لە ڕێکەوتی (٢٠١٩/١/٩) بە ئامادەبونی بەڕێز د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و، بەڕیز پ.ی.د. ئومێد ڕەفیق فەتاح سەرۆکی زانکۆی جیهان- سلێمانی ،سەرۆکی زانکۆ حکومی و تایبەتیەکان و،بەڕێوبەرە گشتیەکانی دیوانی وەزارەت و،یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆکان لەهۆڵی کؤبونەوەکانی هۆتێل شیڕاتۆن لە شاری هەولێر ۆرکشۆپی ڕیفۆرمی پێداگۆجی بەڕێوەچوو.
سەرەتای ۆرکشۆپەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپیکرد، پاشان د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتارێکی پێشکەشکرد،لە وتارەکەیدا بە گرنگیەوە باسی لە بەستنی ۆرکشۆپەکە کردوو وتی: لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٥)دا دەستمانبە گفتوگۆیەکی زانستی کراوە کرد دەربارەی ڕێگەکانی فێرکردن و وانەوتنەوە لە نێو دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ، ئەوکات ژمارەیەکی بەرچاوی فیدباکی بەژداربوانی خولی ڕێگەکانی وانەوتنەوەمان بەدەست گەیشتبوو،لەهەمان کاتدا داتاو زانیاری وردمان دەربارەی گۆڕانکاری و میثۆدەکانی پێداگۆجی لەسەر ئاستی جیهان لەبەردەستدا بو ،وتیشی خاڵی سەرەکی فیدباکی ناوخۆیی بریتی بو لە(شکستی) سیستمی پێداگۆجی تەقلیدی لە هەرێمی کوردستان لەهەڵکردن لەگەڵ گۆڕانکاریەکان ، کە خۆی لە خەسڵەتێکی پاسیـڤدا دەبینیەوە و، بە درێژایی پێنج دەیەی ڕابردو هیچ گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی بەسەردانەهاتوە، وتیشی مامۆستا (لە جیاتی خوێندکار) هێشتا هەر چەقی پڕۆسەی خوێندن و فێرکردنە، سیستمی خوێندنمان نەیتوانیوە وەک پێویست دونیا بینی نەوەی نوێ فراوان بکات و ژینگەیەکی لەبار بۆ ئازادی بیرکردنەوەو ڕەخنە گرتن وداهێنان و کارسازی و پێکەوەیی بخوڵقێنێت.
لەتەوەرێکی دیکەی وتارەکەیدا : د. یوسف گۆران باسی لە گرنگی پێداگۆجی لە زانکۆکان کرد و ڕایگەیاند : پێداگۆجی مانای هونەری گەیاندن و ئاڵوگۆڕی زانست و کارامەییە لە کۆنتێکستێکی پەروەردەییدا و،هەمو ئەو کارلێکانە دەگەڕێتەوە کەلەپڕۆسەی فێربوندا ئەنجام دەدرێن ، ئەوەشی ڕاگەیاند کە (پێداگۆجی) لەژیر کاریگەری گۆڕانکارییە ڕۆشنبیری و ئابوریەکانی سەدەی بیست و یەک و گەشە کردنی تەکنەلۆجیا و دەرفەت و پێداوەستیەکانی بازاڕی کار گەلێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە، وڵاتی فینلاند لەسەر ئاستی جیهان لە پێشەنگی ڕیفۆرمی (پەروەردەیی و پێداگۆجی )دان، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی: خاڵی بنەڕەتی ڕیفۆرمی پەروەردەیی هەر نمونەیەکی پێشکەوتوی پێداگۆجی بریتیە لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و کارامەیی پێداگۆجی مامۆستایان و پێدانی ئازادی و ئۆتۆنۆمی بە ناوەندە پەروەردەییەکان بۆ ئەوەی خۆیان لەبواری فیرکردندا دەست کراوەبن و هەمیشە دەرفەتی داهێنان و تازەکاری لەبەردەمیاندا ئاوەڵا بێت .
لە بەشێکی دیکەی ئەو ۆرکشۆپەدا چەند تەوەرێکی جیا سەبارەت بە لایەنەکانی پێداگۆجی پێشکەشکرا لەو بارەیەوە لە تەوەری یەکەمدا باس لە ئەزمونی وانە وتنەوە لەزانکۆکانی وڵاتی فینلاند کرا و ،لەتەوەری دوەمدا ،باس لەهەشت مۆدێل و پڕۆگرامی پێشنیازکراو بۆ خولی پێداگۆجی لەزانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرا.