراوە لەنێوان هەندێک لە زمانەکان بۆ هاوبەشی مێژووی و هاوخێزانە زمانی بگەڕێتەوە، ئەوا بەشێک لە لێکچوون و دیاردە و وێنە و بیرە وێژەییەکانیش بۆ هاوبەشی موعاناتی ئەدیبان و لێکنزیکی شوێنی ژینگە و کەشوهەوای هاوبەشی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینییان دەگەڕێتەوە، ئیتر با ئەو ئەدیبانەش بەریەک نەکەوتبێتن، بەڵام مادام سەرچاوەی کاریگەرییان و وەک یەکە مۆتیڤ و وێنە و هەندێک دیاردەی تریان وەک یەک دەبێت.
لـیســتی ســــەرچـــــاوەکـان
کـتـێـب:
بە زمانی کوردی:
-ئەوڕەحمانی حاجی مارف”1975″، وشەی زمانی کوردی، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد، بەغداد.
-ئەوڕەحمانی حاجی مارف”1979″، مۆرفۆلۆژی- ناو-، لە بڵاوکراوەکانی کۆڕی زانیاری کۆڕی کورد، بەغداد.
-ئازاد ئەحمەد مەحموود(د)”2009″، بونیاتی زمان لە شیعری هاوچەرخی كوردیدا 1985- 2005، لێكۆڵینەوەێكی تیۆری پراكتیكی شوازگەراییە، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر.
-ئالیكساندەر دیما”2011″، پرینسیپەكانی ئەدەبناسی بەراورد، و: ئەنوەر قادر محەمەد، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی كەمال، سلێمانی.
-بەختیار عەلی”2005″، خوێنەری كوشندە، كۆمەڵە وتار، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی.
-پیتەر هاڵبێرگ و دانەرانی تر”2010″، تیۆری ئەدەبی و شێوازناسی، ئامادەكردن و وەرگێڕانی: ئەنوەر قادر محەمەد، مەڵبەندی كوردۆلۆجی، سلێمانی.
-جەمال نەبەز”2008″، وەرگێڕان هونەرە، چاپی چوارەم، لە بڵاوكراوەكانی كوردستان (دەزگای ڕاگەیاندن)
-حەكیم مەلا ساڵح”2008″، مەولەوی و تەقینەوەی زمان، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، هەولێر.
-دڵشاد عەلی”1981″، دیلان، شاعیر و ئازادیخواز، چاپخانەی كۆڕی زانیاری عێراق (دەستەی نووسەران)، بەغداد.
-رۆلان بارت”2007″، چێژی دەق، و: ئیسماعیل زارعی، دەزگای وەرگێڕان، چاپخانەی منارە، هەولێر.
-ڕاجێر وێبستێر”2006″، توێژینەوەی تیۆری ئەدەبی (پێناسەیەكی پوخت)، و: عەبدولخالق یەعقووبی، دەزگای توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی موكریانی، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر.
-زاهیر ڕۆژ بەیانی”2008″، چیرۆكی هونەریی كوردی، شێوە و شێواز و بونیاد، دەزگای توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی موكریانی، چاپخانەی خانی (دهۆك).
-شنۆ محەمەد مەحمود(د)”2012″، دەق ئاوێزان لە شیعری نوێی كوردیدا، بەنموونەی پیرەمێرد، گۆران، لەتیف هەڵمەت، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی بینایی، سلێمانی.
-عەبدولخالق یەعقوبی”2009″، دیالۆگ و داهێنان(كۆمەڵە وتوێژ)، دەزگای توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی موكریانی،چاپخانەی خانی، دهۆك.
-عەزیز گەردی”1978″، ئەدەبی بەراوردكاری، لە چاپكراوەكانی كۆڕی زانیاری كورد، چاپخانەی كۆڕی زانیاری كورد، بەغدا.
-فازیل نیزامەدین”2007″، فەرهەنگی “شیرین” ی نوێ، عەرەبی- كوردی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەكەم، سلێمانی.
-كارل گۆستاڤ یۆنگ”2005″، مرۆڤ و هێماكانی، و. ئاوات ئەحمەد، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سڵیمانی.
-لوقمان رەئوف”2011″، ئەدەب و ڕەخنەی نوێ، سەرەتایەك بۆ ڕەخنەی ئەكادیمی، چاپخانەی بینایی، سلێمانی.
