
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (٥/٥/٢٠٢٥) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئومێد رفیق فتاح سەرۆکى زانکۆى جیهان-سلێمانی و، دکتۆرنەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگاکانى جیهان و، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر سادات عبدالله یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر نوری حمە سەعيد ، بەڕێوەبەری دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان-سلێمانی و، سەرۆکی زانکۆکان و پسپۆڕی
زانستى و ئەکادیمیەکان و بەرپرسانى حکومى و ئەکادیمى لە زانکۆى جیهان-هەولێر یەکەمین کۆڕبەندى دەزگاى زەکاتى زانست بەڕێوەچوو.
کۆڕەبەندەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستى پێکرد، پاشان باس لە گرنگی دامەزراندنی دەزگاکە کراو ئایدیا و ئامانجەکانی خرایە روو کە دامەزراوەکانى جیهان زیاتر لە ٦٠٠ کادیرى زانستیمان هەیە، ئەوە کەرەستەیەکى زۆر گرنگە بۆ ئەوەى کارەکانى ئەم دەزگایە بە باشى بەڕێوەبەرین، ڕاستە ئێمە پێشتر هەموومان ئاشناى زەکاتى مالى بوین، بەڵام ئەم دەزگایە بەئامانجى خزمەتکردنى کۆمەڵگەیە لەسەرجەم بوارەکان،
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى ڕاگەیاندنى کۆربەندەکەدا، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان لە وتارێکدا دڵخۆشى خۆى بە ڕاگەیاندنى ئەو دەزگایە ڕاگەیاندن و هیواى خواست دەزگاکە ببێتە سەرەتا و بناغەیەکى گرنگ بۆ دامەزراندنى دەزگاى هاوشێوە لە کوردستان و عێراق و بگرە جیهانیش، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان دواى ناساندن و پێناسەکردنى دامەزراوەکە، باسى لە دیدگە و ئامانج و کارەکانى دامەزراوەکە لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە، بۆ ئەوەش جەختى لەسەر ئەوە کردەوە لە ئەمڕۆوە دامەزراوەکانى پەروەردەیی و ئەکادیمى و زانستیەکانى سەر بە گروپى جیهان دەست بەکارەکانیان دەکەن و، لە بوارى جیاواز وەک خۆبەخش ناوی خۆیان تۆمار دەکەن و خزمەت بە سێکتەرە جیاوازەکانى کۆمەڵگە دەکەن، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر بانگێشتى سەرجەم زانکۆ و دامەزراوەکانى دیکەی کرد بۆ ئەوەى لە چوارچێوەى ئەو دەزگایە کۆببنەوە و بە زانست و مەعریفە و چالاکى جۆراوجۆر خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن، وەک ئەو ئاماژەى بۆ کرد ئەرکى زانکۆ تەنها فێرکردنى فێرخواز نیە، بەڵکو پێویستە هەوڵ بدات هاوکارى چین و توێژە جیاوازەکانى کۆمەڵگە بکات بۆ ئەوەى پەرە بە تواناکانیان بدەن و کار و پیشەى جیاواز بدۆزنەوە و، دەستگیرۆیی ئەو کەسانە بکەن کە پێویستیان بە کۆمەک و هاوکارى و پاڵپشتیکردن هەیە.
هەر لەو مەراسیمى ڕاگەیاندنى دەزگاى زەکاتى زانستدا، دکتۆر بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پێشوى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دواى دەستخۆشیی و پیرۆزبایکردن لە دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان و ستافى زانکۆى جیهان، جەختى لە گرنگى ئەم دەزگایە بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە کردەوە، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند وەک چۆن زەکات دەرکردن لە سامان ئەرکێکى ئاینیە بەهەمان شێوە لە بوارى زانستیش بەخشینى زانست ئەرکێکى ئاینیە، بۆ ئەوەش بەڵگەى بە چەندین ئایەت و فەرموودەى پیرۆز هێنایەوە، لە کۆتایی قسەکانیشیدا هیواى سەرکەوتنى بۆ کار و ئامانجەکانى دەزگاکە خواست.
لە بەشى کۆتایی مەراسیمەکەدا، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان قەڵغانی دامەزراوەى جیهانى پێشکەش بەسەرۆکى زانکۆ و ڕاگرى پەیمانگە و بەڕێوەبەرى قوتابخانەکانى سەر بە دامەزراوەکانی جیهان کرد.