سەرۆکی زانکۆی جیهان-سلێمانی (پ.ی.د.ئومێد رفیق فتاح) بەشداری لە کۆنفرانسی زانستی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین بە ستانداری ئەوروپی لەشاری (بۆخومی ئەڵمانیا) دەکات.
لە کۆنفرانسەکەدا، کە لهلایهن رێکخراوی نێودەوڵەتی هیومان رێستارت بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی باکوری راین (دۆسلدۆرف ) بەڕێوەدەچێ، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (٧/٥/٢٠٢٢) بەبەشدارى نوێنەری (١٨) وڵات کۆنفرانسەکە دەستی بەکارەکانی کرد، ئامانج لە بەستنی کۆنفرانسەکەش گفتوگۆکردن و چۆنیەتی سود وەرگرتن لە پێوهره نوێیهكانی ئهوروپا لهبارهی كوالێتی و دڵنیایی جۆری دەبێ، لەهەمان کاتدا بهکواڵیتى خوێندن له ئهوروپا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست و باکوری ئەفریقا دەکرێت.
لەو بوارەدا، لە بەشێکی کۆنفرانسەکەدا باس لە کواڵیتی خوێندن و هەڵسەنگاندنی توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکانی کوردستان کرا، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەوردی تیشکی خستەسەر بوارەکە و ڕونکردنەوەی پێویستی لەبارەی کواڵیتی خوێندن لە زانکۆکان و پێوەر و ستاندارە نێودەوڵەتییەکان دا.
شاندی زانکۆکانی جیهان پێکهاتوون لە(پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد دەلۆ) سەرۆکی زانکۆی جیھان ھەولێر و سەرۆکی شاندی زانکۆکانی جیھان (پڕۆفیسۆری یاریدەدەردکتۆر ئومێد ڕەفیق فەتاح) سەرۆکی زانکۆی جیهان-سلێمانی و، (پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر زێرڤان عبدالمحسن ئەسعەد) سەرۆکی زانکۆی جیهان-دهۆک و، (دکتۆر دلێر حسین قادر) بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، هەربۆیە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، بەشداریەکی کارایان لە کۆنفرانسەکەدا کردوە وچەندین دیدار و کۆبونەوەی زانستیان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە جیاکان ئەنجامداوە بەمەبەستی دروستکردنی پردی پەیوەندی زانستی و سود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو زانکۆیانە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری ئاستی زانستی و دڵنیایی جۆری لە زانکۆکانی جیهان.
هەر لەو کۆنفرانسەدا، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، شاندێکی وەزارەتەکانی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پهروهرده بەشدارن، لەسەر ئاستی عێراقیش شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بەشدارن، لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا چەند بابەتێک لە بارەی (كوالیتی پهروهرده و خوێندنی باڵا لهسهر ئاستی جیهان) پێشکەش کرا.
وا بڕیارە لە ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەدا چەند لایەنێکی دیکەی کواڵیتی خوێندن و چۆنیەتی سود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتان لە کۆنفرانسەکەدا بخرێتەڕوو، پاشانیش بەچەند ڕاسپاردەیەکی گرنگ کۆنفرانسەکە کۆتایی بەکارەکانی بهێنێت.