
دەزگای زمانەوانی زانکۆی جیهان سلێمانی، ژمارە ٩ی گۆڤاری زمانەوانی بڵاوکردەوە، کە ئەم ژمارەیە تایبەت کراوە بە ئاوڕدانەوە لە رێزمان، رێنوس، مێژوو و ئەدەبیاتی شێوەزاری هەورامیی و بە ڕێنوس و رێزمانی شێوەزارەکە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
لە سەروتاری ئەم ژمارەیەدا کە پ.د. ئومێد رفیق فتاح سەرۆکی زانکۆی جیهان سلێمانی دەینوسێت، هاتووە: «گرنگیدان بەشێوەزارەكانی زمانی كوردی تەنها ئاوەڕدانەوە نیە لە زمان وەكو بنەمایەكی مانەوەی شێوەزارەكە، بەڵكو گرنگیدانە بەزیندووكردنەوەی كلتورو بیرەوەری مێژووی ناوچەیەكی كوردستان، كە زۆر خاڵی هاوبەش كۆی كردونەتەوە، ڕەنگە لە ڕوانگەیەكەوە والێك بدرێتەوە كە نووسین و گرنگیپێدان بەشێوەزارێك لەچەند ڕوویەكەوە مانای زیندووكردنەوەی شێوەزارێكە و زیان بە زمانی ستاندارد دەگەیەنێت.»
لەبەشێکیتری سەروتارەکەدا، سەرۆکی زانکۆی جیهان سلێمانی نوسیویەتی، «ئاراستەی زانستی و بێلایەن ئەوەیە كە گرنگیدان بەشێوەزار جگە لەوەی لەڕووی كلتورییەوە زمانە فەرمییەكە لە ڕووی وشە و زارەوە بەهێز دەوڵەمەند دەكات، لە هەمان كاتدا هەستی پاڵپشتی و ئینتیمای نیشتیمانی زیاتر دەكات. بۆیە لەم ڕوانگە زانستییەوە نووسین و ئاخاوتن و گرنگیدان بەشێوەزار دەكرێت وەكو بنەمایەك بێت بە سیاسەتی فەرهەنگی لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی و فەرمیحكومەتدا. گرنگیدان بە سیاسەتی فەرهەنگی لە هەردەوڵەتێك دەتوانێت ڕۆحی نیشتیمانی و تایبەتمەندی جیاوازی قوڵتربكاتەوە. هەروەها لەلایەكی ترەوە، هاندانی زیاتری قەڵەمی ئەو نوسەرانەیە كە دەتوانن بەو شێوەزارانە بنوسن و هەوڵی مانەوە لەسەر پێ وەستانی شێوەزارەكە بدەن. چونكە هەر شێوەزارێك ئەگەر نوسین و كلتورەكە نەنوسرێتەوە. لە یادەوەری دانیشتوانەكەیدا وون دەبێت و نامێنێتەوە.»
لە سەروتاری ئەم ژمارەیەکی گۆڤاری زمانەوانیدا هاتووە؛ لە شێوەزاری هەورامی بەهۆی یەكگرتووی قسەكەرەكان پانتای جوگرافی ناوچەكە ڕەنگە زیاتر لە شێوەزارەكانی تر بەرگری كردبێت و لە سنورە جوگرافییەكەیدا ماوەتەوە، بەڵام ئەم فاكتەرانە بەس نین بۆ زیندوومانەوە و پارێزگاری لەڕەهەندی ئەسترۆپۆلوجی شێوەزارەكە و لایەنی هێمایی شێوەزاری هەورامی، بۆیە لەم ژمارەیەدا گۆڤاری زمانەوانی زانكۆی جیهان-سلێمانی لەڕێگەی كۆمەڵێك نوسەر، لێكۆڵینەوە و نووسینمان لەبارەی گرنگی و كلتوری شێوەزاری هەورامی كرد. بەهیواین لە ڕێگەی ئەم هەوڵەوە، كەلێنێكمان پڕكردبێتەوە لە ئەدەبیات و كلتور و شێوەزاری هەورامی.».
گۆڤاری زمانەوانی، گۆڤارێکی وەرزی ئەکادیمی و رۆشنبیرییە دەزگای زمانەوانی زانکۆی جیهان سلێمانی، دەریدەکات، خاوەنی ئیمتیاز، د. نەوزاد یەحیا باجگر، و سەرنوسەر د. مؤمن یاسین محمدامین، تا ئێستا ٩ ژمارەی لێ دەرچووە و هەر ژمارەیەک تایبەت کراوە بە تەوەرێکی دیاریکراو لە بوارەکانی زمانەوانیی و پێشتریش ژمارەیەکی گۆڤارەکە تەرخانکراوە بۆ مێژوو و ئەدەبیاتی شێوەزاری بادینی و هەر بە شێوەزاری بادینی بڵاوکراوەتەوە. بۆ داونلۆد کردن کلیک لێرە بکە:








