ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە ١٢/٨/٢٠٢٤ لە باخچەی رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت CDO لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەڕێز د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بەڕێز پ. د. ئومێد رفیق فتاح سەرۆکی زانکۆی جیهان_ سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانکۆ، رۆشنبیران و پسپۆڕانی بواری زمانەوانی، ڕێوڕەسمی ناساندن و هەڵسەنگاندنی گۆڤاری زمانەوانی بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێز پ.د. ئومێد رفیق فتاح سەرۆکی زانکۆی جیهان_ سلێمانی، وتەیەکی پێشکەش کرد و جگە لە باسکردن لە بیرۆکە و چۆنیەتی دەستپێکردنی پرۆژەی گۆڤاری زمانەوانی، ئاماژەی بە ئامانجەکانی دەرچواندنی گۆڤاری زمانەوانی کرد و رایگەیاند: دەزگای زمانەوانی زانکۆی جیهان بە شانازییەوە سپۆنسەری سەرەکی ئەم گۆڤارەیە و گۆڤارەکە لە ئاستێکی بەرزی ئەکادیمی و رۆشنبیریدا بە بێبەرامبەر پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی و ناوەندە ئەکادیمییەکان و خوێنەرانی بوارەکە دەکرێت. لە کۆتایی وتارەکەشیدا؛ سەرۆکی زانکۆی جیهانی_ سلێمانی سوپاسی سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکانی جیهان و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری زمانەوانی و دەستەی نووسەران، راوێژکاران و ستافی گۆڤارەکەی کرد.
دواتر بەڕێز د. موئمین یاسین محمدامین سەرنووسەری گۆڤاری زمانەوانی، لە وتەیەکدا باسی لە شێوازی کارکردن لە گۆڤاری زمانەوانی کرد و رایگەیاند: لە ئێستادا گەشبینییەکی زۆر بەرامبەر بە زمانی کوردی لە ئارادایە و هەوڵی دەزگای زمانەوانی زانکۆی جیهان و ستافی گۆڤاری زمانەوانی، بەو ئاڕاستەیەیە کە ئەو گەشیبینی و دڵسۆزییەی بۆ زمانی کوردی هەیە بخەینە چوارچێوەیەکی ئەکادیمییەوە. وتیشی: ئامانجمانە لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆژەی سیاسەتی زمانیی بۆ هەرێمی کوردستان بنووسینەوە و پێشکەشی حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بکەین.
لە بەشێکی تری رێوڕەسمەکەدا پ.د.شیلان عومەر مامۆستای زانکۆی سلێمانی، هەڵسەنگاندنی بۆ چوار ژمارەی گۆڤاری زمانەوانی کرد، کە لەساڵی یەکەمدا بڵاوکراونەتەوە و سوپاسی سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکەی کرد، کە سەرکەوتووانە چوار تەوەری گرنگیان رووماڵ کردووە، کە بریتین لە: «زمان و زیرەکی دەستکرد، کاریگەری میدیا لەسەر زمانی کوردی، دۆخی زمانی ئینگلیزی لە هەرێمی کوردستان و پێویستی زمانی یەکگرتوو». هەروەک پ. د. شیلان عومەر مامۆستای زانکۆی سلێمانی چەند پێشنیارێکی پێشکەش بە ستافی گۆڤارەکە کرد.
لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان سلێمانی رێزلێنانی پێشکەش بە سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و بۆردی راوێژکاران و ستافی گۆڤاری زمانەوانی کرد.
گۆڤاری زمانەوانی، گۆڤاری وەرزی ئەکادیمی و رۆشنبیرییە کە دەزگای زمانەوانی زانکۆی جیهان دەریدەکات و تاکو ئێستا چوار ژمارەی بڵاوکراوەتەوە.