-مەریوان وریا قانع”2004″، بەختەوەری و بێدەنگی، دەربارەی كێشە ئێستاییەكانی كۆمەڵگای كوردی، چاپ و ئۆفسێتی دەزگای سەردەم، سلێمانی.
-محەمەد عەبدولسەلام كەفائی”2011″، ئەدەبی بەراوردكاری، و: هەژار ڕەحیمی، دەزگای توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی موكریانی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر.
-محەمەدی مەحوی” 2010 “، وەرگێڕان و میتۆد – فەرهەنگ و پێڕەوی زمان وەك بنەمای وەرگێڕان ، بەرگی یەكەم، چاپخانەی گەنج، بەرێوەبرایەتی خانەی وەرگێڕان، سلێمانی
-نەجم خالید ئەڵوەنی(د)”2012″، جۆرەكانی دەقئاوێزان لە ڕۆمانی (پێنجەمین كتێب) ی جەبار جەمال غەریب- دا، لێكۆڵینەوەیەكی (تیۆری پراكتیكی) یە، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی كەمال، سلێمانی.
-هۆراس”1979″، هونەری شیعر، و: حمید عزیز، چاپخانەی (الزمان)، بەغدا.
بە زمانی عەرەبی:
-ابن منظور”2000″، لسان العرب، حرف (ا)، باب (الاثر)، دار صادر للطباعة والنشر، المجلد الاول، بیروت.
-شكری عزیز ماضي(د)”1997″، فی اشكالیات النقد العربي الجدید، ط1، المٶسسة للدراسات والنشر، بیروت.
-ماریوس فرانسوا غویار”1978″، الادب المقارن، ت: هنري زغیب، الطبعة البولسیة، لبنان.
-محمد سالم سعداللة(د)”2007″، مملكة النص، التحلیل السیمیائی للنقد البلاغي، جرجانی نموزجا، جدارا الكتاب العالمي للنشر، عمان.
بە زمانی ئینگلیزی:
– Dr. Ernest Klein”1966″, Acomprehen sive, Etymological Dictionary Of The English Language, Elsevier Publishing Company, Amsterdam.
– J.A.Cuddon (revised by C. E. Preston”1385″), The Penguin Dictionary of Literary Terms and Literary Theory,
انتشارات رهنما، چاپخانە: حافظ، تهران،
نامە ئەکادیمییەکان:
-ئاوارە فەرەیدون قادر”2011″، دەقئاوێزان لە شیعرەكانی “ئەنوەر قادر محەمەد”دا، نامەی مستەر، زانكۆی سلێمانی، فاكەڵتی زانستە مرۆڤایەتییەكان، سكوڵی زمان.
-ڕێبوار محەمەد ئیسماعیل”2011″، داهێنانی شیعری (نالی) لە ڕوانگەی ڕەخنەی دەروونشیكارییەوە، نامەی ماستەر، زانكۆی سەلاحەدین، كۆلێژی پەروەردە (بەشە مرۆڤایەتییەكان)، هەولێر.
-سۆزان سەعدوڵڵا عەبدولغەنی”2019″، وەرگرتن و بەکارهێنانی زاراوە لە ئاخاوتن و نووسیندا، نامەی دکتۆرا، زنکۆی سلێمانی، کۆلێژی زمان، بەشی زمانی کوردی، سلێمانی.
-هەژار ئەحمەد عەبدولغەفوور”2012″، ڕوانینێكی ڕەخنەیی لەسەر نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی كوردی، نامەی دكتۆرا، زانكۆی سلێمانی، فاكەڵتی زانستە مرۆڤایەتییەكان، سكوڵی زمان.
بڵاوکراوەکان:
-ئەنوەر قادر محەمەد(د)”2006″، دەقئاوێزانی مەولانای ڕۆمی (1207- 1273) و مەولەوی تاوگۆزی (1806- 1882)، گۆڤاری زانكۆی سلێمانی، ژ: 18.
-كەریم شەریف قەرەچەتانی”1999″، تیۆرەكانی داهێنان، گۆڤاری ڕامان، ژ: 42.
-عبدالقادر محمدامین”2001″، دەق ئاوێزی لە شیعری کوردییدا، گۆڤاری زانکۆی سلێمانی، ژ: “8”.
-موحسین ئەحمەد عومەر”2006″، ئەدەب و سایكۆلۆژی، گۆڤاری ڕامان، ژ: 109.