ڕۆژی یەکشەممە 21-2-2021 لەهۆڵی سیمینارەکانی زانکۆ ۆرکشوپێک ئەنجامدرا بە ناونیشانی ” خوێندنەوەیەکی یاسایی و ئابوری و سیاسی بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ئیتحادی ساڵی دارایی 2021″ کەدابەشکرا بوو بۆ سێ تەوەر بەمجۆرە:
تەوەری یەکەم : خوێندنەوەیەکی سیاسی بۆ پرۆژەی بودجە کرا لەلایەن بەڕێز ” پ.ی.د.ئومێد رەفیق فتاح” ەوە. تێیدا جەختی لەسەر دیوە سیاسیەکەی بودجەی گشتی وڵات کرد لەڕووی ڕۆڵی سیاسەت لەسەر دانانی بودجە و جێبەجێکردنی ، بەتایبەت دانانی بودجە لەسیستهمە سیاسیە جیاوازەکان دەرفەت و ئاستەنگەکانی، لەگەڵ تیشکخستنەسەری پرۆسەی دانانی بودجە لەعێراقدا لەڕووی کاریگەریە سیاسەکانی سەر پرۆسەکە و لێکەوتە سیاسیەکانی خودی بودجە لەکاتی جێبەجێکردنیدا.
تەوەری دووەم : خوێندنەوەیەکی ئابوری بۆ پرۆژەی بودجە کرا لەلایەن بەڕێز” پ.د.حاتم هاتف عبد” ەوە. تێیدا پێشکەشکار تیشکی خستەسەر لایەنی ئابوری پرۆژەکە بەتایبەت ژمارەکان (داهات و خەرجیەکان) لەڕووی ڕاست و دروستی ئەو ژمارانە و کاریگەرییان لەسەر جێبەجێکردنی پلان و ئامانجەکانی پرۆژەکە. و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کرد بۆ تەرخانکردنی گوژمەی زۆر و قەبە بۆ خەرجیە بەکاربردنەکان و کەمتر بۆ خەرجیە وەبەرهێنەکان، و تەرخانکردنی گوژمە بۆ چەند بوارێکی ناپێویست..
تەوەری سێیەم: خوێندنەوەی یاسایی بۆ پرۆژەی بودجە کرا لەلایەن بەڕێز” پ.ی.د.ئیسماعیل نەجمەدین نامق” ەوە. تێیدا پێشکەشکار تیشکی خستەسەر دیوە یاساییەکانی پرۆژەکە لەڕووی داڕشتنی یاساییەوە و ماوەکانی پێشکەشکردن و ئامادەکردنی پرۆژەکە، ئەو دەقانەی ماف و ئەرکە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا جێکراوەتەوە ، هەروەها جێکردنەوەی دەقی یاسایی ناپەیوەندار بەبابەتی سەرەکی یاسای بودجە لەنمونەی سەپاندنی باج و ڕسوماتی نوێ و ڕێگریکردن لەدامەزراندن. و دواتر جەختی لەسەر دوخاڵی سەرەکی کردەوە ئەوانیش لایەنی تایبەتمەند بەدیاریکردنی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار . و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لەئەنجامدانی گۆڕانکاری لەسەر پرۆژەکە. و لەکۆتاییدا هەڵسەنگاندنی کرد بۆ ڕۆڵی یاساکانی بودجە لەچارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی ئیتحادی و هەرێمی کوردستان.