ئەمڕۆ ڕێکەوتى (١٧-٠٢-٢٠٢٠) سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-سلێمانى سەردانى زانکۆى چەرموویان کرد، شاندەکە پێک هاتبوو لە سەرۆکى زانکۆى جیهان-سلێمانى (پ.ی.د. ئومێد ڕەفیق فتاح) و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و (م. هێمن ڕەشید أغا) بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، سەرەتا لەلایەن بەڕێز (پ.د صلاح ڕەزا سعید) سەرۆکى زانکۆى چەرموو و بەڕێزان ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ پێشوازیان لێکرا …
مەبەست لە سەردانەکە ئەنجامدانى کارى هاوبەش بوو لە نێوان هەردوو ئەنجومەنى زانکۆى جیهان-سلێمانى و ئەنجومەنى زانکۆى چەرموو، بابەتى کۆبوونەوەکە پێک هاتبوو لە چەند تەوەرێک لەسەر چۆنیەتى کاراکردنى ئەو یاداشتى لێک تێگەیشتنەى کە لە نێوان هەردوو زانکۆدا هەیە.
ئەنجامدانى چالاکى زانستى هاوبەش یەکێکى دیکە بوو لە تەوەرەى باسەکان، هەروەها لەم کۆبوونەوەیەدا دەست کرا بەئامادەکارییەکانى ئەنجامدانى کۆنفرانسى نێودەڵەتى هاوبەشى لە نێوان هەردوو زانکۆ و زانکۆى سنە، لە بوارى زانستى کۆمپیوتەر و ماتماتیک، بڕیارى پێویست لە بارەیەوە درا.
سەرۆکایەتى زانکۆی جیهان – سلێمانی لە درێژەى سەردانەکەیاندا سەردانی پەیمانگای تەکنیکی چەمچەماڵ یان کرد و
لەلایەن بەڕێز (پ.ی.د. أیوب خسرو نادر) ڕاگری پەیمانگاى تەکنیکى چەمچەماڵ و بەڕێزان یاریدەدەری ڕاگر و سەرۆک بەشەکانی پەیمانگا پێشوازیان لێکرا.
شایەنى باسە لە درێژەى سەردانەکەیاندا سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-سلێمانى و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى زانکۆ سەردانى مۆنۆمێنتى ئەنفالیان کرد و تاجەگوڵینەیان لەسەر گڵکۆى شەهیدانى جینۆسایدى ئەنفالکراوان دانا.