هاوڵاتیانی خۆشەویست
جیهان و ناوچەکە و کوردستان لە بەردەم هەڕەشەیەکی تەندروستی گەورەدایە. ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خێرایەکی ترسناک بڵاوبووەتەوە و زوو یا درەنگ بۆی هەیە بگاتە کوردستانی خۆشەویستیش.
وەکو پزیشکێک و چاودێرێکی تەندروستی خۆم بە پەرپرسیار ئەزانم لەوەی ئێوەی بەڕێز لەم هەڕەشەیە ئاگادار بکەمەوە. لێرەوە پێشنیاری هەفتەیەک بۆ تەندروستی ئەکەم کە لە سبەینێوە دەستپێبکات.
بۆ وەزارەتی تەندروستی، تکایە لەم هەفتەیە چیتر ڕوونکردنەوەی بەنجکەر و بێسوود بڵاومەکەنەوە و بەئەرکی خۆتان هەڵسن لە پاراستنی خەڵکی کوردستان لەم هەڕەشە ترسناکە.
بۆ مامۆستا بەڕێزەکان. تکایە ئاگاتان لە قوتابی و خوێندکارەکانتان بێ. نەخۆشەکانیان بنێرنە ماڵەوە با پشوو بدەن و نەخۆشیەکە نەگوازنەوە. جێڵی تەعقیم لە دەرگای پۆلەکان دانێن و دەستی خۆتان و خوێندەکارەکانی پێپاکبنەکەوە.
بۆ دایک و باوکە میهرەبانەکان. دە ئەوەنەی جاران ئاگاتان لە جگەرگۆشەکانتان بێ. لە باتی زلەیەک کلینکسێکی نەرمیان بدەنێ. لە جیاتی قسەیەکی زبر ئامۆژگاریەکی هێمنیان پێ بڵێن. مناڵەکان ئاگادارکەنەوە کە پژمین یا کۆکین دەستەسڕ بەکاربێنن و دەستیان بشۆن.
بۆ مامۆستایانی ئاینی قەدرگران. تکایە خوتبەی ئەم هەینیە پیرۆزە تەرخان بکەن بۆ بڵاوکردنەوەی ئامۆژگاری تەندروستی بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە مەترسیدارە. ئامۆژگاری موسڵمانان بکەن کە لە پاڵ دەستنویژەکانیان، دەستیان بشۆن. ئامۆژگاری ئەوانە بکەن کە نەخۆشن کە ئەجری بڵاونەکردنەوەی نەخۆشیەکە لە ئیتاعەتی نوێژی جەماعەت زیاترە.
بۆ پزیشک و کارمەندە خۆشەویستەکان. تکایە ئاگاتان لە خۆتان بێ. ئێوە سەرمایەیەکی گەورەن بۆ هەموومان و بێ ئێوە کوردستانەکەمان نەخۆش ئەکەوێ. تکایە دەستکێش و دەمامک بەکاربهێنن. تکایە خەڵک و هاولاتیان هۆشیاربکەنەوە. تکایە سەروی خۆتان ئاگاداربکەنەوە ئەگەر گومانی ڤایرۆسەکەتان لە نەخۆشەکانتان کرد.
بۆ رۆژنامەنووس و میدیاکارە چاونەترس و ئازاکانمان. تکایە ئەم هەفتەیە مانشێتی رۆژنامە و ریپۆرتاژ و بەرنامەکانتان بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و هۆشیاری و ئامۆژگاری بۆ پاراستی گیانی هاونیشتیمانیان لەم مەترسیە تەرخان بکەن.
بۆ چالاکەوانانی مەدەنی و ژنانی ئازادیخواز. تکایە ئەم هەفتەیە دە ئەوەنەی جاران توندتر چاودێری حکومەت و دەسەڵات بکەن و لە هیچ کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنێکی دەزگا فەرمیەکان خۆشمەبن. تکایە ئەم هەفتەیە کەمپینی جۆراوجۆر بکەن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی.
بۆ سیاسی و پەرلەمانتارەکان، تکایە بۆ هەفتەیەکیش بێ ناکۆکیەکانتان وەلاوە نێن. تکایە بچنە ناو خەڵکەوە و لە خەم و ئازارە تەندروستیەکانیان بپرسنەوە.
لە هەموو ئەوانە گرنگتر بۆ نەخۆشە خۆشەویستەکان. تکایە ئاگاتان لە خۆتان بێ. خۆتان پشگوێمەخەن. سەردانی پزیشک بکەن. مەچنە دەرەوە. ماسک بەکاربهێنن. ئاو زۆر بخۆنەوە و نەخۆشیەکە بڵاومەکەنەوە.
با ئەم هەفتەیە بکەینە هەفتەیەک بۆ خۆشەویستی یەکتری. بۆ میهرەبانی بەرامبەر بە یەکتر. بۆ دەستخستنە ناو دەستی یەک بۆ شکستهێنان بەم هەڕەشە تەندروستیە گەورەیە.
بەهیوای تەندروستی بۆ گشت لایەک.
دکتۆر گۆران عبداللە…..
لەبەر ھەستیاری بابەتەکە و بەرپرسیارێتی، زانکۆ سەرۆکایەتی زانکۆ ئەم ھەفتەیە وەکو ھەفتەیەکی ھۆشیاری لەرێگەی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی وسەلامەتی زانکۆوە چەند زنجیرەیەکی ھۆشیاری لەبارەی ئەم ھەرەشە تەندروستیەوە. ئەنجام دەدات