ئەمرۆ دووشەممە ٢٩/٤/٢٠٢٤ بەشی وەرگێڕانی زانکۆی جیهان سلێمانی، پێشانگایەکی زانستی بۆ نمایش و گفتوگۆی پۆستەری خوێندکاران کردەوە.
پێشانگاکە بە ئامادەبوونی هەردوو بەڕێزان پ.د. بەمۆ پەروێز یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی جیهان سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی و پ.ی. د. سادات عەبدوڵا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و ژمارەیەک لە مامۆستایان و ستافی ئەکادیمی زانکۆ کرایەوە، بیست پۆستەری جیاوازی خوێندکارانی بەشی وەرگێڕانی زانکۆی جیهان سلێمانی تێدا نمایش کران.
پێشانگاکە بە سەرپەرشتی هەر یەک لە بەڕێزان «م. ی. تافان کەمال»، «م.ی. لاڤین یوسف» و «م. ی. نەورۆز محمد» کرایەوە کە خوێندکاران گفتوگۆی پۆستەرەکانیان پێشکەش کرد لە بوارەکانی ئەدەب و زمانی ئینگلیزی و هەروەها پرۆسەی وەرگێڕان و زیرەکی دەستکرد.
بەشی وەرگێڕانی زانکۆی جیهان سلێمانی، ساڵی ٢٠١٨ دامەزراوە و لە م بەشەدا خوێندکاران جگەلە فێربوونی زمانی ئینگلیزی، راهێنان لەسەر شێواز و تەکنیکەکانی وەرگێڕانی ئینگلیزی بۆ کوردی/عەرەبی ئەنجام دەدەن، هاوکات پاش بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی چوار ساڵە، دەرچووانی بەشی وەرگێڕانی زانکۆی جیهان سلێمانی دەتوانن وەک (مامۆستای ئینگلیزی، وەرگێڕی یاسایی، رۆژنامەوان و وەرگێڕی راستەوخۆ، شارەزای زمانەوانی، رێکخەر لە کۆمپانیا و رێکخراوەکان) خزمەت بکەن.